پسپۆڕێک: پێویستە دەسەڵات پشکنینی پێشوەختە بێ بەرامبەر بۆ خەڵک دابینبکات

05-02-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی هەولێری پزیشکی ئاشکرای دەکات، بیمەی تەندروستی یەکێکە لە رێگەکانی هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە.
 
لە پانێڵێکی زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی شێرپەنجە، د. سەڵاح ئەبوبەکر، پڕۆفیسۆری بواری نەخۆشیزانی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی رایگەیاند، پشکنینە پێشوەختەکانی شێرپەنجە نرخیان گرانن و ئەگەر کەسێک توانای نەبێت و نیشانەشی هەبێت، هەر ناتوانێت ئەنجامیان بدات.
 
پسپۆڕان و کارگێڕانی تەندروستیش جەخت لە بایەخی بیمەی تەندروستی لە بواری هاندانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دووپاتدەکەنەوە، هەر وەک د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاندووە، ''لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی زیاتر لە کەرتی تەندروستی کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی بودجەوە، رەنگە ئەستەم بێت هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت و ئەمەش دەکرێت بە بیمەی تەندروستی چارەسەر بێت''.
 
تەنانەت د. چنار سنجاوی، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر بیمەی تەندروستی کردەوە بەجۆرێک دابینکردنی بیمەی تەندروستی بە کارێکی زۆر پێویست دادەنێت بۆ هاندانی خەڵک تاوەکو پشکنینی پێشوەختە بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانەشی توانای داراییان نییە پشکنینەکە بکەن، لەڕێگەیەوە ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 4-2-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە پانێڵێک لەنێو سیمپۆزیۆمی زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی شێرپەنجەوە بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە