بۆچی سەرەڕای بەکارهێنانی حەبەکانی پێشگیریکردن لە دووگیانی، دووگیان دەبیت؟

01-12-2020
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن دووگیانی
A+ A-

رووداو- دیجیتاڵ

یەکێک لە رێگە کاریگەرەکان بۆ پێشگیریکردن لە دووگیانی بەکارهێنانی حەبە، حەبەکانیش چەند جۆرێکیان هەیە بەڵام ئەوانەی کە لە هەردوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیستڕۆن پێکهاتوون رێگە لە پرۆسەی هێلکەدانان دەگرن، هەندێ جۆری دیکەیان هەن کە گۆڕانکاری لە ملی منداڵدانی خانمانەکە دروستدەکەن و ناهێڵن سپێرم بگاتە هێلکە.


بەشێکی خانمان سەرەڕای بەکارهێنانی حەبی مەنع دووگیان دەبن، هەرچەندە کاریگەری حەبەکان بۆ پێشگیریکردن لە دووگیانی تەنیا ٪91 کاریگەرە ئەمەش مانای ئەوەی لە 100 خانم کە حەبەکە بەکاردەهێنن 9 خانم دووگیان دەبن، بەڵام بەگشتی چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن سەرەڕای بەکارهێنانی حەبەکان دووگیان بیت ئەوانەش:

فەرامۆشکردنی خواردنی حەبەکە
کۆمپانیاکان بەجۆرێک حەبەکانیان دروستکردووە کە رۆژانە بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی کاریگەربێت، بۆیە ئەگەر کەسێک رۆژانە لەبیربکات حەبەکە بخوات هۆڕمۆنەکانیان لە ئاستێکی گونجاو نامێنێتەوە بۆ ئەوەی رێگە لە دووگیانی بگرێت، بۆیە ئەگەر ناتوانیت بەشێوەیەکی بەردەوام پابەندی خواردنی رۆژانەی حەبەکان بیت باشتروایە رێگەیەکی دیکەی پێشگیریکردن لە دووگیانی هەڵبژێریت.

رشانەوە
بەشێکی خانمان دوای بەکارهێنانی حەبەکە تووشی رشانەوە دەبن، ئەم رشانەوەیەش وادەکات کە جەستە نەتوانێت بە تەواوی حەبەکە هەڵبمژێت.

بەکارهێنانی دەرمانەکانی دیکە
هەندێ دەرمان هەن کە بۆ مەبەستی دیکە لەوانەیە بەکاربهێندرێن بەڵام کاریگەری حەبەکانی مەنع کەمدەکەنەوە بۆیە باشتروایە خانمان هیچ دەرمانێکی دیکە لەخۆیانەوە بەکارنەهێنن چونکە لەوانەیە کاریگەری حەبەکان کەمبکاتەوە.

بۆ ئەوەی تووشی ئەم گرفتانە نەبیت و حەبەکانی بەتەواوی کاری خۆیان بکەن بۆ پێشگیریکردن لە دووگیان ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:

1-حەبەکان رۆژانە لە کاتێکی دیاریکراو بەپێ ئەو رێنماییانەی پزیشکەکەت بۆی دانایت بخۆ.
2- هیچ دەرمانێکی دیکە لەخۆتەوە بەکارمەهێنە بۆ ئەوەی کاریگەری حەبەکانت کەمنەکاتەوە.
3- لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی نەخوازراو دوای بەکارهێنانی حەبەکان راوێژ بە پزیشکەکەت بکە.
4- ئەگەر بە بەکارهێنانی حەب ئاسوودەنیت، لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکە بۆ ئەوەی رێگەیەکی دیکەت بۆ تاقیبکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە