رووداو - ئەڵمانیا
یەکێک لە بەنێوبانگترین پزیشکی پسپۆڕیی ئۆرتۆپێدی (ئێسک و شکان) لە ئەڵمانیا کە خۆی وەکو کورد دەناسێنێت، دەڵێت، لە هەرێمی کوردستانەوە خەڵک چارەسەر دەکات. دەشڵێت، کورد میواندۆست و لە هەوڵدایە خۆی فێری زمانی کوردیش بکات.
هاینە ڤۆلتەرینگ، پرۆفیسۆڕی ئێسک و شکان میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، رایگەیاند، پسپۆڕییەکەی لەبواری بڕبڕەی پشتە و لە ساڵی 1981ـەوە پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکانە. دەشڵێت، لە 2005 بۆیەکەم جار لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە نێردراوەتە هەرێمی کوردستان، سەردانەکەیشی بۆ ئەوەبوو کە بتوانن سیستمێکی فریاگوزاریی خێرا دابمەزرێنن.
ڤۆلتەرینگ باس لەوە دەکات کە دەیەوێت خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و دەشڵێت، لەڕووی تەکنیکییەوە بۆ هەندێک نەشتەرگەری، کەرەستەی پێشکەوتوو پێویستە، بەڵام ئەوانە لە هەرێمی کوردستان نییە و باس لەوەش دەکات، "بۆیە بیرمکردەوە شتێک بکەین هەر لە کوردستان ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە بکەین."
ئەو پسپۆڕەی ئێسک و شکان کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانە، پێیوایە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کێشەی هەوکردنی جومگەیان هەیە، هەروەها کێشەی شەکرە و نەخۆشیی دڵ لە کوردستان زۆرە. گوتیشی، لە ئۆرتۆپێدیدا چارەسەری دیکە هەن کە پێویست بە نەشتەرگەریی گەورە نەکات. پێشیوایە کە لە کوردستان ژێرخانە تەکنیکییەکە هەیە، بەڵام ئەزموونی پزیشکانی نەشتەرگەری کەمە. دەشڵێت، "پزیشکانی گەنجی کوردستان دەبەینە ژووری نەشتەرگەری و ئەمە باشترین رێگەیە بۆ فێربوون."
ئەو پسپۆڕە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و باس لەوەش دەکات کە کورد خەڵکێکی زۆر میواندۆست و دەشڵێت، "دەستم کردووە بە فێربوونی زمانی کوردی."
دەقی قسەکانی هاینە ڤۆلتەرینگ، پرۆفیسۆری ئێسک و شکان:
من پیشەکەم پسپۆڕی ئێسک و شکانە (ئۆرتۆپێدی). لە ئەڵمانیا دوو جۆر پسپۆڕێتی هەن. یەکێکیان ئۆرتۆپێدیی کۆنسێرڤاتیڤە و یەکێکیشیان ئۆرتۆپێدیی نەشتەرگەرییە. من هەردوو بوارەکەم خوێندووە و تەواوکردووە. واتە هەم نەشتەرگەریی ئێسک و بڕبڕەکانی پشت و هەمیش چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەو بوارە دەکەم. واتە نەخۆشییەکانی ماسوولکە، دەمار و ئێسک. ئێستا وایلێهاتووە کە ئێمە هەردوو بوارەکەی ئۆرتۆپێدی دەکەین. پسپۆڕێتییەکەی من لە بواری بڕبڕەی پشتە. لە شاری گرۆناوی ئەڵمانیا کلینیکم هەیە بۆ ئەو نەخۆشانەی کێشەی ئۆرتۆپێدییان هەیە و دێنە لام. ئەگەر پێویستیان بە نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت هەبێ، لە کلینیکەکەم نەشتەرگەرییان بۆ دەکەم. هەر لێرەش پاش نەشتەرگەریی چارەسەرییەکانیان بەردەوام دەبن. ئەمە بۆ نەخۆشەکانم زۆر شتێکی باشە، چونکە پێش نەشتەرگەری و لەکاتی نەشتەرگەری و دوای ئەوەش هەر خۆم چارەسەریان دەکەم و سەرپەرشتییان دەکەم.
من لە ساڵی 1989ـەوە لە گرۆناوم. لە ساڵی 1981ـەوە پزیشکی ئێسک و شکانم. ساڵانی رابردوو لە زانکۆی مونستەری ئەڵمانیا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و زۆر شوێنی دیکەی جیهان کارم کردووە و نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت فێربوومە.
چیرۆکی ناسین و خۆشویستنی من بۆ کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە رێکەوت ساڵی 2005، بۆ یەکەمجار لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیاوە نێردرامە کوردستان. بۆئەوەی لەوە بکۆڵمەوە کە چۆن بتوانین لەوێ سیستمێکی فریاگوزاریی خێرای هاوشێوەی ئەڵمانیا دابمەزرێنین. من جگە لە پسپۆڕێتییەکەم لە بواری ئۆرتۆپێدی و نەشتەرگەریدا، پسپۆڕی پزیشکیی فریاگوزاریشم. بۆیەش حکومەتی فیدراڵی منی ناردە کوردستان. لەوێ هاوڕێیانم ناسین و بەردەوام ئەو پەیوەندییەمان هێشتەوە. ئەمە تاوەکو 2016 بەردەوام بوو. ئەو ساڵە دیسان داوام لێکرایەوە کە بچمەوە کوردستان و چارەسەری نەخۆشان بکەم. بڕیاردانەکە زۆری پێنەچوو. چوار هەفتە دواتر بلیتی فڕۆکەمان کڕی و چووینە هەولێر. سەرەتا لەوێ پەیوەندیم بە چەند نەخۆشخانەیەکەوە کرد. هاوکاری نوێم ناسین. زۆر دڵخۆشم کە ئەو پەیوەندییانەمان هەن. لەوەش خۆشتر ئەوەیە کە ئەمجارە لەگەڵ زانکۆش پەیوەندیمان هەیە. واتە دەچینەوە بۆئەوەی کچان و کوڕانی گەنجی کورد پێبگەیەنین. هەروەها بۆ یەکەمجاریش دوو خانم لە ئەڵمانیاوە دێنە هەولێر، بۆئەوەی نامەی دکتۆراکەیان بنووسن. ئەمەش شتێکی نوێیە و تاوەکو ئێستا لە بواری پزیشکیدا رووینەداوە.
لە ساڵی 2005ـەوە بەلایەنی کەمەوە 20 جار چوومەتەوە کوردستان. ئێستا وامانکردووە کە شەش تاوەکو هەشت مانگ بچینەوە. شتەکە ئاسانیشە، چونکە بەیانییەکەی لێرەوە سواری فڕۆکە دەبین و دوای نیوەڕۆکەی دەتوانین لە هەولێر بچینە کلینیک. لە کوردستان کێشەی زۆربەی خەڵک ئەوەیە کە هەوکردنی جومگەکانیان هەیە. واتە سوانی جومگەکان. کێشەی شەکرە و نەخۆشیی دڵیشیان هەن. هەروەها کێشەی خۆراکیش زۆرە. زۆر کەس گوشاری گەورەیان لەسەر جومگەکانیان دروستکردووە. ئەمەش وا دەکات هەوکردن لە چۆکیان و قاچیان و شوێنەکانی دیکە دەرکەوێ. ئەمە بۆ بڕبڕەی پشتیش راستە و وادەکات نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشت زۆر بن. بۆ ئەو کێشە زۆرانە ئێمە زۆر رێگەچارەمان هەن کە یارمەتیدەرن. پێویستیش ناکات نەشتەرگەریی گەورە بکرێن و لە سەرەوە تاوەکو خوارەوە بە دەرزی و داو ئیش بکرێت، چونکە لە ئۆرتۆپێدیدا چارەسەری دیکە هەن کە وادەکەن پێویست بە نەشتەرگەریی گەورە نەکات بۆ هەموو کێشەیەک. هەڵبەت ئەگەر نەشتەرگەریی گەورە پێویست بێ، بێگومان ئەویشیان دەکەین.
لە کوردستان ژێرخانە تەکنیکییەکە هەیە. هەرچییەکت پێویست بێ لەڕووی ئامێر و کەرەستەکانی دیکەوە بەردەستن و هەندێکیان خێراتریشن لەوانەی ئەڵمانیا. ئەوەی کە کەمە ئەزموونی پزیشکانی نەشتەرگەرییە. بۆنموونە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت، پزیشکێک دەتوانێ ئەمە بکات کە تاوەکو 15 ساڵ ئەزموونی مەشقی هەبێ. ئەمەش وادەکات پزیشکانی تەمەنی 40 تاوەکو 45 ساڵ، تازە بگەنە ئەو قۆناخەی کە بۆیان هەبێ ئەو نەشتەرگەرییە بکەن. ئەمە ئەو شتەیە کە لە کوردستان کەمە و کاری من ئەوەیە کە وابکەین ئەو جۆرە پزیشکانە زۆر ببن. وادەکەین پزیشکانی گەنجی کوردستان لەگەڵمان بێنە ژووری نەشتەرگەری و بەشداری لە نەشتەرگەرییەکاندا بکەن. ئەمە باشترین رێگەیە بۆ زۆرترین فێربوون.
ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە بریندار دەبن و ئەندامێکی جەستەیان لەدەستدەدەن لە کوردستان هەن. هۆیەکەشی مین و هۆکارەکانی دیکەی جەنگییە. ئەوانە دەکرێ بە باشی خزمەتی پزیشکییان پێشکەش بکرێت. بیرۆکەی ئەوەم هەبوو کە لە ئاییندەدا لەگەڵ پسپۆڕانی دیکەی بواری ئێسک و شکان کە لە بواری بڕینەوەی جەستەدا کاردەکەن بڕۆینە کوردستان. دەزانم لەوێ دامەزراوە هەن کە ئەو ئیشە دەکەن، بەڵام ئەوە هێشتا کەمە.
لە هەولێر چارەسەرکارێکی سرووشتیم دۆزیوەتەوە کە دەتوانێ بە باشی ئاگای لە نەخۆشەکانم بێت و پاش نەشتەرگەری ئەو شتانەیان بۆ دەکات کە پێویستن، چونکە هەر نەشتەرگەرییەکە گرنگ نییە، بەڵکو ئاگاداریی پاش نەشتەرگەریش زۆر گرنگە. ئەمەش کاتی دەوێت.
کورد خەڵکێکی زۆر میواندۆستن. تاوەکو ئێستاش هەستم نەکردووە کە لەنێویان بێگانەم. کاتێک رۆژانی هەینی دەچنە نێو چیاکان، من وەکو میوان نابینن، بەڵکو وەک ئەندامێکی خێزانەکانیان دەمبینن. ئەمە شتێکە کە زۆر حەزم لێیەتی، چونکە لەنێو کورد کە بڵێن برا، ئەوە تەنیا قسە نییە، بەڵکو ئەندامانی خێزان بە ژن و پیاوەوە وەکو کەسوکاری خۆیان دەتبینن. بۆیەش توانیومە زۆر کەسوکارم بۆ دروست بێ لە کوردستان. ئێستا هەوڵدەدەم بەشداری گفتوگۆکانیان بکەم و دەستیشم کردووە بە فێربوونی زمانی کوردی. ئێستا دەتوانم بنووسم و بخوێنمەوە. هەڵبەت لەو تەمەنەی مندا فێربوونی کوردی قورسترە لەوکاتەی تەمەنم حەوت ساڵ بوو و قوتابی بووم، بەڵام پێم گرنگە پیشانی بدەم کە کوردستان بۆم گرنگە و بایەخی پێدەدەم. جا بۆنموونە کاتێک بە کوردی ماڵئاوایی دەکەم و دەڵێم (خوا حافیز). بە جوانی نایڵێم و خەڵکەکە پێدەکەنن، بەڵام لێشم تێدەگەن. هەوڵدەدەن ئاوا هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر بکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ