کانیێ وێست پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات

09-10-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کانیێ وێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کانێی وێست، راپەری بەناوبانگی ئەمریکی، لە یەکەمین تویتەکانیدا دوای گەڕانەوەی بۆ سەر تویتەر، پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. 
 
کانیێ وێست کە بە فەرمی ناوی خۆی بۆ "یێ" گۆڕیوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 09-10-2022، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "گەنجانی ئێران سەرکردایەتیی شۆڕشێک دژی 44 ساڵی دیکتاتۆریەت دەکەن. پێویستە جیهان پشتگیرییان بکات و رێز لە ئازایەتییان بگرێت."
 
راپەرە ئەمریکییەکە لە تویتێکی دیکەدا وێنەی نامەیەکی داناوە کە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی شێرڤن بۆی نێردراوە و تێیدا باس لە بە ئامانجکردنی بنکەیەکی باسیج لە رێگەی ئارپیجییەوە دەکات. 
 
ئەو کەسەی نامەکەی ناردووە، بۆ کانیێ وێستی نووسیووە کە ئەوان لە ئێران پێویستیان "بە رووماڵی زیاتری میدیاییە بۆ گەنجانی قارەمانی ئێران کە شەڕ بۆ ئازادییەکەیان دەکەن."
 
ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بوو کانیێ وێست وازی لە تویتەر هێنابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێساکانی، کۆتوبەندی خستە سەر هەژمارەکەی، وێست رۆژی شەممە، یەکەمین تویتی خۆی دوای دوو ساڵ بڵاوکردەوە. هاوکات ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی کە بە نیازە کۆمپانیای تویتەر بکڕێت، بە تویتێک بەخێرهاتنەوەی لە وێست کرد. 
 
ئەم تویتانەی کانیێ وێست کە تێیدا پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، دووەمین و سێیەمین تویتەکانیەتی. 
 
خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامن، دوای گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی لە مانگی رابردوو دەستیان پێکرد.

 

چەندین ئەکتەر، دەرهێنەر، گۆرانیبێژ و کەسایەتیی دیکەی هوونەری، لە سەرانسەری جیهان بە پەیام و قژبڕین پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە.
 
مەسک بەخێرهاتنەوەی "یێ" دەکات
 
رۆژی شەممە، ئینستاگرام بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێساکانی، هەژماری کانیێ وێستی سنووردارکرد، ئەوەش وایکرد بۆ یەکەمجار دوای ساڵی 2020، یێ بگەڕێتەوە سەر تویتەر. 
 
کانیێ وێست لە یەکەم تویتی خۆیدا دوای ئەو ماوە درێژە، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت مارک زوگەربێرگ لە تەنیشتی وەستاوە. یێ هاوپێچ لەگەڵ وێنەکە نووسیویەتی: "سەیری ئەمە بکە، مارک. چۆن لە ئینستاگرام دەرم دەکەی؟"
 
مەسک بە "بەخێربێیەوە بۆ تویتەر، هاوڕێکەم!" وەڵامی تویتەکەی داوەتەوە. 
 
ئینستاگرام کە سەر بە کۆمپانیای مێتایە، پشتڕاستیکردووەتەوە کۆتوبەندی خستووەتە سەر هەژماری کانیێ وێست و ژمارەیەک پۆستی سڕیوەتەوە کە بە گوتەی خۆی، رێسای تۆڕەکەی پێشێلکردووە، بێ ئەوەی وردەکاری لەسەر نێوەڕۆکی ئەو پۆستانە بدات. 
 
ئەو هەژمارانەی کە بە شێوەیەکی دووبارەبوو رێساکانی تۆڕەکە پێشێلدەکەن، بۆ ماوەیەکی کاتی رێگەی بڵاوکردنەوەی پۆست، کۆمێنت یان نامەناردنیان لێ دەگیرێت. 
 
مەسک کە بۆ کڕینی تویتەر لە دانوستاندندایە، لە ساڵی 2011ـەوە هاوڕێیەتیی کانیێ وێست دەکات. 
 
ملیاردێرەکە لە رابردوودا هونەرمەندەکەی بە گەورەترین سرووشبەخشی خۆی ناوبردووە و ستاییشی کارەکانی کردووە. بەڵام مەسک و زوکەربێرگ پەیوەندییەکی لاوازیان هەیە. 
 
هەردوو بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکە لە رابردوودا بەرەوڕووی یەکدی بوونەتەوە، کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2016 دەستیپێکرد کاتێک کە تەقینەوەی مووشەکێکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس مانگێکی دەستکردی فەیسبووکی لە نزیک خۆی تێکشكاند. 
 
مەسک دامەزرێنەری هاوبەش و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکسە. مانگی نیسان، مەسک زوگەربێرگی بە پادشا چوواند و گوتی، دامەزرێنەری فەیسبووک دەستی بەسەر زۆربەی پشکەکانی مێتادا گرتووە؛ مەسک گوتی ئەگەر تویتەر بکڕێت، پێچەوانەی زوگەربێرگ، خۆی لەوە بەدووردەگرێت. 
 
مەسک و وێست، دوو بەکارهێنەری مشتومڕهێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
 
مەسک و وێست هەردووکیان بەوە ناسراون کە بە شێوەیەکی مشتومڕهێن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن. 
 
دوایین جار، هەژماری ئینستاگرامی وێست مانگی ئادار هەڵپەسێردرا، دوای ئەوەی کە هێرشی کردە سەر کیم کارداشیان، ترێڤەر نواهـ و پیت دەیڤسن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە