بەشی سێیەم و کۆتایی
کاتێک بەهای کۆن چیتر دەرەقەتی هێزەکانی ژیان نایەت، ئیتر لەڕێی بەهای نوێوە شەڕی لەگەڵدا دەکرێت. کۆن وەلا دەچێت و نوێ دێت. ئەوەی تەوقی کولتوورێکی نەگۆڕ دەشکێنێ ئەو هێزەیە کە لە دەرەوە دێت و فشاری دەخاتە سەر. هێزی نوێ، نامۆ، ترسناک.
رەنگە دیارترین فاکتەری سەرهەڵنەدانی نوێگەری لە دنیای ئێمەدا بریتی بێت لەوەی، لە فەرهەنگی ئێمەدا هیچکات پرسیار سەبارەت بە بەهای کۆن و بەهای نوێ نەکراوە. هیچکات بوونی ئارا، دۆخی ئارا و ریالیتێت نەبووەتە پێوەری قەیرانەکان. هیچکات ململانێی ئەو دووە لێکدژانە رەوڕەوەی مێژووی نەسووڕاندووە. هەڵەی هۆشیاریی رۆژهەڵاتییەکان لەوێدا مت بووە کە واقیعی خۆیان وەکو جیهانێکی هۆمۆجێن و یەکانگیر دەبینن نەک وەک جیهانێکی هیترۆجێن و نایەکانگیر. فەرهەنگێکیش ڕەهەندی هیترۆجینی هەڵنەگرتبێت هیچکات ناتوانێت بەهای تری جیاواز و شتی تری نوێ دابهێنێ. نوێ بریتییە لە دەرخستنی شاراوە، واتە ئاشکراکردنی ئەوەی ناوەوە و هێنانە سەرەوەی ئەوەی خوارەوە، نوێ واتە گۆڕینی هیرارشیەتی بەهاکان. ئەگەر کولتوورێک نوێ بەرهەم نەهێنێ، واتە هەموو شتەکان لەو کولتوورەدا دیار و ئاشکران، هەقیقەت توخمێکی ئاشکرا و دیارە و هیچ لۆچ و بنەوە و ناوەوەیەکی نییە. کولتوورێک جیاوازی بەرهەم نەهێنێ، واتە کولتوورێکە هیچ هیرارشی تێدا نییە کە سەرەوە و ژێرەوە لەخۆی بگرێت. گەر ئەم جەمسەرانە، ناوەوە/ دەرەوە، سەرەوە/ خوارەوە، ئاشکرا/ شاراوە هیرارشیی فەرهەنگێک پێکنەهێنن، هیچکات ململانێ و رەخنە و هەڵسەنگاندنی بەهاکان روونادات و تازەگەری بەخۆیەوە نابینێ. نوێگەری داهێنان نییە لە هیچی نادیارەوە، بەڵکو گۆڕانکارییە بەسەر شتە دیارەکانەوە، بەسەر بەها باوەکانەوە. داستانی نوێگەری هەروا هاتووە، نیتچە و فرۆید و هایدێگەر خۆیان لەگەڵ "ئامادە" دا دەرگیر کرد، ئنجا توانییان "نائامادە" بهێننەوە یادمان. رۆژاوا بەردەوام و بە مۆدێل و ڕێچکەی جۆراوجۆر "ئامادە" و "دیار"ی خۆی دەنرخێنێتەوە و تازەگەری تێدا دەکات. کەچی رۆژهەڵات رەخنە لە بەهای زاڵ ناگرێت. نوێگەری لە رۆژهەڵات پتر هەوڵدان بووە بۆ نوێکردنەوەی بەها باوەکان و پەل پێهاویشتنی، نەک هەوڵی لەبەهاخستنی واقیعەکەی بێت. نوێگەری سەرەوژێرکردنەوەی هیرارشیبوونی بەهاکانە، لەکاتێکدا نوێکاری رتووشکردنی روخساری بەهاکانە و درێژەپێدانی بەهای باو و دۆخی ئارایە.
نەبوونی ململانێی دووانە لێکدژەکان لە کولتووری رۆژهەڵاتیدا وای لێکردووە بەردەوام خۆی لەگەڵ واقیعی ئارادا، لەگەڵ تاکە ڕاستییە دیارەکەدا دەرگیر بکات. ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لەناو هەمان بازنەی کولتووریدا بسووڕێتەوە بەبێ ئەوەی بازنەیەکی تر بکێشێ. لەکاتێکدا کولتووری خۆراوا بەو دیشۆتۆمییە/ دووانایەتییە دەژی و خۆی تێدەپەڕێنێ کە لە سەردەمی گریکەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. ئەوەی بۆ چەندین سەدە لەناو ئەم بازنەیەدا رۆژاوای دەسووڕاندەوە پلاتۆنیزم و مەسیحایەتی بوو. بازنەیەک بە سەرهەڵدانی شۆپنهاوەر و نیتچە بەشێوەیەکی ڕادیکال تەقێنرایەوە و بووە چەندین بازنەی سەربەخۆ. خەسڵەتی سەرەکی بیری ڕۆژئاوا بریتییە لە دووانایەتی جەوهەرەکان. واتە ڕۆژاوا "ڕاستی و بوون" دەخاتە نێو ململانێی ئەو دووانەلێکدژانەوە. هەموو نوێگەری ڕۆژاواش لە بەهەڵە تەماشاکردن و لە ڕەخنەلێگرتنی ئەوەی هەیە و زاڵە دەستیپێکردووە. لەکاتێکدا بیری ڕۆژهەڵاتی ئەم پرۆسێسە ناژی. بوون لە ڕۆژهەڵات شتێکی هەڵە و لەیادکراو نییە، بەڵکو هەر ئەو تاکە راستییە ڕەهایە هەیە و بەس. رۆژهەڵات بەوە دەژی کە ئێستایەکی یەکانگیری هەمیشەگی دەژی، کەچی رۆژئاوا بەو جەمسەرە نەریتییە لە نێگەتیڤیتێتی بوون تێدەگات و لە ساتەوەختێکی مێژووییدا دابڕانی بوونگەری و زانینگەری و جینگەری تێدا بەرپا دەکات، لەکاتێکدا فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی چ ئازارێکی نێگەتیڤی نییە لە ژیاندا و بەردەوام درێژە بەو ریشەیە دەدات کە بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشێ. مەرجیش نییە وەرچەرخانی زەمەن ببێتە مایەی گۆڕینی هیرارشیبوونی بەهاکان، بەڵکو رەنگە لەو قۆناغەدا هیرارشیی بەهاکان هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە، تەنیا ماسکی تر بکات بە ڕوویەوە. بۆ نموونە، هەم لە دوای راپەڕین و هەم لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیشەوە، ئەگەرچی زەمەنێکی تەواو جیاوازن لەوەی پێش خۆیان، کەچی هیرارشیبوونی بەهاکان بێ دەستکاریکردن مایەوە. سترەکتوری بەها کۆمەڵایەتی و مۆراڵی و ئاینییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵیان بەسەردا نەهات، بگرە توندڕەوتر بوون. راستە ئێمە زەمەنێکی تر دەژین جیاواز لە تۆتالیتێری بەعس، کەچی لەڕووی بەهاوە ئێمە نەچووینەتە نێو ڕۆژگارێکی نوێوە. هەمان ئەم سیناریۆیە لە وڵاتانی وەک سوریا و میسر و لیبیا و یەمەن و ئێران و ئەفغانستاندا یاریی ڕادیکاڵانەی خۆی دەکات. لێرەوەیە نادادی ناکەین گەر بڵێین، هیچکام لە راپەڕینە رۆژهەڵاتییەکان لە هیچ وێستگەیەکدا نوێگەر نەبوون. بۆیە کولتوورێک بەهای نوێ نەئەفرێنێ، هیچکات ناشێت پێی بگوترێ نوێگەر. ئەم جۆرە فەرهەنگانە دەشێت پێیان بگوترێ کولتووری نەگۆڕ، یان کولتووری داخراو کە ناکەونە ژێر کاریگەری بەهاکانی ترەوە. کولتوور خۆی چییە جگە لە سیستەمی کارتێکردن. لێرەوەیە نوێ کاتێک دەبێتە نوێ کە لەنێو کۆبەندییەکی فەرهەنگیدا خۆی ببینێتەوە، نەک تەنیا بۆ تاکە کەسێک نوێ بێت. نوێ دەبێت بچیتە نێو ئەرشیڤ و یادەوەریی فەرهەنگییەوە. ئەگەرچی سەرەتا تاکەکەس پێشوازی لە نوێ دەکات، بەڵام دواتر دەبێتە میوانی کۆمەڵگە. ئەرشیڤیش ماتەریاڵێک نییە لەنێو کتێبخانە و مۆزەخانەکاندا هەڵگیرابێت، بەڵکو وەک دێریدا دەڵێت، بریتییە لە دەقێکی بێکۆتا کە تێیدا جیاوازیی نێوان کۆن و نوێ دەسڕدرێتەوە.
سەدەی نۆزدە دەستپێکی وەرچەرخانێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ڕۆژئاوا، تا ئەو ساتەوەختەی مەسیحیەت پێیوابوو مرۆڤ خودانی ئیرادەی خۆی نییە و ئەوەی لە ژیاندایە بریتییە لە دوا دۆخ و لەسەرووی ئەوەوە ئاستێکی تر بوونی نییە، شۆپنهاوەر هات و بە چەمکی "ئیرادە" هەموو هزری جیهانبینی مەسیحی هەڵتەکاند و جیهانی کردە دیاردەیەکی ئیرادەویی ڕووت کە بەردەوام ژیان تیایدا زۆرتر و زۆرتر دەبێت. بەپێی دەستنیشانکردنی شۆپنهاوەر و نیتچە، هەموو پەرەسەندنێکی شارستانی لە ڕامکردنی ئەو هەستە نێگەتیڤە و، لە پەروەردەکردنی ئەو ئازار و پاسیۆنە گەورەیەوە ڕوویداوە.
دۆخی ڕۆحی جیهانی ئێمە لەمڕۆدا دەشێت بەو قۆناغەی ڕۆژاوا بەراورد بکرێت کە تێیدا ئاین بریتییە لە تاکە میدیۆمێک هەقیقەت و یەقینمان پێدەدات. لە عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و لوبناندا هێشتا چاوەڕوانی لەدایکبوونی شۆڕشێکی مۆراڵی دەکرێت بۆ لەناوبردنی ئەو بەها کۆنانە و بونیاتنانی مۆراڵێکی تری نوێ.
کۆمەڵگەی ئێمە نە خەسڵەتی سۆسیالیزمی تێدایە و نە خەسڵەتی ئیندیڤیدوالیزم. بەڵکو پتر سترەکتورێکی خێڵەکی هەیە و دەستپێکی هەر مۆدێرنەبوونێکمان تەنیا بە شکاندنی ئەو سترەکتورە دەتەقێتەوە. لێرەوەیە ئاین لەو کۆمەڵگایانەدا بووەتە ئامرازێک بۆ درێژەپێدانی مۆراڵی خێڵەکی.
خێڵ لە سەردەمی ئەمڕۆماندا فۆرمی نوێی وەرگرتووە، بەڵام بەهەمان ئامێرگەلی کۆن ئیش دەکات. خێڵ لەناو دەسەڵاتی ئاپۆڕە و پۆپۆلیزمدا دەبینرێت، خێڵ لەناو دەستەبژێری ڕۆشنبیراندا دەبینرێت، لەناو سۆسیالمیدیادا دەبینرێت. تا ئەم سترەکتورە پتەوتر ڕۆچێت، لەبەرزاییەکاندا هیچ تروسکاییەک بۆ تاکەکەس نابریسکێتەوە.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەموو فیکری نیتچە بریتی بوو لە بەگژداچوونەوەی ئەو دیموکراسییە جەماوەرییەی مرۆڤی مێگەلی و کۆیلە و بێ ئیرادەی دروست کردبوو. قڵپکردنەوەی بەهاکان لای نیتچە لەسەر هەموو ئاستە کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسییەکاندا روویداوە.
لە هەرێمەکەی خۆشماندا لە دوای ڕاپەڕینەوە تادێت برەو بە دروستبوونی مۆراڵی ئاپۆڕەیی و بە پۆپۆلیزم و بە دیموکراسیی خێڵەکی دەدرێت و ئینتیما بۆ کەس و بۆ خێڵ و بۆ ئایدیۆلۆژیا گەورەتر و لەپێشترە لە دەروەستی بۆ نەتەوە و بۆ ئایدیا و بۆ ئیندیڤیدوالیزم. لەوەتەی قەیرانی ئابووریش بەرۆکی دۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستانی گرتووە، لە زۆر شوێنەوە ئەو دەنگە نیهیلیستە، ئەو هاوارە نائومێدبووە زەلیلە دێتە گوێمان کەوا مادام نیشتمان هیچی بە من نەبەخشیوە، با ببێت بە دۆزەخ.
نەمانی ئایدیاڵی ئۆبیەکتیڤی و زاڵبوونی ئیگۆیزم لەناو کۆی کایەکانی ژیاندا، دەستپێکی هەموو داڕزانێکی مۆراڵییە و سەرهەڵدانی ئیگۆیەکی سامناکە. لەکوێدا ئیگۆیزم سەری هەڵدا لەوێدا بەربادی سۆسیال دادەڕزێنێ. مۆراڵ بریتی نییە لە گەورەکردنی خۆت و بردنی شتەکان بۆ خۆت، بەڵکو بریتییە لە تێپەڕاندنی خودی گچکەی خۆت و خۆگەیاندنە بە ئەویتر. بەلای کانتەوە هەموو بەهایەک لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ئاستە نزمەکەی خۆمان تێدەپەڕێنین. نیتچەش ئەمەی کتومت لە ئیمانۆئیل کانتەوە وەرگرتووە.
مرۆڤی ئیگۆیزم دەپرسێت: ئایا جیهان چی بە من دەبەخشێت؟ مرۆڤی مۆراڵیی نیتچەیی دەپرسێت: ئایا من چی بە جیهان دەبەخشم؟ مرۆڤی بەخشەر لای نیتچە بریتییە لە جۆرێکی نوێی مرۆڤ کە نیتچە لەژێر دوو چەمکدا دایناوە "مرۆڤی جوان" و "بەرزەمرۆڤ".
زەردەشتی نیتچە دەڵێت: ئێمە نابێت داوای خۆشی بۆ خۆمان بکەین، لە شوێنێکدا کە هیچ خۆشییەکمان نەبەخشیبێت.
ئەگەر نوێگەری بریتی بێت لە لەناوبردنی بەهای کۆن و داهێنانی بەهای نوێ، واتە بریتی بێت لە هەڕەشە و لە مەترسییەک بۆ بەهای کۆن، بریتی بێت لە نیگەرانییەکی نوێ و ئەزمووننەکراو، ئەوا هەموو نوێیەک جۆرێکە لە هەڕەشە بۆ سەر واقیعی بەها باوەکان. نوێ واتە بیرکردنەوە لە مەترسیدا (نیتچە)، واتە گواستنەوەی ئاگر بە زەرفی کاغەز (سلۆتەردایک). شتێک کە فەرهەنگی رۆژهەڵاتی بۆ نوێگەری پێویستێتی ئەو بیرکردنەوە سامناکەیە کە سەرچڵی بە هەموو بەها باوەکانی خۆی و سەرکێشی بە هەموو گەنجینە زەخیرەخراوەکەی کەلەپووری خۆیەوە بکات. لەبری ئیگۆیزم، ئازادیی ئیندیڤیدوالیزم دابهێنێ و لەبری دیموکراسیی مێگەلی، دیموکراسیی کۆگەلی دابهێنێ و لەبری تاکبوون، پێکەوەبوون دابهێنێ. پرۆسێسێکی وەهاش بەتێگەیشتن لە سوود و زیانەکانی بەها کۆنەکان و نوێیەکان بۆ ژیانمان دێتە دی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ