رووداو - تەندروستی
کۆبوونەوەی ئەم ساڵی دامەزراوەی ئەمریکی بۆ قڵیشی لێوی سکماکی ACPA لە بۆستن لە ئەمریکا بۆماوەی چوار رۆژ کرا و ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو، لە جیهاندا چارەسەر و کێشە و ئاڵنگارییەکی بەردەم نەخۆشییەکی سکماکی یاخود کێشەیەکی سکماکی چارەسەر بکرێت بۆ ئەو منداڵانەی کە قڵیشی لێو و مەڵاشوویان هەیە کە ناسراوە بە لێوی کەروێشکی.
لەنێو کۆبوونەوەکە پزیشکێکی کورد بە ناوی دکتۆر زانا حوسێن، ماستەر لە راستکردنەوەی ددان و شەویلاگ بە بابەتێک وەکو قسەکەر بەشدار بوو و باسی ئامارەکانی ئەو کێشە سکماکییەی لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەمەش بە پشتبەستن بە ئامارەکانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن کە ئەو دۆخەی تێدا تۆمار دەکرێت، پاشانیش باسی لە ئەزموونی خۆی کرد کە لە دوو نەخۆشخانەی ئەمریکا وەکو خولێک ئەنجامی داوە لەپێناو چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی قڵیشی لێوی سکماکی لەڕووی پسپۆڕییەتی راستکردنەوەی ددان و کێشەکانی شەویلاگ.
لەنێو ئەو کۆنفرانسە پسپۆڕانی دیکەی جیهانی لەڕووی (ددان، جێنەتیک، پسپۆڕیی منداڵان، پەرستاری، توێژەر، دەنگسازی و قسەسازی) بەشداری تێدا دەکەن. ئەم پسپۆڕە کوردە لەبەر ئەوەی هاوەڵی کۆلێژی نێودەوڵەتیی پزیشکانی ددان بووە لە ئەمریکا بۆیە وەکو یەکەم کورد بەشدارە لەم ساڵدا.
دکتۆر زانا حوسێن بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندی پتەو هەیە لەنێوان هاوکارانمان لە ئەمریکا تاوەکو بێنە هەرێمی کوردستان و خزمەت بە منداڵانی تووشبووی قڵیشی لێو و مەڵاشوو بکەن.
روونکردنەوە لەبارەی کێشەی قڵیشی سکماکیی لێو و مەڵاشوو
لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومییەوە نەشتەرگەریی چارەسەر بۆ قڵیشی سکماکیی لێو و مەڵاشوو بۆ چەندین منداڵی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی فراوانی کرد بۆ ئەو بابەتە، چونکە نەشتەرگەری تاکە رێگەی چارەسەرییە بۆ ئەو کێشە سکماکییە.
(تیمێکی جیهانی لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومی لە هەرێمی کوردستان دەهێندرێت و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەریی شێواویی سکماکیی لێو و مەڵاشوو بۆ منداڵان بە شێوەی ساڵانە دەکات، سەرۆکی رێکخراوەکەش رایدەگەیێنێت، خزمەتگوزارییەکان هەموو منداڵانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە.
د. ئاری حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، رێنوێنی دەدەین بە دایک و باوکان بۆ ئەوەی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و تائێستا نزیکەی 2 هەزار منداڵ نەشتەرگەریی ناڕێکیی سکماکییان بۆ کراوە.)
ئەڤین ئازاد خەلیفە، سەرۆکی رێکخراوی نازگ بۆ چارەسەری ناڕێکییە سکماکییەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە خەریکن هاوکاریی ئەو منداڵانە بکەن کە قڵیشی لێو و مەڵاشوویان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە تاوەکو چارەسەر بکرێن. پزیشکێکی ئەندامیش دەڵێت: نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێن و خەرجییەکانی زۆرینەی منداڵان لەسەر ئەرکی (رێکخراوی نازگ)ـە.
ئەوەشی دووپاتکردەوە، لەم پڕۆژەیەی ئەوان وەکو رێکخراوی نازگ، منداڵان شێوەیەکی باشتر و کواڵیتییەکی باشتریان بۆ گەڕاوەتەوە تاوەکو ئەو ناڕێکییە سکماکییەی هەیانە، چارەسەر ببێت. سەرۆکی رێکخراوەکەش لە کۆتاییدا دەڵێت، تیمێکی جیهانی دێننە هەرێمی کوردستان تاوەکو پۆلێنی منداڵانی تووشبووی قڵیشی لێو و مەڵاشووی سکماکی بکەن و نەشتەرگەرییان بۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ