رووداو - تەندروستی
هەمزە مەرتەری تەمەن 13 ساڵ، دانیشتووی گوندێكی سەر بە شارۆچکەی بێگرە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، هەر لە منداڵییەوە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەنی سکماکی بووە. ناتوانێت بچێتە قوتابخانە، توانای رۆیشتنی نییە و بە زەحمەت قەڵەم دەگرێت.
بۆ ئەوەی لە خوێندن دوا نەکەوێت، مامۆستاکان قوتابخانەیان بۆ بردووەتە ماڵەوە و بەیزا سۆیا، مامۆستایەکیەتی و دەڵێت: "چوار ساڵە دێین لە ماڵەوە وانە بە قوتابیەکەمان دەڵێینەوە. هاوڕێکەم وانەی تورکی و ماتماتیک، منیش وانەی زانستی پێ دەڵێمەوە. قوتابییەکەمان هەندێكجار کە بێزار دەبێت دەیبەین بۆ قوتابخانە و ژینگەیەکی جیاوازی بۆ دابین دەکەین. لە پۆلی یەکەم دا زۆر بەخێرایی فێری خوێندنەوە و نووسین بوو. لە رووی ئەکادیمیەوە هیچ کێشەیەکی نییە، ئاستێکی زۆر باشی هەیە".
لەسەر داواکاری خێزانەکەی ماوەی چوار ساڵە دوو مامۆستا لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ و لە رۆژێکدا دوو کاژێر دەچنە ماڵەکەی و وانەی پێدەڵێنەوە، بەهۆی ئەم پاڵپشتییەوە هەمزە و ماڵباتەکەی لە ئاستەنگییەکانی نەخۆشییە دەگمەنەکەیان کەمبووەتەوە.
هەمزە مەرتەر، کە قوتابییەکەیە و نەخۆشییە دەگمەنەکەی هەیە دەڵێت: ''چوار ساڵە وانە دەخوێنم. مامۆستاکان دێن لە ماڵەوە وانەم پێ دەڵێنەوە. هەندێکجار بێزار دەبم، مامۆستاکانم یان دایکم دەمبەنە قوتابخانە. لەوێ لەگەڵ هاوڕێکانم دادەنیشم و قسە دەکەم."
تووشبووانی ئەم نەخۆشییە دەگمەنە سکماکییە، پێکهاتەیەکی کڕکڕاگەیی ئەندامەکانی جەستەیان بە ناوی هایلاین، رەق دەبێت و لە بەشە کڕکڕاگەییەکانی جەستەدا کۆدەبێتەوە، بەمەش پێستیان ئەستوور دەبێت و گرێ لە شوێنە جیاوازەکانی جەستەیان دروست دەبێت. تووشی چەندان نیشانە و نەخۆشی جیاواز دەبن، کە شێوازی ژیانیان تێکدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ