رووداو دیجیتاڵ
ئالین، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان، ڤیدیۆکلیپێکی نوێ بەناوی 'کەچ و خورت' بڵاودەکاتەوە.
ئالین، بە رووداوی راگەیاند، رۆژی ئاڵا لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکات و بەم بۆنەیەوە بەرهەمێک بڵاودەکاتەوە کە تێکستی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمو ئەردەم و رێناس میران نووسیویەتی و لە ئاواز و دەرهێنانی رێناس میرانە. گوتیشی، لە دوایین سەردانی بۆ باشووری کوردستان لە قەڵای هەولێر و چەند شوێنێکی دیکە بە ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهێنراوە.
روونیشیکردەوە: "ئامانجم لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکە لەو رۆژەدا، بریتییە لە گەیاندنی پەیامێک بە گەلی کوردستان و پێشمەرگە کە ئێمە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی پێشمەرگەین، ئەوانەی بە گیانی خۆیان وڵات دەپارێزن لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و نەیارانی گەلی کورد، ئەو نەیارانەی کە هێرشە دوژمنکارەکانیان دژی گەلی کوردستان چڕ کردووەتەوە.
گوتیشی "میللەت و هونەرمەندان لە هەر شوێنێک و هەر بارودۆخێکدابن بەردەوام پاڵپشتی پێشمەرگە و شەڕڤانان بوونە و ئێمەی هونەرمەندیش بە هونەرەکەمان لە سەنگەری بەرگریداین.
روونیشیکردەوە: "لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە پەیامێک ئاڕاستەی دوژمن و نەیاران دەکەم کە ئێمەی گەلی کوردستان هیچ کاتێک دەست لە ئاواتەکانمان هەڵناگرین و وڵات دەپارێزین".
لە تشرینی یەکەمی 2022 ئالین بە سەردانێک لە باشووری کوردستان بوو چوار ڤیدیۆکلیپی بەرهەمهێنا، یەکێک لەوانە ڤیدیۆکلیپی 'کەچ و خورت' بوو.
ئەو هونەرمەندە کوردە، دوای چەند ساڵێک بێدەنگی، بەو چوار بەرهەمە دەگەڕێتەوە نێو کاری هونەری و پێشتر بە روودای راگەیاندبوو، بەهۆی چەند هۆکارێکی تایبەت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئەمنی کوردستان، کارە هونەرییەکانی وەستاندبوو.
ئالین، خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، بەهۆی دوێتێکەوە لەگەڵ هونەرمەند خێرۆ عەباس بەناوی 'من بیهستی تو نەخوشی' ناوبانگی پەیداکرد و خاوەنی چەندین بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی.
رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 1999 لە پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان درا. دوای 10 ساڵ و لە 19ـی حوزەیرانی 2009، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئاڵا دیاریکرد؛ بڕیارەکە لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرا؛ ئیستا ساڵانە بە رێوەڕەسمی جیاواز رۆژەکە بەرز رادەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ