پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر دەڵێن، دەست بە بایکۆت دەکەن

06-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو دروستبووە، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بە جۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم، دووەم و سێیەم تاوەکو پزیشکانی پایەبڵند، بەو هۆیەوە 6 مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیمان خزمەت دەکەین."
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر دەڵێن، "ئێمە وەکو پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا لە ماوەی رابردوودا هەموو رێگەیەکی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر، بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەوەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەری، بەڵکو بەبێ گوێدانە رای پزیشکان، هەڵساوە بە شێواندنی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی."
 
داوکارییەکانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو ئەمانەن:
 
- دیاریکردنی کاتێک بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ.
 
- وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان.
 
ئەو پزیشکانە ئاماژەیان بەوە کردووە، "بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیە، پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچارن دەوامی سێ خولی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان."
 
پزیشکانی خولاو رایدەگەیێنن، "لێرەوە رایدەگەیێنین، لە رۆژی شەممە 7ی حوزەیرانی 2025 کاژێر 08:00ی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر و سۆران بە هەموو بەشەکانییەوە رادەگەیێنین، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان بایکۆت بەردەوام دەبێت."
 
د. شکۆ شێرکۆ، نوێنەری پزیشکانی ناڕازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو پزیشکە نیشتەجێ خولاوانەی سنووری هەولێر کە لە سبەیەوە بایکۆتی دەوام دەکەن، نزیکەی 500 کەسە."
 
لەبارەی ئەگەری کاریگەریی بایکۆتەکە د. شکۆ شێرکۆ گوتی، "کاریگەریی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان، بەتایبەتی فریاکەوتنەکان دەبێت و کارەکانیان بە رێژەیەکی زۆر پەکی دەکەوێت."
 
بە گوتەی نوێنەرەکەی پزیشکانی ناڕازی، "پێشتر پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی سلێمانی بایکۆتیان راگەیاندووە، کە ژمارەیان نزیکەی 500 پزیشکە، هاوئاهەنگیمان هەیە و تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، بایکۆت ناشکێنین."
 
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و بنکە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یان پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە