رووداو دیجیتاڵ
هۆزان دینۆ، هونەرمەندی کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کۆنسێرت لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا سازدەکات و بەشی زۆری داهاتەکەیان وەک هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرێ. هۆزان دینۆ گوتی، وەک هاوخەمییەک بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەو کۆنسێرتانەدا گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناڵێ و نێوەڕۆکی کۆنسێرتەکانی تەنیا گۆرانیی شۆڕشگێڕی دەبن.
لە کاتێکدا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بە رۆژانی سەختدا تێدەپەڕن، هۆزان دینۆ، هونەرمەندی ناسراوی کورد بڕیاریدا بۆ هاوسۆزی و پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان دوو کۆنسێرتی جیاواز لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا ساز بکات.
هۆزان دینۆ، رۆژی هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026 لەبارەی ئامانجی ئەو دوو کۆنسێرتە و نێوەڕۆکەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد. هۆزان دینۆ رایگەیاند، کۆنسێرتی یەکەم رۆژی 25ی ئەم مانگە لە شاری ئۆترێختی هۆڵەندا دەکرێ و گوتی، هەموو بلیتەکانی ئەو کۆنسێرتە فرۆشراون و بەشێک لە داهاتەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرێ.
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، کۆنسێرتی دووەمی رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیایە و گوتی: "هێشتا 7 بۆ 8 رۆژ بۆ ئەو کۆنسێرتە ماوە و بلیتەکانیشی دەفرۆشرێن. هەموو ئەو داهاتەی لەو کۆنسێرتەوە دەستدەکەوێ، وەک هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەنێردرێ."
هۆزان دینۆ رایگەیاند، وەک هاوخەمییەک بۆ ئازاری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لە کۆنسێرتەکانیدا گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناڵێ و تەنیا گۆرانیی شۆڕشگێڕی پێشکێشی هەوادارانی هونەرەکەی دەکات.
هۆزان دینۆ بانگەواز لە بازرگان و هونەرمەندانی دیکەی کوردیش دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە لە رۆژئاوا دۆخەکە باش نییە و خەڵکەکەمان بە رۆژانی سەختدا تێدەپەڕن. بەڵام دەبێت ئێمە لەسەر پێی خۆمان بین، بەهێز بین و لە خەباتمان بەردەوام بین. کێ چی لەدەست دێت پێویستە بیکات، بەتایبەتی دەبێت هونەرمەندان هاوکاری گەلەکەمان بن؛ هەروەها بازرگان، رۆشنبیر و کۆمەڵناس، هەرکەسێک بێت دەبێت چی لەدەستی دێت بۆ گەلەکەمان بیکات. چی لەدەستم بێت لە داهاتوودا بۆ گەلەکەمان دەیکەم."
هەروەها گوتیشی، دەیەوێ لە داهاتوودا لە رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆنسێرت سازبکات و هونەرەکەی پێشکێشی گەلەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ