رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بڵاوکردنەوەی وەرزی یەکەمی زنجیرەی تەلەڤزیۆنی 'Lord of the Rings' بەرەو کۆتایی دەچێت، بەرهەمهێنەرانی پێشبینی دەکەن وەرزی دووەم لە 2023 بڵاوبکرێتەوە.
'Lord of the Rings: The Rings of Power' ناوی تەواوی زنجیرەکەیە و چیرۆکەکەی هەمان چیرۆکی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Lord of the Rings'یە.
جێنیفەر سالک، سەرۆکی ستۆدیۆکانی ئەمازۆن و بەرهەمهێنەنری زنجیرەکە رایگەیاندووە، زنجیرەکە لە پێنج وەرز پێکدێت و بەرهەمهێنانی وەرزی دووەم دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت لە 2023 بڵاوبکرێتەوە.
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بەناوی'The Lord of the Rings: The Rings of Power'ـە و چیرۆکەکەی لە رۆمانی 'The Lord of The Ring' وەرگیراوە، بودجەی بەرهەمهێنانی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەمەش دەبێتە گرانترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی.
کۆمپانیای ئەمازۆن مافی بەرهەمهێنانی زنجیرەکەی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کڕیوەتەوە و بڕیارە لە پێنج وەرزدا بڵاوبکرێتەوە، یەکەم ئەڵقەی وەرزی یەکەمی لە 2 ئەیلوولی 2022 لە پێگەی ئەمازۆن بڵاوکرایەوە.
کۆمپانیای ئەمازۆن پێشتر رایگەیاندبوو، بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەکە سیناریۆیەکی جیاوازیان دەبێت، بەڵام سوود لە زنجیرە فیلمەکەش وەردەگرن و بەشێک لە کارەکتەرەکانی فیلمەکە لە نێو زنجیرەکەشدا دەبیندرێنەوە.
وێنەگرتنی زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکە بە هەمان شێوەی زنجیرە فیلمەکە لە نیوزلەندا کراوە.
'The Lord of The Ring' یاخود 'شای ئەنگوستیلەکان'، رۆمانێکی خەیاڵییە و لە نووسینی جەی ئاڕ ئاڕ تۆلکین، نووسەری بەریتانییە و لە ساڵانی 1937-1943 نووسراوە و بە یەکێک لە رۆمانە پرفرۆشەکان دەناسرێت و زیاتر لە 150 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.
رۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و بۆ 38 زمان وەرگێڕدراوە، لە 2003 نازناوی خۆشەویستترین رۆمانی بەریتانیی پێبەخشرا.
چیرۆکی ئەم بەرهەمە باس لە هەوڵەکانی ساورۆن دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زەوی نێوڕاست، ئەویش لەرێگەی هێزی ئەڵقەیەکەوە کە خۆی دروستی کردووە، لە دوای ونبوونی، هەولی بەدەستهێنانەوەی دەدات.
چیرۆکی رۆمانەکە وەک فیلم، شانۆ، ئەنیمەیشن، میوزیک و یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمهاتووە.
فیلمی 'The Lord of The Ring' لە 2001-2003 بڵاوکراوەتەوە و پیتەر جاکسن کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، داهاتی هەر سێ بەشی لە سینەماکانی جیهاندا دوو ملیار و 981 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و بودجەی هەرسێ بەشی 281 ملیۆن دۆلارە.
سیناریۆی زنجیرە فیلمەکە لە 1997 دەستیپێکرد و وێنەگرتنی لە 11 تشرینی یەکەمی 1999 دەستیپێکرد و تاوەکو 22 کانوونی یەکەمی 2000 بەردەوام بوو، بەربژێری 30 خەڵاتی ئۆسکار بوو و توانی 17 خەڵات بەدەستبێنێت.
هاوارد شۆر، ئاوازدانەری میوزیکی فیلمەکەیە و لە 1999 کاری لەسەر کردووە، ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی لەندەن تۆماری کردووە کە 120 ژەنیار تێیدا بەشداربوون و لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
لە 1978 چیرۆکی رۆمانەکە وەک فیلمێکی ئەنیمەیشن بەرهەمهاتووە و ماوەکەی دوو کاژێر و 12 خولەکە، لە دەرهێنانی رالف باکشییە، بودجەی بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا 30 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ