رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی حوکمڕانیی تەندروستی رایدەگەیێنێت، یاسای بیمەی تەندروستیی عێراق "بۆشایی گەورەی تێدایە" و پێویستە قۆناخ بە قۆناخ چاکبکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11-5-2026 د. رێبین زیخانی، پسپۆڕی حوکمڕانیی تەندروستی لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، "بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم بیمەی تەندروستی، تێنەگەیشتنە لە دڵنیایی تەندروستی، سیستمی تەندروستیی عێراق سیستمێکی کۆنە و پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە."
ئەو پسپۆڕەی حوکمڕانیی تەندروستییە، باس لەوە دەکات کە سیستمی تەندروستیی عێراق تێکەڵکێشێکی ئاڵۆزە، تێیدا کەرتی تایبەت بەردەوام لە گەشەکردندایە، لە کاتێکدا هێشتا باس لە گرنگیی کەرتی گشتی دەکرێت.
سەبارەت بە چاودێریی کەرتەکان، د. رێبین زیخانی روونیکردەوە، "چاودێریکردنی نەخۆشخانە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر لاوازە، ئەمەش وادەکات چەندین هەڵەی پزیشکی رووبدات و کەس پێی نەزانێت، چاودێریکردنی کەرتی تایبەت پێویستی بە توانا و شارەزاییەکی باش هەیە."
د. رێبین زیخانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت کێشەی دارایی و نەبوونی هەلومەرجی سیاسیی گونجاو بکرێنە بیانوو بۆ پەرەپێنەدانی کەرتی تەندروستی، داواش دەکات خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە دیجیتاڵی بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ