رووداو - تەندروستی
لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەردی بناخەی نەخۆشخانەیەکی راوێژکاریی نوێ بە گوژمەی یەک ملیار دینار دانرا، کە بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی، ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و بەرزکردنەوەی کواڵیتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە لە سنوورەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-1-2025 د. محەممەد ئازاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید هەژار لە کەلار، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سەنتەرێکی فریاکەوتنی پێشکەوتوو کە جێگەی بەشی فریاکەوتنی کۆن دەگرێتەوە. گوتیشی: "ئەم نەخۆشخانە نوێیە دەبێتە سەنتەری سەرەکیی فریاکەوتن لە کەلار و ناوچەکە."
سەبارەت بە بەشەکانی نەخۆشخانەکە، د. محەممەد ئازاد روونیکردەوە کە پڕۆژەکە چەندین بەشی پزیشکیی گرنگ و پسپۆڕی لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشەکانی هەناوی، شکاوی، دڵ و گورچیلە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید هەژار ئاسۆی داهاتووی پڕۆژە تەندروستییەکانیشی لە سنوورەکە خستەڕوو و گوتی: "لە پلانی داهاتووماندایە سەنتەرێکی تایبەت بە سووتاوی و هەروەها سەنتەرێکی دیکەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی مەمک لە کەلار بکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ