رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، ژمارەی تووشبووانی ئەیدز لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەهێزبوونی سیستمی پشکنین دەگەڕێنێتەوە. هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان لەکاتی سەردانیکردنی سەرتاشخانە و سەنتەرەکانی جوانکاریدا ئاگادار بن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01ی کانوونی یەکەمی 2025، یاسین جاف، بەرپرسی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئامارەکانی تووشبوون بە ئەیدز لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئامارە جیهانییەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیان کردووە."
هۆکارەکانی زیادبوون و گواستنەوە
یاسین جاف ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی ئامارەکان پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و پشکنینە وردەکانەوە هەیە.
سەبارەت بە رێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، ئەو بەرپرسە روونی کردەوە، هۆکاری سەرەکی پەیوەندییە سێکسییەکانە، بەڵام رێگەکانی دیکەی وەک بەکارهێنانی ئامێری پزیشکیی پیسبوو، کەرەستەی سەرتاشخانەکان و سەنتەرەکانی جوانکاری و تاتۆکردن رۆڵیان هەیە، ئەگەر مەرجەکانی پاکژی پەیڕەو نەکرێ.
مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییان
سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، بەرپرسەکەی تەندروستیی هەولێر گوتی: "هەر کەسێکی بیانی کە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ مانەوە، پشکنینی بۆ دەکرێ. ئەگەر دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، رێگەی پێ نادرێ و لە 2 بۆ 3 رۆژدا دەگەڕێندرێتەوە وڵاتی خۆی."
سەبارەت بە تووشبووانی نێوخۆیی، یاسین جاف گوتی، تووشبووی نێوخۆیی هەن کە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە چاودێری دەکرێن و چارەسەری پێویستیان بۆ دابین دەکرێ.
هۆشداری بۆ سەرتاشخانە و سەنتەرەکانی جوانکاری
یاسین جاف هۆشداریی دایە هاونیشتمانییان و داوای لێکردن لەپێناو پاراستنی تەندروستیی خۆیان، لەکاتی سەردانیکردنی سەرتاشخانە، سەنتەرەکانی جوانکاری، کەرەستەی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ خۆیان ببەن، چونکە ئەگەرچی چاودێری هەیە، بەڵام مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لەڕێگەی کەرەستەی پیسبووەوە بوونی هەیە.
بڕیارە سبەی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ژمارە و ئامارە نوێیەکانی تووشبوون بە ئەیدز لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڵاوبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ