دەزگای FDAـی ئەمریکی حەبێکی نوێی دابەزاندنی کێش پەسند دەکات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کۆمپانیای Eli Lilly رایگەیاند، دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رەزامەندیی لەسەر دەرمانی Foundayo (orforglipron) داوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، دەرمانەکە رۆژانە یەک جار بەکاردەهێندرێت و لەگەڵ رێجیمی کەم کالۆری و زیادکردنی چالاکیی جەستەیی، یارمەتیی دابەزاندنی کێشی زیادەی لەش و پارێزگاریکردن لێی دەدات.
 
د. دێبۆرا هۆرن بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکیی قەڵەوی لە قوتابخانەی پزیشکیی مەکگۆڤەرن لە ئەمریکا دەڵێت، "ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، پێویستیان بە بژاردەی چارەسەری گونجاوە، حەبێکی رۆژانە کە دەتوانرێت بەبێ سنووردارکردنی خواردن و ئاو وەربگیرێت."
 
بەگوێرەی کۆمپانیاکە، لە توێژینەوە کلینیکییەکاندا بەرزترین دۆزی دەرمانەکە بووەتە هۆی دابەزاندنی کێش بە تێکڕای 12.4%.
 
دەیڤد ئەی ریکس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Eli Lilly دەڵێت، "کەمتر لە 1 لە 10 کەس کە دەتوانن سوود لە دەرمانەکانی GLP-1 وەربگرن، بەکاریدەهێنن. باوەڕمان وایە Foundayo دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوی یان کێشی زیادەوە دەناڵێنن."
 
کۆمپانیاکە، پابەندبوونی خۆی بە بەردەستخستنی دەرمانەکە بە نرخێکی گونجاو راگەیاندووە، ئەو کەسانەی دڵنیایی تەندروستیی بازرگانییان هەیە، لەوانەیە بتوانن مانگانە بە کەمتر لە 25 دۆلار دەرمانەکە بەدەستبهێنن. بۆ ئەو کەسانەی خۆیان پارەکەی دەدەن، نرخی دەرمانەکە لە 149 دۆلارەوە بۆ کەمترین دۆز دەستپێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە