رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی دەڵێت: بەهۆی بڕیاری پێدانی تاقیگە حکومییەکان بە کۆمپانیای تایبەت کێشەی لە کەمیی پێداویستی لە تاقیگە حکومییەکان دروست بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-2-2025 دکتۆر کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ماوەیەکی زۆرە داوای کڕینی پێداویستیی تاقیگە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی دەکەین، بەڵام بەهۆی بڕیاری بە ئەهلیکردنی تاقیگەکان هیچ شتێکمان بۆ ناکڕدرێت''.
بەگوتەی دکتۆر کۆیان، پێشتر بە هیچ شێوەیەک کێشەی کەمیی پێداویستیی تاقیگەکانیان نەبووە، کێشەکە لەدوای ئەو بڕیارەوە دروست بووە.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا حکومەت گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پێشتر کە پێداویستیی تاقیگەکانیان دابین دەکرد وەستاندووە، و بڕیاری تاقیگەکانیش یەکلایی نەبووەتەوە بۆیە ئەمە کێشەی بۆ ئەوان دروست کردووە و داوادەکات بەزووترین کات ئەم کێشەیەیان بۆ چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ