رووداو دیجیتاڵ
رۆمانی (رووبارەکانی ئاسمان) کە لەلایەن ئەلیف شەفەق، نووسەری بەناوبانگی تورک بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لەلایەن ئازاد مەحموود وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بڵاوکرایەوە. شەفەق لە بەشێکی ئەو رۆمانەدا باسی کوردی ئێزدی و نەهامەتییەکانیان دەکات.
ئازاد مەحموود بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کتێبەکەی بڵاوکراوەتەوە و دڵنیایە هاوشێوەی بەرهەمەکانی پێشووی ئەلیف شەفەق، دەنگدانەوەی دەبێت. گوتیشی، ئەلیف شەفەق چەندین هێڵی جیاوازی چیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە لە وڵاتە جیاوازەکان و ساتەوەختە مێژووییەکاندا روویانداوە. ئەو نیشانی دەدات کە چۆن ژیان بەهۆی مێژوو، کۆچ، زەبر و زەنگی باسنەکراوەوە لە قاڵب دەدرێت.
رووبارەکانی ئاسمان، رۆمانێکە باسی یادەوەری و لەدەستدان و پەیوەندیی پەنهانی نێوان مرۆڤەکان لە تەواوی کات و شوێنەکان دەکات. رۆمانەکە لە ناخی خۆیدا بەدواداچوون بۆ شوناس و سەربەخۆیی دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لە نێو کولتوورە جیاوازەکاندا دەژین یان هەست بە رەگداکوتاویی کولتوورێک دەکەن.
ئەلیف شەفەق، هاوشێوەی زۆربەی بەرهەمەکانی پێشووی، چیرۆکەکانی مرۆڤ ئاوێتە بە تەوەری سیاسی و کولتووری دەکات. هەروەها بەبیر خوێنەران دەهێنێتەوە کە هاوسۆزی دەتوانێت مەودای بەرفراوان لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست بکات.
لەکاتێکدا دایکی بە سکی پڕەوە لە تونێڵە زێرابەکانی لەندەنی سەردەمی ڤیکتۆریا زبڵ و خاشاک کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بژێویی ماڵباتەکەی پێ دابین بکات، ئارسەر لە دایک دەبێ. ئەو منداڵەی کە لە کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی لەندەن بە برسییەتی گەورە بوو، لەبەر نەبوونی چرا و مۆم لە ماڵەکەیاندا، چاوەڕوانی مانگەشەوی دەکرد بۆ ئەوەی بخوێنێتەوە.
بە تێپەڕینی کات، ئارسەر بووە کەسێکی ناوداری لەندەن و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە توانی نووسینی بزماریی سەردەمی میزۆپۆتامیا بخوێنێتەوە. ئەو لە پێناو خولیا و دۆزینەوە پارچە هۆنراوەیەکی داستانی گلگامێش دەچێتە نەینەوا و هەر لەوێ، دوور لە خێزانەکەی و دوومنداڵە بچووکەکەی، لە بیابانێک بەهۆی نەخۆشی مەلاریا و تاعوون دەمرێت؛ هەر لەوێش دەنێژرێت.
شەفەق باسی کوردی ئێزدی و هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکەیان دەکات
ئەلیف شەفەق لە بەشێکی رۆمانەکەدا باسی ئەو ستەم و گوشارە دەکات کە لە دێرەوە هەتا سەردەمی داعش دەرهەق بە کوردی ئێزدی کراوە.
نارینە کارەکتەرێکی نێو رۆمانەکەی ئەلیف شەفەقە و کوردی ئێزدییە. داپیرەی نارین باسی ئەو ئاستەنگ و ئاریشانە دەکات کە بەهۆی ئایینییەکەیانەوە بۆیان دروستکراوە.
ئەلیف شەفەق هەوڵیداوە لەڕێی ئەو رۆمانەوە بەشێک لەو بۆچوون و زانیارییە هەڵبەستراوانە روونبکاتەوە کە لەڕێیەوە کوردی ئێزدی ئازار دەدرێن. بۆ نموونە داپیرەی نارین زۆر شت بە نارین دەڵێت و خوێنەر بۆی روون دەبێتەوە کە بەشێکی زۆر لەو قسەو باسانەی لەبارەی ئەوان بیستوومانە، هەڵبەستراو و دروستکراون.
لەکاتێکدا داپیرەی نارین هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمەیە بۆ نارین باسدەکات، داعش هێرشدەکاتە سەر ناوچەی کوردی ئێزدی و نارین دەکەوێتە دەستیان. ئەندامانی داعش نارین دەفرۆشن و ئەو رووبەڕووی زۆربەی ئەو نەهامەتییانە دەبێتەوە کە داپیرەی وەکو مێژوو بۆی باس کردبوو.
ئازاد مەحموود، وەرگێڕی رۆمانەکە هەتا ئێستا 10 بەرهەمی وەرگێڕاوە. کتێبەکانی ئەلیف شەفەق؛ (10 خولەک و 38 چرکە)، (دوورگەی درەختە ونبووەکان) و (رووبارەکانی ئاسمان)ـی وەرگێڕاوەنەتە سەر زمانی کوردی.
وەرگێڕ بڕوانامەی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزیی لە زانکۆی ئەستن/بێرمینگهامی بەریتانیا بەدەستهێناوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆری میدیایی رووداودا گوتی:" بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەم رۆمانە بۆ بەرهەمەکانی پێشووی ئەلیف شەفەق دەگەڕێتەوە. یەکەمجار کتێبی (چل رێساکەی عەشق)ـی هەمان نووسەرم خوێندەوە، سەرنجی راکێشام کە دوو سەردەمی زۆر جیاوازی بەیەکەوە گرێداون. ئیدی لەوەوە بیرۆکەی وەرگێڕانی کتێبەکانی ئەو نووسەرە تورکە کە بە ئینگلیزییەکی زۆر باش دەنووسێت، لە لام گەڵاڵە بوو. ئەمە وایکرد سێ دوایین رۆمانی ئەلیف شەفەق، کە ئەمەی ئێستا دواین دانەیە، وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی".
ئازاد مەحموود هەروەها دەڵێ، رۆمانەکانی ئەلیف شەفەق جگە لەوەی لە چوارچێوەی چیرۆکی خۆشەویستی یان تراژیدی دەخولێنەوە، زانیاریی زۆرت لەسەر سیاسەت، کولتوور، دابڕان، یادەوەری و زۆر شتی دیکە پێ دەدەن.

ئەلیف شەفەق کێیە؟
ساڵی 1971 لە فەرەنسا لەدایکبووە
نووسەر، ئەکادیمی و چالاکڤانە
هاووڵاتیی تورکیایە
زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانێت
زیاتر لە لەندەن و ئیستەنبووڵ دەژی
کۆلیژی ئابووری و یەکە کارگێڕییەکانی لە زانکۆی ئۆرتادۆغو تەواوکردووە
خێزاندارە و دایکی دوو منداڵە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ