رووداو - تەندروستی
بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر لە 178 تووشبووی شێرپەنجەی هێلکەدان تۆمارکراون، پسپۆڕێکی شێرپەنجەش دەڵێت: بۆماوە و نەخۆشییە درێژخایێنەکان دوو هۆکاری بەربڵاون بۆ زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکە.
د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنیت، شێرپەنجەی هێلکەدان شێرپەنجەیەکی بەبڵاوی نێو خانمانە، تائێستا هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام نەخۆشییە درێژخایێنەکان و ناڕێکی شێوازی ژیان مەترسیی تووشبوونی زیاددەکات.
ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە دەڵێت: جگە لە شێرپەنجە هێلکەدان، شێرپەنجەی ملی منداڵدان یەکێکی دیکەیە لەو شێرپەنجانەی کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووانی زیادبکات، چونکە تووشبوون بە ڤایرۆسێک وادەکات خانمەکە تووشی شێرپەنجەکە ببێت.
بە گوتەی د. سارا جەمیل، چارەسەرەکان بۆ شێرپەنجەکە بەندە بە قۆناخی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکە، چونکە دەکرێت یەکێک لە چارەسەرییەکانی وەکو 'چارەسەر بە تیشک، نەشتەرگەری یاخود چارەسەری کیمایی' بۆ نەخۆشەکە بکرێت، بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە خانمان لە ئەگەری بوونی هەر ناڕێکییەک و نیشانەیەک پشکنینی پێشوەختە بکەن، تاوەکو چارەسەریان ئاسانبێت.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە نەخۆشخانەی هیوا لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 178 تووشبووی شێرپەنجەی هێلکەدان و 49 تووشبووی ملی منداڵدان تۆمارکراون، ئامارەکانیش بەم جۆرەیە؛
ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی هێلکەدان
لە ساڵی 2021 - 65 تووشبوو
لە سالێ 2022 - 64 تووشبوو
تاوەکو مانگی 9ـی 2023 - 49 تووشبوو
ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان
لە ساڵی 2021 - 22 تووشبوو
لە ساڵی 2022 - 19 تووشبوو
تاوەکو مانگی 9ـی 2023 - 8 تووشبوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ