رووداو دیجیتاڵ
دوای ئینستاگرام، تویتەریش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی دژەسامیەتی، کۆتوبەندی خستە سەر هەژماری کانیێ وێست، راپەری ناسراوی ئەمریکی.
گوتەبێژێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممەوە بەهۆی پێشێلکردنی رێساکانیان، هەژماری کانیێ وێستیان وەستاندووە.
پێشتر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامیش روونیکردبووەوە، کۆمەڵێک پۆستی راپەرە ئەمریکییەکەیانی سڕیوەتەوە، چونکە بە گوتەی خۆیان، راپەرەکە بەو پۆستانە یاساکانیانی پێشێلکردووە.
ئینیستاگرامیش کۆتۆبەندی خستە سەر هەژمارەکەی وێست، بەو واتەیەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ناتوانێت سوود لە خزمەتگوزارییەکانی پۆستکردن، نووسینی کۆمێنت و ناردنی نامە وەربگرێت.
لە تویتێکدا کە دەستبەجێ دوای بڵاوکردنەوەی سڕاوەتەوە، کانیێ وێست نووسیبووی: "ئێستا کەمێک خەواڵووم، بەڵام کە هەستامەوە، لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبم بەرامبەر بە خەڵکی جوو".
هەروەها کۆتوبەندەکان دوای ئەوە هاتن کە وێست، هونەرمەندی رەشپێست کە بە "یێ" دەناسرێت، بە لەبەرکردنی تیشێرتێک کە لەسەری نووسرابوو "White Lives Matter" یان "ژیانی سپیپێستەکان گرنگە"، لە هەفتەنماییشی جلوبەرگی پاریس هەرای نایەوە، چونکە ئەو هەنگاوەی وێست بە خراپبەکارهێنانی درووشمی "Black Lives Matter"یان "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە" سەیرکرا.
"Black Lives Matter" لە خۆپێشاندانەکانی 2020، کە بەهۆی کوژرانی جۆرج فلۆید سەریانهەڵدا، بووە درووشمی دەربڕینی ناڕەزایی دژی رەگەزپەرستی و تووندوتیژیی پۆلیس بەرامبەریان.
رۆژی هەینی، وێستی تەمەن 45 ساڵ، وێنەی ئاڵۆگۆڕی نامەکانی خۆی لەگەڵ "دیدی"ـی راپەر بڵاوکردنەوە، ئەو کەسەی بەهۆی تیشێرتەکەوە پەیوەندی بە بە وێستەوە کرد و گلەیی لێکرد.
لە یەکێک لە وەڵامەکانیدا وێست نووسیویەتی: "من تۆ وەکو نموونەیەک بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی پیشانی جووەکان بدەم، ئەو کەسانەی کە بە تۆیان گوت پەیوەندیم پێوە بکەیت، کە هیچ کەس ناتوانێت هەڕەشە لە من بکات یان گوشارم بخاتەسەر. پێم گوتی ئەمە جەنگە".
پۆستەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە سڕدراوەتەوە، بەڵام هێشتا وێنەکان لە ئینتەرنێت ماون.
وێست دواتر لەسەر تویتەر رایگەیاند، بە پۆستێک جووەکان بە ئامانج دەکات، بەڵام تویتەر بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی، نەیهێشت پۆستەکەی بڵاوبێتەوە.
کۆمەڵگەی جووەکانی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە وێست گرت بەهۆی "ئەو رقەی بەرامبەر بە جووەکان هەیەتی."
رێکخراوەکە گوتی: "پێویستە کانیێ وێست فێربێت بێ ئەوەی پەنا بباتە بەر دژە سامیەتی، چۆن پەیامەکەی دەگەیێنێت."
راپەرە ئەمریکییەکە مانگی ئادار بۆ ماوەی 24 کاژێر لەسەر ئینستاگرام سڕکرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک پۆست لەسەر کیم کارداشیان، ئەستێرەی ریالیتی ئەمریکی، کە ئەو کات سەرقاڵی دۆسیەی جیابوونەوەکەیان بوون.
چەند رۆژی رابردوو، کۆمپانیای ئەڵمانیی ئەدیداسی جلوبەرگی وەرزشی، رایگەیاند پێداچوونەوە بە گرێبەستەکەیان لەگەڵ وێستدا دەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە راپەرەکە لە شێوازی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی، ناڕازی بووە.
مانگی رابردوو، کۆمپانیای "Gap" گرێبەستەکەی لەگەڵ وێست هەڵوەشاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ