رووداو دیجیتاڵ
گولاڤ ئۆمەری خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیت. خۆی دەڵێت حەزی لە هونەری سەنگینە و هێندەی بەدوای کاری هونەرییەوەیە هێندە چاوی لە نێوبانگ نییە. بۆیەش هەرچەندە دەمێکە گۆرانی دەڵێت، بەڵام کارەکانی زۆر نین. ئەم رۆژانە کلیپێکی نوێی بڵاوکردووەتەوە.
لەو بارەیەوە گولاڤ ئۆمەری لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو گوتی: "گۆرانییەکی نوێم بە ناوی 'وسا' لەسەر ماڵپەڕی یووتیوب بڵاوکردەوە، گۆرانییەکە تێکست و ئاوازی مامۆستا نووح سلێمانە، و لە ستۆدیۆی مامۆستا ئەلند یوسف تۆمارکراوە، مامۆستا فیراز حوسێنی میکس و ماسترینەگەکەی کردووە".
سەبارەت بە کلیپەکە گولاڤ گوتی، "کلیپی گۆرانییەکە لە شاری کۆڵن وێنەگیراوە و تەیم ئادەمس دەرهێنەری فیلمی نێودەوڵەتی کاری دەرهێنەریی بۆ کردووە و زۆر بەدڵمە، هەروەها شەهناز بیووتی کاری مەیکپ ئارتیستی بۆ کردووم لە کلیپەکە."
سەبارەت بە جیاوازی کلیپەکە لەگەڵ ئەوانی دیکەی گولاڤ دەڵێت: "جیاوازی کلیپەکە ئەوەیە کە ئەمە بە پرۆفێشناڵی دروستکراوە."
گولاڤ ئۆمەری ئاشکرایکرد، نوح سلێمان چەندین گۆرانی بۆ ناردووە و لە نێوان هەموویاندا ئەم گۆرانییەی هەڵبژاردووە و بڕیاریداوە بیڵێت و بیکاتە کلیپ.
گولاڤ ئۆمەری لەناو خێزانێکی هونەرمەند گەورەبووە و لەوێوە فێری میوزیک و گۆرانی بووە و زۆر پەیوەستە بە باوکییەوە، کە ئەویش گۆرانیبێژ و هونەرمەندە.
گولاڤ گوتیشی: "پێشتر لەگەڵ باوکم گۆرانیم دەگوت، دوای ئەوەی هاتینە ئەوروپا؛ لە 2018 لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆرانی دەڵێم و واتە بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵانە کاری هونەری دەکەم".
سەبارەت بە باوکی دەڵێت، "باشترین مامۆستای هونەری لەلام باوکمە و نموونەی گۆرانیبیژی منیش ئایشەشانە".
گولاڤ روونیکردەوە، زۆر پرۆژەی هونەری دیکەی هەن لەوانە چەند گۆرانییەک کە لەلایەن باوکیەوە بۆی ئامادەکراون و لە نزیکترین کاتدا کارەکانی تەواو دەکات و دواتر هەوڵدەدات بیکاتە کلیپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ