رووداو دیجیتاڵ
کچەنووسەرێکی دانیشتووی شاری هەولێر، کتێبێک بە ناوی "مردنێکی بێدەنگ" دەنووسێت؛ دەزگەی چاپ و پەخشی رێنمایش ئەرکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتیبەکە لە ئەستۆ دەگرێت. نووسەری کتێبەکە دەڵێت: "بڕیارە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوبکرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، سێبەر فارس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبی مردنێکی بێدەنگ، دوایین کتێبی منە کە بەمزووانە لە چاپ دەگەڕێتەوە و بڕیارە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوبکرێتەوە".
بە گوتەی سێبەر فارس، کتێبەکە 230 لاپەڕەیە و قەبارەی کتێبەکەیش 14 بە 21 سانتیمە. دەشڵێت: "کتێبەکە باسی ئازاری لەدەستدان دەکات و ئەوە بەدرۆ دەخاتەوە کە کەس لە دوای کەس نامرێت؛ چونکە مردن هەر ئەوە نییە بتخەنە نێو گۆڕەوە، بەڵکو هەندێک جار مرۆڤ تووشی نائومێدی و رەشبینی ببێ ئەوە مردنە."
ئەو کچە نووسەرە دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا دوو رۆمانی بە ناوەکانی "ئازاری چۆلەکەکان" و "سێبەری مەرگ" نووسیوە و هەردوو رۆمانەکەشـی پێشوازییەکی باشی لێکراوە.
لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکەیەوە، سێبەر فارس روونیکردەوە، "کتێبەکەم سەرنج دەخاتە سەر تووشبوونی مرۆڤ بە بێمتمانەییەکی زۆر، کە دەیگەیێنێتە دۆخێک لە رووی دەروونییەوە هەست بە هیچ دڵخۆشییەک نەکات؛ هاوکات بە هیچ شتێ سەرسام نەبێ و راینەچڵەکێنێت."
نووسەر ئاماژەی بەوەشدا، "کتێبەکە ئەو وردە مردنانە دەخاتە بەر باس و بە مردنی راستەقینەیان دەچوێنێت."
کتێبی "مردنێکی بێدەنگ" بڕیارە بە تیراژی 500 دانە چاپ بکرێت؛ دەزگەی چاپ و پەخشی رێنما لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوی دەکاتەوە.
سێبەر فارس لە 11ی 6ی 1995 لە هەولێر لەدایکبووە. بەشی کوردی لە پەروەردەی بنەڕەتیی زانکۆی سەڵاحەدین تەواو کردووە و یەکێکە لە خوێندکارە یەکەمەکانی بەشەکەی و هاوکات دبلۆمی لە بەڕێوەبەردنیش هەیە.
جگە لە کتێبی "مردنێکی بێدەنگ"، رۆمانی "ئازاری چۆلەکەکان" لە دووتوێی 115 لاپەڕەدا چاپکراوە، رۆماننووس لەبارەیەوە دەڵێت، "لەم رۆمانەدا باسی چیرۆکی ئەو منداڵانە دەکەم کە فڕێ دەدرێن و بەبێ کەسی گەورە دەکرێن، چیرۆکی خەمهێنی ئەو منداڵانە دەگێڕمەوە کە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت، دەبنە قوربانی ویست و ئارەزووی مرۆڤەکان و ژیانیان بە کولـلەمەرگی بەڕێدەکەن".
هەرچی رۆمانی "سێبەری مەرگ"ـە لە دووتوێی 249 لاپەڕەدایە، بەگوتەی نووسەرەکەی، "ئەم رۆمانە باسی چیرۆکی ژیانی کچێک دەکات بەهۆی ئەوەی دایکی سۆز و خۆشەویستی خۆی پێشکێش ناکات، بۆ پڕکردنەوەی ئەو خۆشەویستی و بۆشاییە پەنا دەباتە بەر دەورووبەرەکەی، ئەوەش تووشی مەرگی دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ