ئۆپرا، خانمە پێشکێشکاری بەنێوبانگی ئەمریکی: وەرزش بکەن، با بە تەندروستییەوە پیر ببن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئۆپرا وێنڤری، خانمه‌ ئه‌ستێره‌ی ئەمریکیی بواری راگه‌یاندن لەم دواییانە وێنەی خۆی لەنێو هۆڵێکی وەرزشی بڵاو کردەوە و بووە جێی سەرنجی هەوادارەکانی. ئەو دەڵێت، ''وەرزش بەساڵاچوونێکی تەندروستی بەدواوەدێت، بەتایبەت بۆ خانمان''.
 
ئۆپرا وێنفریی 72 ساڵ لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیاکانیدا باسی راهێنانی بەهێزی کردووە بۆ خانمان و بڵاوی کردووەتەوە، هەفتانە چوار بۆ پێنج رۆژ و هەر رۆژێکیش 40 بۆ 60 خولەک وەرزش دەکات.
 
ئەو خانمە بەنێوبانگە روونی کردووەتەوە، لەوکاتەوەی وەرزش دەکات هەستی بە بەهێزبوونی ماسوولکە و ئێسکەکانی کردووە، کە ئەمەش بۆ ئەو خانمانەی بۆ هەمیشەیی سووڕی مانگانەیان وەستاوە گرنگە، چونکە تێکچوونی هۆڕمۆنەکان ئەگەری پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکەن.
 
هەر بۆیە باسی وەرزشێک دەکات کە پێی دەگوترێت Plank و دەڵێت: ساڵی 2024 دەمتوانی تەنیا 10 چرکە بوەستم، بەڵام ئێستا دەتوانم زیاتر لە خولەکێک بوەستم. هەروەها گوتی، ''ئەگەر کەسێک بیەوێت بە باشی بەساڵدا بچێت، بەتایبەت خانمان، دەبێت راهێنانی بەهێزکردنی ئێسک و ماسوولکە بکات''.
 
ئەم خانمە لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ لە کۆتایی ساڵی 2023دا دەرمانی دژەقەڵەوی بەکارهێناوە و کێشی لە 107 کیلۆگرامەوە ئێستا بووە بە 72 کیلۆگرام. بەڵام لەگەڵیشیدا لە وەرزشی رۆژانە بەردەوامە و رێژیمێکی خۆراکی تەندروست پەیڕەو دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە