رووداو - تەندروستی
شەپۆلێکی خۆڵبارین بەشێکی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە و هەر ئەو شەپۆلەش سنووری گەرمیانی بە چڕی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە چەند کەسێکیش لە کەلار رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆ شەش کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە و هاتوونەتە نەخۆشخانە.
بەپێی قسەکانی پەیامنێری رووداو، لە کاژێر 11ـی پێش نیوەڕۆوە خۆڵبارین دەستیپێکردووە و لە کەلار خۆڵبارینەکە زۆرە بووە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC رێگە کاریگەرەکانی خۆپارێزی لەکاتی خۆڵبارین ئەمانەی خوارەوەن؛
- بەستنی دەمامک
- هەناسەدان لەڕێگەی لووتەوە
- داخستنی دەرگە و پەنجەرەکانی ماڵ
- خواردنەوەی ئاو
- شووشتنی دەستەکان پێش دەستدان لە دەم و چاو
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی لووت
- پاراستنی چاوەکان
- نەبەستنی هاوێنەی دەستکردی چاو
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ
- هێواشبوون لەکاتی لێخوڕین
هەر بەپێی CDC ئەمانەی خوارەوەش گرووپە مەترسیدارەکان بۆ کاریگەریی خۆڵبارین کە دەشێت خۆڵبارین تووشی کێشەی تەندروستییان بکات وەکو؛
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە
- تووشبووانی رەبۆ و شێرپەنجە
- منداڵ و بەساڵاچووان
- خانمانی دووگیان
- ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
- ئەوانەی هەستیارییان هەیە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ