رووداو - تەندروستی
پێکوتەیەکی نوێی شێرپەنجەی مەمک کە لەلایەن کۆمپانیای Anixa Biosciences بە هاوبەشی لەگەڵ کلینیکی کلیڤلاند پەرەی پێدراوە لە تاقیکردنەوەی کلینیکیدایە.
پێکوتەکە، سیستمی بەرگریی جەستە رادەهێنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر پڕۆتینی "ئەلفا-لاکتالبومین" و لەنێوی ببات، ئەو خانمانەی پێکوتەکە وەریدەگرن ناتوانن شیر بدەن، بەڵام کاریگەریی لەسەر توانای منداڵبوون نییە، بۆیە پێشنیاز دەکرێت ئەو خانمانەی کە پلانی منداڵبوونیان نییە، پێکوتەکە وەربگرن.
د. ئەمیت کومار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئەم پڕۆتینە بە شێوەیەکی سرووشتی لە کاتی شیرداندا لە جەستەی خانماندا هەیە و دوای وەستانی شیردان نامێنێت، بەڵام بۆمان دەرکەوتووە کە لەکاتی دەرکەوتنی خانە شێرپەنجەییەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە."
بڕیارە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەکە لە 18 بنکەی جیاواز لە سەرانسەری ئەمریکادا دەستپێبکات و خانمانی خاوەن بۆماوەی مەترسیداریش (جینەکانی BRCA-1 و BRCA-2) بگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا پێکوتەکە دەتوانێت رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە بکات لەو کەسانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ