لە چ کاتێکدا نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرە پێویستە؟

04-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی ئاشکرای دەکات، باشترین و تاکە چارەسەر بۆ رزگاربوون لە هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە و ئازارەکەی، نەشتەرگەریی لابردنیەتی.
 
د. قادر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە رووداوی گوت، ئەگەر کەسێک ریخۆڵەکوێرەی دەربهێندرێت، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر جەستەیدا نایەت.
 
دەقی وەڵامەکانی د. قادر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەبارەی نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرە؛
 
رووداو: فەرمانی ریخۆڵەکوێرە چییە و بە چ شتێک زیانی پێدەگات؟
 
د. قادر محەممەد: یارمەتیدەرە لە بەهێزبوونی سیستمی بەرگریی جەستە و زیانپێگەیشتنیشی یان بەهۆی هەوکردنەوە دەبێت، یانیش ئەو رژێنەی کە درێژدەبێتەوە لە ریخۆڵەکوێرەوە بۆ کۆم، بەهۆی پیساییەوە دەگیرێت. تەنانەت هەندێکجاریش نەخۆش تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵەکوێرە دەبێت.
 
رووداو: ئازاری ریخۆڵەکوێرە کەسی ئاسایی چۆن هەستی پێدەکات، یاخود تەنیا کەسانی شارەزا دەتوانن دەستنیشانی بکەن؟
 
د. قادر محەممەد: ئازارەکە بە گشتی بەشی خوارەوەی لای راستی سک دەگرێتەوە، بەڵام دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە تەنیا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەکرێت، چونکە دەشێت بوونی ئەو جۆرە ئازارە لەو شوێنە بەهۆکاری دیکەوەیە.
 
رووداو: ئایا لە چ کاتێکدا نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرە پێویستە؟
 
د. قادر محەممەد: باشترین و تاکە چارەسەر بۆ لابردنی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە، نەشتەرگەریی لابردنییەتی، کە بە شێوەی هەناو بینی دەکرێت یان بەهۆی کردنەوەی برین لە سکەوە دەبێت.
 
رووداو: کەسێک ریخۆڵەکوێرەی نەبێت چ گۆڕانکارییەک بەسەر جەستەیدا دێت؟
 
د. قادر محەممەد: ئەگەر کەسێک ریخۆڵە کوێرەی دەربهێندرێت، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر جەستەیدا نایەت.
 
رووداو: کەسێک نەیەوێت نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرە بکات، جێگرەوەی دیکەی دەبێت؟
 
د. قادر محەممەد: هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە نییە، چونکە ئەگەر هەوکردنەکە زۆر بێت و نەشتەرگەری نەکات، ئەوا ئەگەری تەقینی ریخۆڵەکوێرە هەیە و ئەمەش نەخۆش دەخاتە بارێکی نائاسایی مەترسیدار کە چارەسەر زەحمەت بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە