قەیرانی دەرمان نەخۆشخانەکانی گرتووەتەوە و زۆربەی دەرمانەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەردەست نین

05-03-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە پارەی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین نەکراوە، بۆیە کۆمپانیاکان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان راگرتووە.
 
لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا، حکومەتی عێراقیش دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دابین دەکات، بڕەکەش بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، بەشی 30%ی پێویستییەکانیان دەکات، بۆیە خەڵک ناچارە لە دەرەوە ئەو دەرمانانە بکڕێت، ئەمەش بارگرانییە بۆ هاونیشتمانییان.
 
پێشتر مانگانە، ئەگەر نەخۆشێک دەرمانی بەشی مانگێک لە نەخۆشخانە حکومییەکان پێبدرایە، ئێستا کەم کراوەتەوە و دەبێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە خۆی بیکڕێت.
 
'دەرمانی شەکرە نییە'
 
عەلی کەریم یەکێکە لەو 40 هەزار نەخۆشەی مانگانە دەرمان لە سەنتەری شەکرەی سلێمانی وەردەگرێت، یەکێک لە دەرمانە سەرەکییەکانی وەرنەگرتووە و لە دەرمانخانەکە پێیان گوتووە، حکومەت پارەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی نەداوە، کۆمپانیاکانیش بۆمان ناهێنن و بڕۆ لە دەرەوە بیکڕە.
 
نزیکەی 35 هەزار کەس لە سلێمانی تۆمار کراون، مانگانە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان بە نرخێکی کەم پێدەدرێت، بەڵام هەندێک دەرمانیان پێ نادرێت و هەندێکیش بە بڕی کەم.
 
لە کلینیکە میلـلییەکان کە دەرمان بە نرخی کەم دەدەنە نەخۆش، پێویستە 63 جۆر دەرمان هەبن، بەڵام تەنیا 45 جۆر هەن.
 
بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکان لە وەزارەتی تەندروستییەوە کراون، تەندروستیی سلێمانی ناتوانێت گرێبەستی نوێ بکات و دەرمان دابین بکات. هەر لە سلێمانی نا، بەڵکو لە پارێزگاکانی دیکەش کێشەی کەمیی دەرمان هەیە، ئەوەش بارگرانیی زۆری خستووەتە سەر خەڵک.
 
'لە هەڵەبجە پزیشک و بینای چارەسەری نەخۆشیی دڵ هەن و ئامێر نییە'
 
لە هەڵەبجە ئامێری و پێداویستییەکانی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ نییە، لە کاتێکدا تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت بینا و پزیشکیان هەیە، بەڵام ئامێر و پێویستییەکان نین، پزیشکەکەش دەچێتەوە سلێمانی.
 
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، سێ بۆ چوار جار تەندەرینمان بۆ کردووە ئامێر و پێویستییەکان بکڕین، کەس ئامادە نییە تەندەرەکە وەربگرێت و دەڵێن: پارەمان لای حکومەتە، ئەمەش دەچێتە سەر قەرزەکانی دیکەمان."
 
ئێستا هەر کەسێک نەخۆشیی دڵی هەبێت، یان لە فریاکەوتنی هەڵەبجە چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت، یان دەچێتە سلێمانی.
 
دکتۆر ئازاد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، "چوار جارە لە رۆژنامە بانگهێشتنامە بۆ تەندەر بڵاودەکەینەوە و هیچ کۆمپانیایەک ئامادەیی دەرنەبڕیوە، چونکە کۆمپانیاکان بڕوایان بەوە نەماوە کە پارەکە وەردەگرنەوە، ئێمە لەڕووی داراییەوە سەر بە سلێمانیین و پارە لە داهاتی سلێمانی دەبێت وەربگرین."
 
 
دکتۆر ئازاد دەڵێت، "بۆ نموونە، ئەو کۆمپانیایەی پێشتر ئامێری MRIی بۆ دابین کردوون، حکومەت چوار ملیار دیناری قەرزدارە، ئێستا نایەت دوو ملیار دیناری دیکە بدات."
 
کێشەی ئامێری قەستەرە
 
دکتۆر مەجید، پسپۆڕی دڵ لە دهۆک و بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ دەڵێت، "دابینکردنی ئامێرەکان پێویستیان بە پشگیریی حوکمەتە، لای ئێمە سێ ئامێری قەستەرە هەن، دانەیەکیان لەکار کەوتووە. هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە دابینی بکات، لەبەر هۆکاری دواکەوتنی پارە یان پارە نەدان لەلایەن حکومەتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری دڵی سلێمانی، چوار ئامێری قەستەرەیان هەبوو، نزیکەی دوو مانگە دوو دانەیان وەستاوە و ئەوەی کە ماوەتەوەش زۆر باش کار ناکات.
 
لە هەولێر دکتۆر شوان عوسمان، پسۆڕی دڵ دەڵێت، "ئێمە سەنتەری دڵمان لە ساڵی 2007 کردەوە، سەرەتا پارەمان لە بەغدا و هەرێمەوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستا کردوومانەتە سیمی پراڤێت، واتە لە هەر نەخۆشێک 20%ی پارەی لێوەردەگیرێت، واتە کەسێک لە دەرەوە بە 1000 دۆلار نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، ئێمە بە 200 دۆلار لە سەنتەرەکەمان دەیکەین، بەوەش توانیومانە سەنتەرەکەمانی پێ بژێنین."
 
چەندین جار نوێنەرانی زیاتر لە 50 کۆمپانیای دابینکردنی دەرمان لە سلێمانی گردبوونەتەوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، هەروەها مانگرتنیان راگەیاندووە.
 
گرفتی نەمانی دەرمان لە دەرمانخانەکانی سلێمانی بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، بە بەردەوامی تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات لە نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکەدا، هۆکارەکەشی بۆ خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان دەگێڕایەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی سلێمانی لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە 80%ی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دابین دەکات، مانگانە پێویستی بە یەک ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. جەنگی ساڵەیی - ئێسکەپەیکەرێکی جگەرەکێش - د. هونەر رێبوار.

کلینیکاست؛ جگەرە 100٪ کەسی جگەرەکێش تووشی شێرپەنجە دەکات

پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی کلینیکاست لەبارەی ئەو خووە ناتەندروستانە بوو کە رۆژانە خەڵک دەیانکەن و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی شێرپەنجە، خانمێک دەپرسێت، پاکەتێک جگەرە هۆکارە بۆ شێرپەنجە؟... وەڵامەکەش لە سەرەتای پۆدکاستەکەیە.