رووداو - تەندروستی
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، پشکنینی پزیشکیی گەشتیارێکی ئەمریکی و خانمێکی فەڕەنسی کە لەو کەشتییە گەشتیارییەدا بوون کە ڤایرۆسی "هانتا"ی تێدا بڵاوبووەتەوە، گەڕاونەتەوە و پۆزەتیڤ دەرچوون و بە فەرمی تووشبوونیان راگەیەندرا، هەروەها گەشتیارێکی تری ئەمریکیش نیشانەی سووکی نەخۆشییەکەی تێدا دەرکەوتووە.
ئەم تووشبووانە بە رێکاری تەندروستیی زۆر توند و لەناو یەکەی تایبەتی دابڕاودا لەناو فڕۆکەدا گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبەن؛ وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا، گەشتیارە ئەمریکییەکە دەبەن بۆ ژوورێکی تایبەتی دابڕاو لە نەخۆشخانەی زانکۆی نەبراسکا، کە لە هەموو ئەمریکا تاکە شوێنی تایبەتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە زۆر مەترسیدارەکان دروست کراوە. بەگوێرەی سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، ئەم خانمە فەڕەنسییەکە لە کاتی گەشتە فڕۆکەییەکەیدا لە تێنەریفەوە بەرەو پاریس نیشانەکانی لێ دەرکەوتووە، بەو هۆیەشەوە خۆی و چوار هاوڕێکەی دیکەی کە لەگەڵی بوون، راستەوخۆ خراونەتە ژێر چاودێرییەکی توندی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی پاریس.
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە زۆربەی گەشتیارەکانی تر گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان و ئێستا نیشانەیان نییە، بەڵام دەبێت بۆ ماوەی 42 بۆ 45 رۆژ لەژێر چاودێری ورددا بن، چونکە ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە کە ناوی "ئەندێز"ە، دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە و رێژەی مردنیش تێیدا دەگاتە 40٪، بۆیە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتان بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بگرن کە وەک کۆرۆنا نییە و پێویستی بە شێوازی مامەڵەکردنی جیاواز هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ