رووداو - هه‌ولێر
نه‌وه‌ى سیاسه‌توانى كوردى باكوورى كوردستان ئه‌حمه‌د توركه، به‌ڵام نایه‌وێ له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى تورك حیساب بكرێ. هێژا ساڵى 1988 له مێردینى باكوورى كوردستان له‌دایكبووه. ئه‌گه‌ر به قسه‌ى كه‌سوكاره‌كه‌ى بكردایه ئێستا كچه لادێییه‌كى نه‌خوێنده‌وار ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و كۆڵى نه‌دا و خوێندى تا له به‌شى ئه‌ده‌بیاتى ئینگلیزى له زانكۆى بۆگازیچى وه‌رگیرا. له زانكۆش له پاڵ خوێندنه‌كه‌ى په‌ره‌ی به كارى هونه‌رى دا، بڕیاره 20ى ئه‌م مانگه یه‌كه‌مین ئه‌لبوومى گۆرانى بڵاوبكاته‌وه. هێژا له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ (رووداو) باسى ژیانى خۆى و كاره هونه‌رییه‌كانى ده‌كات.
رووداو: به‌منزیكانه یه‌كه‌مین ئه‌لبوومت بڵاوده‌كه‌یته‌وه، چه‌ند گۆرانییه و چ په‌یامێكى تێدایه؟
هێژا تورك: یه‌كه‌مین ئه‌لبوومی گۆرانیم به‌ناوی “Stranên Neşuştî” ده‌بێت كه بڕیاره له 20ى شوبات له‌سه‌ر هه‌موو پلاتفۆرمه‌كانى دیجیته‌ڵی و ماركێتی میوزیكی بڵاوبكرێته‌وه. ئه‌م ئه‌لبوومه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له میوزیكی مۆدێرن و میوزیكی كوردی و فۆلكپۆپ و فۆلكڕۆك. تێكستی گۆرانییه‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه نووسراون. ئه‌لبوومه‌كه‌ش له سێ گۆرانی پێكدێت. یه‌كێك له گۆرانییه‌كان باسى ژیانی ژنێك له رۆژێكدا ده‌كات كه 24 سه‌عات كار ده‌كات و هیچ مافێكى نییه. گۆرانییه‌كى دیكه باس له ته‌نیایی ژن ده‌كات كه تێكست و ئاوازه‌كه‌ى خۆم دامناوه. گۆرانیی سێیه‌میش باس له ته‌نیایی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كات، تێكستى ئه‌م گۆرانییه ره‌وشه‌ن رۆژبیر نووسیویه‌تى.
رووداو: بۆچی دره‌نگ ده‌ستت به گۆرانیگوتن كرد؟
هێژا تورك: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم بنه‌ماڵه‌كه‌م ناخوازن ببمه گۆرانیبێژ، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی زانكۆم ته‌واو كرد، ده‌ستم له میوزیك و گۆرانیگوتن هه‌ڵگرت و زیاتر دواى خوێندنه‌كه‌م كه‌وتم، زۆرم حه‌ز ده‌كرد بچمه ئه‌مریكا و له‌وێ ئه‌ده‌بیات بخوێنم، بۆیه بۆ خوێندنی ماسته‌ره‌كه‌م كه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردی و به‌راورد به ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریكای لاتین و ئێرله‌ندا بوو، له زانكۆی كۆلۆمبیا له ئه‌مریكا وه‌رگیرام، خه‌ریك بووم خۆم ئاماده ده‌كرد، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكاری سیاسی ده‌ستبه‌سه‌ركرام و كه‌وتمه زیندان، ئیدی نه‌متوانی درێژه به‌خوێندنی ماسته‌ره‌كه‌م بده‌م.
رووداو: له‌سه‌ر چی به‌ندكرایت؟
هێژا تورك: به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كچێك له ماڵه‌كه‌ی من ده‌ژیا، پۆلیسی توركیا ئیدیعای ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ئه‌و كچه ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌یه، منیش هاوكاریى ئه‌و كچه و په‌كه‌كه ده‌كه‌م. ئه‌و كچه تۆمه‌تبار كرابوو به ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ئیسته‌نبوڵ. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى من نه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د توركم، ئه‌و گومانه‌یان زیاتر بوو، ده‌یانویست به سیناریۆیه‌ك سیاسه‌توانانی كورد له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك سووك بكه‌ن، بۆیه له رۆژنامه‌كانی توركیا منیان وه‌كو تۆمه‌تبار ناساند، داوایان ده‌كرد من به 19 ساڵ به‌ندكردن سزا بدرێم، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نه‌بوو، دوای نۆ مانگ ئازادیان كردم.
رووداو: ئه‌و نۆ مانگه له زیندان به چی سه‌رقاڵ بووی؟
هێژا تورك: له زیندان خۆم فێری گیتارژه‌نین كرد، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ئاواز و تێكستی گۆرانیم نووسینه‌وه، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی له زیندان ئازادكرام، رووم له سینه‌ما و كاری ئه‌كته‌ری كرد، یه‌كه‌مین كاری سینه‌ماییم فیلمێك بوو به‌ناوی مۆمێ، ره‌نگه ئه‌مساڵ له سینه‌ماكان نمایش بكرێ. هه‌روه‌ها بڕیارمدا ده‌ست به گۆرانیگوتن بكه‌م، هه‌وڵمدا به شێوه‌یه‌كی پرۆفیشنال گۆرانییه‌كان تۆمار بكه‌م، میوزیكژه‌ن جانسون كوچوك تورك زۆر هاوكار و پاڵپشتم بوو، توانی هه‌شت گۆرانیم بۆ دروست بكات، به‌ڵام كاتێك سه‌رقاڵی تۆماركردنی گۆرانی بووین، دادگایی من ده‌ستیپێكرد، سزای پێنج ساڵ به‌ندكردنم بۆ ده‌ركرا، بۆیه ده‌ستبه‌رداری تۆماركردنی گۆرانییه‌كان بووم و به‌ناچاری رووم له ئه‌ڵمانیا كرد، ئه‌وه ساڵ و نیوێكه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم، ناخۆشترین شت له ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌یه كه میوزیكژه‌نی هاوڕێ و هاوكاری منی لێ نییه، چونكه لێره زۆر پێویستم به هاوڕێ و هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماكار هه‌یه، بۆیه له‌ڕێگه‌ی رووداو داوا له میوزیكژه‌ن و سینه‌ماكارانی كوردی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌م هاوكاریم بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه كاری جوان بكه‌ین.
رووداو: كه‌واته تۆ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د توركی تووشی كێشه بووی؟
هێژا تورك: به‌ڵێ من نه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د توركم، به‌ڵام ناخوازم له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی خۆم پێناسه بكرێم، ئه‌حمه‌د تورك كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌یه و منیش كه‌سایه‌تی خۆم هه‌یه، هه‌ر شتێك كه من ده‌یكه‌م و ده‌یڵێم، هزر و بۆچوونی ته‌نیا خۆمه، من هه‌رگیز نامه‌وێت ببمه هۆی كێشه و گیروگرفت بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌م.
رووداو: چۆن گه‌یشتییه ئه‌ڵمانیا؟
هێژا تورك: به قاچاخ، نامه‌وێ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر گه‌یشتنم به ئه‌ڵمانیا ئاشكرا بكه‌م، به‌ڵام هێنده ده‌ڵێم به رێگه‌ی قاچاخ گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا.
رووداو: له ئه‌ڵمانیا به‌چییه‌وه سه‌رقاڵی؟
هێژا تورك: ئێستا له قوتابخانه‌یه‌كی میدیایی ده‌خوێنم، له‌و مانگه كورته‌فیلمێك بۆ ته‌له‌ڤزیۆنێكی ئه‌ڵمانی به‌ناوی Phoenix له‌سه‌ر ژیانی خۆم دروست ده‌كه‌م كه چۆن له توركیاوه گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا. ده‌مه‌وێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ی خۆم بكه‌مه فیلم، بیرۆكه‌ی ئه‌م فیلمه هی خۆم بوو پێشكه‌شی ئه‌و كه‌ناڵه‌م كرد، ئه‌وانیش به سوپاسه‌وه قبوڵیان كرد، من له قوتابخانه‌ی Hamburg Media School ده‌خوێنم، بۆیه به هاوكاریی ئه‌وان فیلمه‌كه به‌رهه‌مدێنم، ئه‌مه جاری یه‌كه‌مه وه‌كو ده‌رهێنه‌ر كارده‌كه‌م، بۆیه كه‌مێك ترسم هه‌یه. ئێستا من له شانۆگه‌رییه‌كیش وه‌كو ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری به‌توانا ئالان جوان رۆڵ ده‌بینین كه له ده‌رهێنانی حوسێن ئومایزسیه. له‌م شانۆگه‌رییه‌دا رۆمانێكی نووسه‌ری كورد به‌ختیار عه‌لیمان كردووه به ده‌قی شانۆیی كه له رۆژی 26ى نیسان نمایش ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له هامبۆرگ به‌نیازین له‌گه‌ڵ چه‌ند سینه‌ماكارێك رێكخراوێك دابمه‌زرێنین، دوو پرۆژه‌ی كورته‌فیلمیش هه‌ن كه من وه‌كو ئه‌كته‌ر رۆڵیان تێدا ده‌بینم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ