رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕای عێراق دەڵێت، نزیکەی 30%ی پێداویستیی نێوخۆیی دەرمانیان پڕکردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەست بە دروستکردنی ڤاکسین و دەرزیی ئەنسۆلین دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 د. محەممەد عەبدولقادر نعێمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕای سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا 236 دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دروست دەکەین. نزیکەی 300 دەرمان و پێداویستیی دیکەی پزیشکیش تۆمار کراون و لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هاوبەشیی کەرتی تایبەت، دەست بە دروستکردنیان دەکەین."
د. محەممەد عەبدولقادر گوتیشی، "بەکاربەری دەرمان لە عێراق زۆرە. حکومەت مۆڵەتی بە 120 پڕۆژەی دروستکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی داوە. ئێستا 35 کارگەی دەرمان لە دامەزراندان. نزیکەی 30%ی پێداویستیی نێوخۆیی دەرمانمان پڕکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە 4 بۆ 5 ساڵی دیکەدا بگەینە ئاستی خۆبژێوی."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەگەڵ کەرتی تایبەت کار بۆ دروستکردنی ڤاکسین دەکەین و کۆمپانیاکەمان دەبێتە یەکەمین کۆمپانیا لە عێراق کە چەند جۆرێکی ڤاکسین و دەرزیی ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت. پڕۆژەکەش لە 5 ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت."
ساڵی رابردوو داهاتی فرۆشی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا زیاتر لە 39 ملیار دینار بووە. د. محەممەد دەڵێت، "تێکڕای داهاتی مانگانە نزیکەی 3 ملیار دینارە و جگە لە بریکاری ئێستای کۆمپانیاکەمان، بریکارنامەیەکی دیکەمان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، چونکە داواکارییەکی زۆر لەسەر دەرمانەکانمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە."
کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا ساڵانە بایی زیاتر لە 5 ملیار دینار دەرمان و کەرەستەی پزیشکی رەوانەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی، "داوامان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کردووە رێکارەکانی بەردەم ناردنی دەرمانی کۆمپانیاکەمان ئاسانتر بکات، چونکە سەرەڕای ئەو پشکنینە فیدراڵییانەی دەکرێن بۆ دەرمانەکانمان، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوامان لێدەکات جارێکی دیکە لە وەزارەتەکەی ئەوانیش پشکنین بۆ دەرمانەکان بکەین."
کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا لە ساڵی 1965 دامەزراوە و لە ساڵی 1970 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. ئەو کۆمپانیایە خاوەنی 8 بڕوانامەی جیهانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ