ئایا نوێگەری هیچ پێشینەیەکی هەیە، واتە هیچ سەرەتایەک و هیچ بنەمایەک هەیە لێیەوە سەرچاوەی گرتبێت، یان نوێگەری بریتییە لە خودی سەرەتاکە و لە خاڵی سفری داهێنانێک کە هیچ پێشینەیەک و هیچ پێشخانێک و هیچ سەرچاوەیەکی نییە؟ ئەمە ئەگەر دروست بێت، ئەوا ئەو گوتە فەلسەفییە راستە کە دەڵێت هەموو شتێک لە هیچەوە پەیدا بووە، ئەگەریش دروست نەبێت، ئەوا ئەو گوتە فەلسەفییە راستە کە دەڵێت: هیچ شتێک بێ بنەما و بێ هۆ دروست نەبووە. ئایا نوێ دابڕانە لە نەریت، یان کرانەوەی نەریتە؟
بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو ئەم تەڵەزگە فەلسەفییەوە کە دواتر بمانخاتە ناو بازنە شەیتانییەکەی پرسیاری ئایا مریشک لە هێلکە بووە یاخود بەپێچەوانەوە، ئێمە لێرەدا راستەوخۆ دەچینە نێو راڤەیەکی تری تێگەیشتن لە نوێ و لە نەریتەکانی. لە وتارەکەی پێشووترماندا کە بە سێ بەش بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی (نوێگەری و ئەرکەکانی)، توانیمان تا ڕادەیەک پەی بە چیەتی و ئیشکردنەکانی نوێگەری ببەین وەک رووداوی هەڵگەڕاندنەوەی بەهاکان. لەوێدا ئەو باوەڕەمان دووپات کردەوە کەوا نوێگەری سەرەتایەکی نوێیە، لێرەدا سۆراغی ئەم پرسیارە دەدۆزینەوە: ئایا سەرەتا بریتییە لە دابڕان لە هەموو نەریتە باوەکان و خۆخاڵیکردنەوەیە لە هەموو میراتێکی مێژوویی؟ ئەگەر نوێ دەستپێکی یەکەم هەنگاو بێت و ئەگەر هەموو سەرەتایەک لە هیچێکی میراتی و لە سفری زەمەنەوە هاتبێت، ئایا ئەمە نابێتە مایەی پێکدادانی فەرهەنگی و شەڕی نەوەکان و شەڕی نێوخۆیی جڤاتەکان؟ ئەگەر میراتی و نەریتەکان لەبەردەم هێزی سەرەتا نوێیەکاندا هیچ بن، کەواتە کەڵکی ئەو دابونەریتانە چییە بۆ کولتوور، لەکاتێکدا خودی کولتوور بریتییە لە سیستەمێکی نەریتی؟ گەر بەم تەرزە بەردەوام بین لە پرسیارکردن دەربارەی تێگەیشتن لە سەرەتا، ڕەنگە دواجار بگەینە ئەوەی کە بڵێین واپێدەچێ تا ئێستا بەهەڵە پرسیار لە سەرەتا کرابێت و دەرکمان بەوە نەکردبێت کە هەموو سەرەتایەک بریتییە لە چرکەساتێکی نوێگەری. بەوەشدا نوێگەری بریتییە لە دابڕان لە ترادیسیۆن، ئەوا دەستپێک بریتییە لە نوێگەری. نوێگەری لە مانا بەهاییەکەیدا بریتییە لەو رووداوەی بەهایەکی نوێی هەڵگرتبێت، کەسی نوێگەریش بریتییە لەو کەسەی هەڵگری ئەو وەرچەرخانەیە، لێرەوەیە نوێگەر دەچێتە ناو بەها و ناو ئاکارەوە و نەریتە بەهاییەکان وەردەچەرخێنێ، نوێگەر کەسێکە لەو نەریتە باوە دابڕێت و ببێتە سەرەتای دەستپێکێکی تری ژیان.
لە مێژووی هەموو فەرهەنگەکانی مرۆڤایەتیدا مرۆ دەتوانێت نموونەی وەها ببینێتەوە کە هەم لە خاڵی سفرەوە دەستیانپێکردووە و بوونەتە نوێگەر و هەم درێژەشیان داوە بە میراتە بۆماوەییەکان. بەڵام جۆرێک سەرەتا هەیە ئەگەرچیش وەکو یەکەمین دەستپێک دەردەکەوێت، کەچی نیگەرانە بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوەی سەرەتایەکی پێشتر بۆ خۆی. نیتچە ئەو راستییەی بۆ دۆزینەوە کەوا، بوون بریتی نییە لەوەی هەیە و بەس، بەڵکو پتر بریتییە لەوەی کە دەبێت، بەبوونبوون وەک گۆڕانکارییەکی هەمیشەیی لەناو بازنەی "گەڕانەوەی هەمیشەیی هەمانشت" دا بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە، لێرەدا نیتچە بەوە دەگات کە ئەوەی بەردەوام ئامادەیە و بەردەوام دەگەڕێتەوە ناو ژیان، بریتییە لە "گۆڕان و بوون"، هەمانشت لێرەدا بریتییە لە خودی گۆڕانەکە، واتە گۆڕان گەڕانەوەی هەمیشەییە لەناو ژیاندا.
نیتچە لەسەر ئاستی کولتووریش بۆ بەردەوامبوونی هێزی ژیان پێیوایە ناکرێ بەبێ نەریت بتوانین ڕەوت بکەین، بۆیە خودی نەریت نا، بەڵکو ئەو دەستەواژەی "نەریتێتی نەریت" بەکاردەهێنێ. مادام پێڤاژۆی شارستانی لە سەرچاوە دوور و دێرینەکانەوە هەڵدەقووڵێ، ئەوا رابوردوو بەردەوام دەیەوێت خۆی بەسەر هەنووکەدا بسەپێنێتەوە. ئەو سەرچاوانە وای دەبینن جگە لە ڕابوردوو، لەوەی بووە بە نەریت، شتێکی تریش هەبێت هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە دێرینەکە. لێرەوەیە نیتچە رستەی خۆی بۆ مێژووی شارستانی دەڵێت و پێیوایە یەکەمین رستەی شارستانی بریتی نەبووە لە وشە یان لە کردار، بەڵکو بریتییە لە نەریت. بۆیە لە هەموو بارێکدا: بوونی نەریت باشترە لە نەبوونی. هەموو گەشەسەندنێکی فەرهەنگی بەو میکانیزمە ڕەوتی کردووە کە ژێدەرە نەریتییەکانی خۆی بپارێزێ و لەهەمانکاتیشدا توانای خۆتازەکردنەوەی هەبێت. لە ساڵی 1945دا کۆمەڵێک ئەفسەری کورد (مستەفا خۆشناو،عیزەت عەبدولعەزیز و.. تاد) کۆمەڵەی ئازادی دادەمەزرێنن، ئەم فیگۆرانە ئەگەرچی سەر بە دەزگایەکی مۆدێرنن کە پێیدەگوترێ سیستەمی بەرگری، کەچی کەسایەتییەکی کاریزمیی وەک مستەفا بارزانی دەکەنە سەرۆک. دوای چەند ساڵێکی تریش کاتێک کۆمەڵێک رۆشنبیری شاری سلێمانی دەیانەوێت پارتێکی سیاسی مەدەنی دابمەزرێنن بەناوی پارتی دیموکرات، ئەوانیش هانا بۆ کەسایەتییەکی نەریتییانەی وەک مستەفا بارزانی دەبەن و دەیکەنە سەرۆکی پارتی. ئاوەها، ناپۆلیۆنیش وەک سەرکردەیەکی سێکولار و جیهانی نوێ و بەرجەستەکەری "ڕۆحی سەردەم" هیگڵ گوتەنی، یەکەمین کەس بوو خۆی کردە قەیسەری فەرەنسا، کەچی بۆ سێرەمۆنی و مەراسیمی تاج لەسەرکردنەکەی نامەی تکای بۆ پاپا پیۆس (Pius) ی حەوتەم نارد کە ئەرک بکێشێت و قەداسەتیان بەشداری سیرەمۆنی تاجاندنی یەکەمین قەیسەری فەرەنسا بکەن، کە پاپا لە رۆماوە دێت و بەشدار دەبێت، ناپۆلیۆن ئەنگوستیلەکەی دەستی پاپا ماچ دەکات.
ئەم نهێنییە هەمیشەییەی نێوان ترادیسیۆن و نوێگەری بریتییە لەو پاڵهێزەی هەموو جووڵەیەکی زیندەگی و فەرهەنگی دەبزوێنێ. سلۆتەردایک وای دەبینێ، ئەگەرچی ناپۆلیۆن دەستپێکی ڕاوێژکارەکانە و یەکەمین قەیسەرە و لەپێش ئەوەوە قەیسەری تر نەبووە، کەچی هەر حەز دەکات خۆی ببەستێ بە کەسێکی تری دێرینترەوە. هەمان ئەم لێکدانەوەیەش بۆ نموونە کوردییەکە دەستدەدات، ئەگەرچی هێزە نوێخوازەکان دەیانەوێت ببنە دەستپێکی نوێ، کەچی خولیای گەڕانیان بۆ کەسێکی کاریزمی نەریتی نەشاردووەتەوە. هەمان ئەم جیهانبینییە جەلال تاڵەبانیش دەگرێتەوە ساتێک کە شۆڕشی نوێی ڕاگەیاند، کەچی هیچکات نکوڵێ لە ژێدەرەکەی خۆی، لە پارتی و بارزانی نەدەکرد، ئەمە جگە لەوەی وەک کەسێکی عەلمانی خەونی حەجکردنیشی بەدیهێنا. چونکە ئەمان لەوە تێگەیشتبوون کە نەریتەکە ئەوەیە تەنیا کۆن ڕەوایەتی بە نوێ دەدات. وایتهیدیش دەڵێت: دەستپێکی حیکمەت ئەوکاتە بوو کە زانرا نەریت و ڕۆتینەکان بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتین. ئەم جۆرە حەزە لە خۆبەستنەوە بە میراتییە باوەکانەوە، بریتییە لەو جەبرە ئەخلاقییەی داوای ئەوەت لێ دەکات کە لەڕێی شەرعیەت و ڕەوایەتییەوە خۆت بسەپێنە و بەبێ ڕەوایەتییەک کە سەرچاوەکەی میراتییەکی فەرهەنگی بێت، چ ئاین و چ دابونەریت، مەحاڵە دەستپێکەکانت بناسرێن و دانیان پێدا بنرێت.
نەریتەکان هەرچۆنێک بن ژیان بەبێ هیچ نەریتێک نابێت، بگرە خودی ژیانی مرۆیی لەناو هەموو جڤاتێکی فەرهەنگیدا بریتییە لە داهێنانی نەریت و سیستەمی بەها، نوێگەری بریتییە لە سەردەمی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەهاکان بە شوناس و چییەتییەکی تەواو جیاوازەوە. بەم جۆرە هەم لە سەردەمی ترادیسیۆنیدا و هەم لە سەردەمی نوێگەریدا بەنەریتکردنی بەهاکان و پێوەرەکان روودەدات. ئەوەشی نیتچە پێیدەڵێت "نەریتێتی نەریت Sittlichkeit der Sitte"، تەنیا بریتییە لە "گەڕانەوەی هەمیشەیی" نەریتێک بۆ گۆڕانکاری.
رۆشنبیری ئەمڕۆی کوردی بەردەوام گازندەی ئەوەی لە فەرهەنگی کوردی هەیە کەوا فەرهەنگێکی نەریتییە و هیچ نوێگەرییەکی نەکردووە. من پێموایە ئەو دیدە زۆر کورتبینە و ناشارەزایی هەڵگرەکانی لە بوارەکانی کولتوورناسی و مرۆناسیدا پیشان دەدات. ئاشکرایە کورد کولتووری بۆماوەی کەمە، لە ئەرشیڤی دۆکیومێنتاریدا زۆر نەدارە، جگە لە گۆرانی و قسەی نەستەق و فۆلکلۆر شتێکی ئەوتۆ گرنگی بۆ نەماوەتەوە، تەنیا وەریگرتووە.. زۆرینەی بەشە ڕۆحییەکەی کوردی شتی وەرگیراوە، واتە شتی نوێ و دەستپێکی نوێن بۆ ئەو کایەیە، واتە فەرهەنگی کوردی خاڵی نییە لە نەریتی نوێگەری. بەمپێیە هەموو نووسینێکی کلاسیکی کوردی نووسینێکی نوێخواز بووە، چونکە لە ساتەوەختی خۆیاندا سەرەتایەکی تەواو نوێ بوون لەگەڵ واقیعی خۆیاندا. لە باباتایەری هەمەدانییەوە بیگرە بە تێپەڕینی بە مەلای جزیری و خانی و کۆیی و نالی و سالم و مەحوی و پیرەمێرد و گۆران و شێرکۆ بێکەس تا دەگاتە ئەم چرکەساتە کە بەختیار عەلییە، بەرهەمە نووسراوەکانیان وەکو دۆکیومێنتی نوێگەر دەبێت بچنە ئەرشیڤی یادەوەری و کتێبخانەی ئەدەبیاتی کوردییەوە. ئەوان تێڕوانینیان هەرچۆنێک بێت، زمانیان هەر شێوازێکی هەبێت، کەچی دواجار بریتین لە نەریتێک بۆ نوێگەری. چونکە هەر هەموو ئەو کارانە ئیش بۆ گەشەسەندنی ژیانی کولتووری و ڕۆحیی ئەو کایەیە دەکەن. کولتوورناس و مرۆناس نابێت خۆی لە کاریگەری ئەو کەرتە مەعنەوییە لابدات کە ئەو بوارانە لەناو واقیعی سەردەمێکدا دروستی دەکەن. بۆ نموونە لەڕووی فەرهەنگییەوە ناتوانین لەو سەردەمە تێبگەین کە خانی تێیدا ژیاوە گەر خانی نەناسین، بەبێ کۆیی و بەبێ نالی و بەبێ پیرەمێرد ناتوانین ڕۆحی سەردەم لەو سەردەمانەدا بناسینەوە، ئەوان تاکە کەرەسەی کولتوورییانەی ناو ئەرشیڤەکەمانن، ئیتر تۆ لێرەدا چاوپۆشی لەوە بکە ئەوان چییان گوتووە و تۆ بەدڵت نییە، ئەوان خۆیان زمانحاڵی سەردەمەکەیان بوون، وەکچۆن لەمڕۆدا ڕۆمانەکانی بەختیار بریتین لە میدیۆمی گەیاندنی ڕۆحی سەردەم. جا ڕۆحی سەردەم لە ساتەوەختێکی مێژووییدا دەشێت لەیەک ساتدا چەند میدیۆم و چەند زمانحاڵێکی هەبێت، بۆ نموونە لە سەدەی نۆزدەدا نالی و مەحوی ئەو ڕۆحە بەرجەستە دەکەنەوە، لە سەدەی بیستەمدا گۆران و شێرکۆ بێکەس. کرۆکی کولتووری کوردی، وەک هەر کولتوورێکی تر، هەڵگری ئەو نەریتە نوێخوازەیە، ئەمەش چیەتییەکە کە نیتچە پێیدەڵێت "نەریتێتی نەریت" و هەموو کولتوورناسێک دەبێت بێلایەنانە و سەربەخۆیانە لەبەرچاوی بگرێت.
نوێگەری وەکچۆن سەرەتایەکی تر و، دەسپێکێکی تری ئاکار و رووداوێکی بەهاییە، ئاواش دەبێت ببێتە نەریت و ئاکاری هەمیشەییانەی ناو هەر کایەیەکی فەرهەنگی و بەردەوام بگەڕێتەوە ناوی. بەمپێیە نوێگەری دەرگایەکە بە دوو دیودا دەکرێتەوە، بۆ ناوەوە دەکرێتەوە و بەها کۆنە زیندووە هەمیشەییەکانی ژیان لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و کە بۆ دەرەوەش دەکرێتەوە ئامادەیە پێشوازی لە دنیای تازە و نائاشناکان بکات. ئیتر لەکوێشدا نوێگەری بووە دەستپێکی بەهای نوێ، لەوێدا نەریتی ڕەخنەگرتن لەو دەستپێکە لەدایک دەبێت، ئەمەش پۆستمۆدێرنەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ