کارڵ مارکس لەوەدا دروست پێکاویەتی کە دەڵێت: هەموو مێژوو بریتییە لە مێژووی ململانێ، بەڵام لەوەدا خوار پێکاویەتی کاتێک دەیبەستێتەوە بە ململانێی چینایەتی. راستییەکەی مێژوو ئەو ململانێیەمان بۆ ساغ دەکاتەوە، بەڵام وەک ململانێی رەگەزەکان، ململانێی هێزەکان، ململانێی قەوارەکان، ململانێی دەوڵەتەکان و ئیمپایەرەکان.
جیهان بریتییە لەو شانۆیەی کە ئیمپایەرەکان وەکو ئەکتەری سەرەکی رۆڵی تێدا دەبینن و ئەوانیتریش تەنیا کۆمبارسن لە پلە و ئاستی جیاجیادا.
لە شەڕەکانی ئەلێکساندەری مەزنەوە، بەتێپەڕینی بە شەڕەکانی رۆم و جەنگیزخان و تا دەگاتە شەڕی خاچپەرستان و فتوحاتی ئیسلام و تا چاخی نوێ لە شەڕەکانی ناپۆلیۆن و تا دەگاتە سەردەمی تازە لە پەلکێشانی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمەوە بۆ سەدەی بیستەم بە سەرهەڵدانی زلهێزێکی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت، هەموو ئەو پێکدادانە لە فۆرمی تیتانی زلهێزدا بەر یەکتری کەوتوون. رەنگە لێرەدا دەستەواژەی پێکدادانی کولتوورەکان رەوایەتییەک بدات بەم دەستنیشانکردنە.
لە دوای هەرەسی سیستەمی کۆمۆنیزمەوە، زلهێزی ئەو ئایدیۆلۆژیایە کە یەکێتی سۆڤیەت بوو، بەدەست چەندین گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەکنیکی مۆدێرنەوە دەیناڵاند، لەبەردەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکەی ئەوروپای لیبراڵدا زەلیل و کزەڵ دەردەکەوت. لەم ساتەوەختەدا بەگوڕبوونی تەوژمی گڵۆبالیزاسیۆن یان سنوورەکانی دەسڕییەوە، یان بەرەو کاڵبوونەوەی دەبرد و بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەوەی مارکس پێیدەگوت "بازاڕی جیهان"، ئەمڕۆ وەک "جیهانگیری" خۆی سەپاند. بەڵام توانای ئەوەی هاوڕەوتی ئەو تەوژمە بیت یان نەبیت، ئەمە چارەنووسی زۆر کۆمەڵگای کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکەمی دیاری دەکرد.
هەر بۆیە شەڕی کەنداو و یازدەی سێپتێمبەر روویاندا، دواتر داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق، پاشان سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و نغرۆبوونی چەند رژێمێکی دیکتاتۆری عەرەبی، تا دەگاتە سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکانی خەڵکی سووریا کە گۆڕا بۆ جەنگی نێوخۆیی و تاوەکو ئەمڕۆش ئەم جەنگە درێژەی هەیە، بەجۆرێک کە ڕۆچووەتە نێو دووراییەکی قووڵی سیاسەتی جیهانەوە و هەموو زلهێزەکانی دنیا لەوێدا ئەجێندای خۆیان هەیە و تێیدا بوونەتە ئەکتەری ڕۆڵگێر و خودی حکومەتی سووریا هیچ فەرمانڕەوایەتی و جڵەوێکی بەدەستەوە نییە.
لەم کەین و بەینەدا رووسیا خۆی لەبەردەمی هەڕەشەی فیکری و سیاسی و ئیتیکی خۆراوادا دەبینییەوە. رووسیایەک کە بە نەریتچێتی شارستانی و بە کۆنزێرڤاتیڤی بەهاکان ناسراوە، رووسیایەک کە شکۆیەکی قەیسەری و ئیمپایەری هەبووە و خۆی وەکو جەمسەرێکی سەربەخۆ بەرامبەر بە خۆراوا دەبینی، ئەمڕۆ وا خەریکە لافاوی بەها خۆراواییەکان رایدەماڵێت، ئەمڕۆ وەختە شوناسێک نامێنێت پێیبگوترێ شوناسی رووسی. ئەم پرسیارانە وەکو دڕدۆنگییەک لەبەردەم بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی رووس دێن و دەچن لەپێناوی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بەگژداچوونەوەی جەمسەرە ئەوروئەمریکییەکە. لەسەردەمی دەرکەوتنی (ڤلادیمێر پوتین) دا ئەم هۆشیارییە سەری هەڵدا کە دەبێت "رێگایەکی رووسی" دابهێنرێت بۆ ئەو بەگژداچوونەوەیە. دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە ئەم دووڕیانە لە سەدەی نۆزدەوە لەناو رووسیادا هەیە، رێگا بەرەو ئەوروپا و رێگا بەرەو رووسیا. لەو سەردەمەوە تا ئەمڕۆ ئەگەرچی دووڕیانەکە بەکاڵیش بووبێت، هەر هەبووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێگا رووسییەکە ئەکتیڤتر و زاڵترە. رووسەکان لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا خۆیان لەسەر جەمسەری ئەورۆئاسیایی راگرتووە و بۆ ئەمەش پشتخانی فەلسەفی و ئیدیۆلۆگیی خۆیان هەبووە.
ئیڤان ئەلێکساندرۆڤیچ ئیلین (1883ـ 1954) ئەو فیلۆسۆفەیە کە داهێنەری پرۆژەی رێگا رووسییەکەیە. ئیلین لە ساڵانی بیستەکاندا دژایەتی بەلشەڤیکەکان دەکات، لەبەرئەوە لەوێ جێی نابێتەوە و ئاوارەی ئەڵمانیا دەبێت و لە بەرلین وەکو مامۆستای زانکۆ دەگیرسێتەوە، لەم ماوەیەدا پەیوەندی توندی لەگەڵ گیۆرگ زیمیل و ئێدمۆند هوسرل- دا دەبێت تا ساڵانی سییەکان و ئیتر لەدوای دەرکەوتنی نازییەکان لێرەش قەدەغە دەخەنە سەری و ناچار بەرەو سویسرا هەڵدێت. ئیلین هیگڵناسێکی شارەزا بوو، ئەوەی هیگڵ ڕۆحی لە بەرجەستەبوونی دەوڵەتدا دەبینییەوە، ئیلین رۆحە رەهاکەی لە رووسیادا دەبینییەوە و دەیگوت: خودا رووسیایە.
ئیلین پێشبینی کۆتایی سیستەمی کۆمۆنیزمی کردبوو، بۆیە پرۆژەیەکی فیکری بۆ رژێمی سیاسی رووسیای نوێ داهێنا، ئەم پرۆژەیەش هێدی هێدی لە رووسیادا لایەنگری ڕۆحی و سیاسی بۆ دروست دەبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی رووسیا تادەهات بەرەو ئەورۆئەمەریکانیزم دەچوو، هەربۆیە کەسێکی وەکو پوتین خێرا کاری بۆ راگرتنی ئەم شەمەندەفەرە بەرەو ئەوروپا کرد. پوتین هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەچووە هۆڵی وانەبێژییەکانی ئەو فیلۆسۆفانەی ئەم رەشەبا ئیدیۆلۆگییەیان لێوە هەڵدەکرد، بۆ نموونە لیۆ گۆمیلۆڤ کە کوڕی ئانا ئاخماتۆڤی شاعیر بوو. ئەم کولتوورناس و مێژووناسە بە نوێنەرێکی سەرسەختی بزووتنەوەی ئەورۆئاسایی دادەنرێت و تیۆرییەکی بۆ "وزەی ژیان لەناو خودی رووسیاوە" داهێناوە کە پرۆگرامەکەی بریتییە لە بەگەڕخستنی وزە نێوەکییەکەی ناوەوەی رووس. ئەم تێزەیە ئیدیۆلۆگیای سیاسی پوتینی ڕەنگڕێژ کرد و بەدویدا گەڕایەوە بۆ سەرچاوە راستەقینەکەی تێزەکە کە پرۆژەکەی ئیلین بوو، هەربۆیە کاتێک بووە سەرۆکی رووسیا، لە ساڵی 2005 پاشماوەی ئێسکوپروسکی تەرمەکەی ئیلینی لە سویسراوە گەڕاندەوە بۆ رووسیا و پەیکەرێکی گەورەشی بۆ بەکردن دا و وەکو دیارییەکیش لە جەژنەکانی سەری ساڵدا کتێبەکانی ئیلینی پێشکەش بە هەموو سەرۆکشارەوانییەکان و بەرپرسانی سیاسی وڵاتەکەی دەکرد، تا بیخوێننەوە و لەوە تێبگەن کە رووسیا ئیتر پێویستی بە "رابەرێکی رووسی" وەک پوتینە. رێک ئەوەی ئیلین داوای دەکرد: دیکتاتۆرێکی دیموکرات.
با بزانین ئەم بیرمەندە چ تێزەیەکی خستووەتەڕوو، وا ئەم رەشەبا ئیدیۆلۆگییەی لە کریملین هەڵکردووە.
ئەوانەی چاودێریی کارەکتەری سیاسی ڤلادیمێر پوتینیان کردووە، پێیانوایە فیکری پوتین لەسەر سێ کۆڵەکە راگیراوە: رێبازی کۆنزێرڤاتیڤیزم، تیۆری "رێگای رووسی" و پرۆژەی ئەورۆئاسیایی.
ئیلین دژی تێزەکەی تۆلستۆی بوو کە دەیگوت: بە توندوتیژی بەرەنگاری شەڕ و خراپە مەبنەوە، چونکە هەر توندوتیژی بەرهەم دێتەوە. ئیلین پێیوابوو، پێویستە بەزەبروزەنگ وەڵامی بەدکاری بدرێتەوە. ئیلین دژی تۆتالیتاریزمی چەپ و راست و نێوەڕاستیش بوو. ئەو ئەنتی کۆمۆنیزم و ئەنتی لیبراڵیزم بوو، بۆیە رێگایەکی تری هەڵبژارد، نە کۆمۆنیزم و نە دیموکراسیی خۆرئاوا، رێگای "دیکتاتۆرێکی دیموکرات"ی لێدا.
ئیلین فەلسەفەی سیاسی خۆی وا داڕشت کە هەموو ئەرکەکە بخاتە سەرشانی "رابەر". رابەریش "کەسێکە خزمەت دەکات، لەبری ئەوەی لە شوێنی خۆی کڕ بکەوێت. لە دوژمن دەدات، لەبری ئەوەی بەس قسەی رووت بکات. خۆی دۆزەکە بەڕێوە دەبات، لەبری ئەوەی خۆی بە بێگانە بفرۆشێت". هەموو پرۆژەی فەلسەفی و سیاسی ئیلین بۆ ئەوەیە رووسیا ببێتە خاوەنی رۆحی خۆی، گەشە بە بەهای خۆی و کەلەپووری خۆی بدات. لێرەوەیە دژایەتی ئەوروپییەکانی دەکرد و دەیگوت: ئەوروپا ئێمە ناناسێت و لێشمان تێناگات و خۆشیناوێین. لەسەر هەمان ئاواز ڤلادیمێر پوتین لە ساڵی 2014 لە گوتارێکدا دەڵێت: سیاسەتی بەرپێگرتنی رووسیا لە سەدەی 18 و 19 وە بەگەڕخراوە، ئەوان تاوەکو ئەمڕۆ درێژەی پێدەدەن، ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن بمانخزێننە قوژبنێکەوە و هیچمان لەدەست نەیەت بیکەین، تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە دەمانەوێت شوێنگەیەکی تایبەت بە خۆمان هەبێت.
ئاوەها پوتین خۆی بە تێزەکەی ئیلین و رەدووکەوتووانی چەکدار کردووە و بەردەوام دەستەواژەکانی وەکو "شارستانێتی رووسی" و "کۆدی شارستانی" هەمیشە لەسەر زمانە. لەمەشەوە دەردەچێت بۆ ئیشپێکردنی ستراتیژەکەی بەرەو "ئیمپراتۆری پێنجەمی رووسیا". یەکەمین شەڕی پوتینیش کە پیادەکردنی بیرۆکەکانی ئیلین بوو بۆ بەدەستهێنانی رۆحی رووسی، شەڕکردن بوو لەگەڵ گیۆرگیا، ئەو وڵاتەی مەیلێکی کراوەی بەرەو ئەوروپا پیشاندەدا، پاشان شەڕ لەگەڵ ئۆکراین.
لەپاڵ ئەم پەلامارانەدا، هێرشێکی پڕۆگرامییانەی کردە سەر هەموو ئەو تەوژمە خۆراواییانەی روخسارێکی تاکگەرایی و لیبراڵیزمیان هەڵگرتبوو.
بۆ تۆکمەکردنی ئەم پڕۆگرامەش، پوتین بەردەوام لەهەوڵدایە بۆ پەیداکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە لایەنگری ئەم تێزانەن و لە بنەڕەتەوە دژایەتی بەها خۆراواییەکان دەکەن، لەوانە چین و هیندستان و ئێران و سووریا و لەم دواییەشدا تورکیای ئەردۆغان. بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 2015دا "یەکێتی ئەوروئاسیایی" پێکهێنا، بەئامانجی ئەوەی لەڕێی ئابوورییەکی هاوبەشەوە کۆنفیدراسیۆنێکی چەند دەوڵەتی بخاتە سەرپێ تا بتوانێت ململانێی زلهێزە ئابوورییەکانی دنیا بکات. پوتین کار لەدژی خۆراوا دەکات و بەمەش بووەتە نەیارێکی سەرسەختی خۆراوا.
کۆی ستراتیژی ڤلادیمێر پوتین لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کۆنزێرڤاتیڤخوازی بەکاربێنێت بۆئەوەی "ڕابەر" و بەها نەریتییەکان پێکەوە گرێ بداتەوە. دەستەواژەی "رێگای رووسی" بۆ مۆبیلەکردنی ئاپۆڕەیە لە دژایەتیکردنی خۆراوا و، ئیدیۆلۆگیای ئەوروئاسیاییزم مۆتۆڕی بەڕێوەبردنی ئیمپایەری پێنجەم دەبێت لەپێناوی ئەوەی رووسیا ببێتە "داهاتووی ئەوروپا".
ئەمڕۆ ئەلێکساندەر دۆگین دیارترین نوێنەری فیکری ئەوروئاسیاییە. ئەو پێیوایە ئەم رێبازە لەناو قووڵایی مێژووی رووسیادا هەر هەبووە. لێرەوە وای دەبینێت پوتین ئەو رابەرە بێت کە هەموو ئەو بەڵگەنەویستانەی تێدا کۆبووەتەوە بۆ دامەزراندنی ئیمپایەری ئەوروئاسیایی بەڕووی ئیمپایەری ئەتڵەسیدا.
لەم پێناوەشدا ئەو لە چەند روویەکەوە کاری کردووە بۆ درزخستنە نێو ئەوروپا و ئەمەریکا و خولقاندنی قەیران بۆیان. رەنگە یەکێک لەو قەیرانانەی بۆ ئەوروپا و ئەمریکای دروست کردبێت، سیاسەتی ئاوارەکردنی سوورییەکان بووبێت بەرەو ئەوروئەمەریکا. یەکێکی تر لەو قەیرانانەی بۆ ئەوروپای دروست کرد، خۆنزیککردنەوەیەتی لە تورکیای ئەندامی ناتۆ و پشتیوانیکردنی سیاسەتە فاشیزمییەکەی ئەردۆغان لە پەلاماردانە دڕندانە نامرۆڤانەکەی بۆ سەر رۆژاوا.
بۆ ئێمە ئەم وردەکارییە گرنگە بۆئەوەی چییەتی ئەو پێکدادانانە بناسین کە لە درێژایی مێژووەوە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەرپا بوون. لەمڕۆدا گەرمترین پێکدادانی جیهان لەسەر سینەی کوردی ڕۆژاوا یەکلا دەبێتەوە، تاکە یەک بەڵگەنەویست دەرئەنجام دەکرێت، ئەویش ئەوەیە مێژووی جیهان بریتییە لە مێژووی ململانێی جەمسەرەکان و دەوڵەتەکان. بەبێ تێگەیشتن لەم بەڵگەنەویستە مەحاڵە بتوانین لە بەڵگەنەویستەکانی تر تێبگەین، مەبەست لە بەڵگەنەویستە ئابوورییەکەیە، واتە شەڕی سەرمایەداری. خراپترین تێڕوانین بۆ ناسینی ئەم ململانێیە ئەوەیە کە وەکو ململانێی کاپیتاڵیزم ببینرێت، نەک وەک ململانێی دەوڵەتان.
ئەمڕۆ هیچ شتێک لەوە روونتر نییە کە شەڕی سووریا و کوردی ڕۆژاوا، کە ئێران و تورکیا و رووسیا و وڵاتانی ئەوروئەمەریکی تێوەگلاوە، جگە لە شەڕی ئیمپایەر و ئیمپایەرە بچووکەکان هیچی تر نییە، بەرژەوەندی کاپیتالیزم خاڵە لاوەکییەکەی و ئامرازە دەسەڵاتخوازییەکەی ئەو جەمسەرانەیە. ئیتر لەمڕۆدا جارێکی تر جەمسەرەکان بە روخسارێکی پاشتمۆدێرنەوە دەردەکەونەوە، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی پێشمۆدێرنەوە ئیش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ