رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی هارڤەرد کۆرسێکی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئاستی پێشکەوتوو دەکاتەوە. کۆرسەکە لەلایەن شەن شێروان دەگوترێتەوە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
زانکۆی هارڤەرد بۆ ساڵی 2025 بە سێیەم باشترین زانکۆ لەسەر ئاستی جیهان دانراوە. زانکۆکە لە ویلایەتی ماساچوستسە لە ئەمریکا. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، سەروو 30 هەزار قوتابی لە زانکۆکە دەخوێنن کە لانیکەم پێنج هەزاریان قوتابیی نێودەوڵەتین.
یەکەمین کۆرسی پێشکەوتوو
شەن شێروان، مامۆستای وانەکەیە و خەڵکی شاری سلێمانییە. بە رووداوی رایگەیاند، ئەمە تاکە کۆرسی فێربوونی زمانی کوردییە لە زانکۆکەدا و تایبەتە بە ئاستی پێشکەوتوو. کۆرسەکانی پێشوو تەنیا بۆ ئاستی سەرەتایی بوون.
ساڵی 2023 بۆ یەکەم جار زانکۆی هارڤەرد کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی کردەوە.
شەن ماستەری لە ئیدارەی گشتی لە زانکۆی هارڤارد وەرگرتووە، هەمان بڕوانامەی لە سکوڵی بازرگانی لە زانکۆی باشووری ئیندیانە بەدەستهێناوە.
شەن دەڵێت: "مایەی خۆشحاڵی و چێژێکی زۆرە کە ئەم وانەیە دەڵێمەوە. پێموایە پەروەردە یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکان کە وەک کورد لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان هەمانە."

شەن شێروان ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆرسەکان کرد و گوتی: "لە وانەکانمدا تیشک دەخەمە سەر ئەدەب، مێژوو و کولتووری دەوڵەمەندی کورد. لە رێگەی خوێندنەوەی کتێب، شیعر، هەواڵەکان، گوێگرتن لە پۆدکاست و مۆسیقا بە زمانی کوردیی سۆرانی، هەوڵ دەدەم قوتابییەکانم زیاتر شارەزا بکەم".
شەن شێروان گوتیشی: "هەفتانە سێ پەندی کوردی بۆ گفتوگۆ پێشکەش بە قوتابییەکانم دەکەم و ئامانجی سەرەکیی وانەکانیشم پەرەپێدانی توانای قسەکردنی قوتابییەکانە". شەن باسی ئەوەشی کرد کە "قوتابیەکانم پاشخانێکی کوردییان هەیە، بەڵام لە دەرەوەی کوردستان لەدایکبوون و لە ماڵەوە فێری کوردی نەبوون".

ئەو کچە کوردە ماوەی شەش ساڵە لە ئەمریکا دەژی، بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی قسە دەکات. ئەو گوتی، "وەک ژنێکی کورد هەست دەکەم پێویستە بیرۆکەی نوێ لەڕێگەی ئەم وانەیەوە بگەیێنم".
ئەو دەشڵێت: "ئەمە دامەزراوەیەکی مەزنە و هەست دەکەم هەموو پاڵپشتییەکم هەیە بۆ ئەوەی بتوانم ئەو وانەیە بە سەرکەوتوویی بە قوتابییەکانم بڵێمەوە." ئەو ئەم کۆرسە نوێیەی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی زمانی کوردی و ناساندنی زیاتری کولتووری کورد لە یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان وەسفکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ