رێکخراوی تەندروستی جیهانی کەلوپەلی پێداویستی دەگەیێنێتە کەرتی غەززە

01-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کەلوپەل و پێداویستی دەگەیێنێتە نەخۆشخانەی ناسر لە کەرتی غەززە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، ئەو بڕە پێداویستییەی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەکە بەشی زیاتر لە هەزار نەخۆش دەکات، بەڵام برسێتیی خەڵکی و کۆبوونەوە لە دەوری بارهەڵگرەکە نەیهێشت پلانی رێکخراوەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.
 
کریس بالاک، بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی تەندروستی ناسڕین، تیمەکانمان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێکخراوی ئۆچا چەندین جۆر کەرستەی تەندروستیی دەگەیێنن. چەندین کەرەستە و پێداویستیی نەشتەرگەریشمان هێناون، کە بەشی نزیکەی هەزار نەخۆش دەکەن''.
 
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووە زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە غەززە لە دایکبوون، ئێستاش زیاتر لە 52 هەزار خانم لە غەززە دووگیانن، تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، پێویستییان بە هاوکاری بەپەلە هەیە. 
 
لە تەواوی کەرتی غەززە 36 نەخۆشخانە هەن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕ و نەگەیشتی پێداویستیی پزیشکی تەنیا 15 نەخۆشخانە کاردەکەن و ئەوانیش توانای ئەو ژمارە زۆرە نەخۆشیان نییە. 
 
نەخۆشخانەکانیش کارمەندی تەندروستی پێویستییان نییە و ئەوانەشی لەوێ کاردەکەن، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و تاوەکو ئێستا 192 کەس لە کارمەندانی نەخۆشخانەکان کوژراون.
 
مەحموود رەزا، پزیشکێکە لە غەززە و دەڵێت: "ژمارەی ئێمە وەکو پزیشک زۆر کەمە، لێرە لە بەشی فریاکەوتنی خێرا ژمارەی پزیشکەکان لە پێنج بۆ شەش پزیشک زیاتر نییە و هەر یەک لە ئێمە لەیەککاتدا زیاتر لە 10 نەخۆشمان هەیە، هەندێکجار خەڵک پێش ئەوەی بگەنە لای ئێمە گیانیان لەدەستداوە".
 
جەنگی غەززە لە چوار مانگ نزیک دەبێتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار کەس لە کەرتەکە کوژراون و بریندار بوون و لەکۆی دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی غەززەش، 80٪ـیان ئاوارە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە