رووداو - تەندروستی
بەیانیی ئەمڕۆ لە هەولێر سێ درۆن لە کۆگەیەکی رۆنی ئۆتۆمبێلیان دا. دووکەڵێکی زۆری رەش ئاسمانی هەولێری تەنیبوو و تائێستاش دووکەڵەکە بە ئاسمانی شارەکەوە ماوە.
هەر ئەمڕۆ 1-4-2026 د. چیا مەعرووف، پسپۆڕی ژینگە لەڕێگەی رووداوەوە هۆشداری بە هاونیشتمانییان دەدات، لەو شوێنانە نزیک نەبنەوە کە بەو دووکەڵە دەورەدراوە، چونکە ''پڕیەتی لە سووتاندنی پاشماوەی نەوت و مادە ژەهراوییە مەترسیدارەکان لەسەر جەستە''.
د. چیا مەعرووف دەڵێت: پلاستیک و رۆن دەیان مادەی پاشماوەی نەوتیان تێدایە کە لە ئەگەری بەرکەوتن و هەڵمژینیان زیان بە جەستە دەگەیێنن بەتایبەت کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان.
هۆشداریشی دایە بەساڵاچووان، منداڵ و ئەوانەی رەبۆیان هەیە کە نزیکی ئەو شوێنانە نەکەون و دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکانیان بە داخراوی بهێڵنەوە تا دووکەڵەکە دەنیشێت. بۆ چوونەدەرەوەی پێویستیش، دەمامک بەکاربهێنن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پیسبوونی هەوا بە دووکەڵی رەش بۆ گرووپە مەترسیدارەکان خراپە و تەنانەت دۆخی تەندروستیی کەسانی ئاساییش تێکدەدات، گرووپەکانیش ئەمانەن؛
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان
- تووشبووانی رەبۆ
- تووشبووانی شێرپەنجە
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- منداڵی خوار 5 ساڵان
- خانمانی دووگیان
وردەکاریی رووداوەکە بزانە و پارێزگای هەولێر بۆ رووداوی قسەی کردووە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت "هێرشی یەکەم کاژێر 07:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە. دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، کاژێر 08:40 و لە کاتی کارکردنی تیمەکاندا، درۆنی دووەم هەمان شوێنی پێکا. زنجیرە هێرشەکان نەوەستان و کاژێر 10:20ـی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە کۆگاکەی دا."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بە گشتی سێ درۆن بەر کۆگاکە کەوتوون و درۆنێکی دیکەش پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لە ئاسماندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقێندراوەتەوە."
سەبارەت بە کشانەوەی تیمەکانی فریاگوزاری، ئومێد خۆشناو گوتی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داوامان کرد لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێجار بۆردوومانکردن و گەورەیی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت."
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، لەبەر مەترسیی بەردەوامی هێرشەکان و نەبوونی هیچ کەلوپەلێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، ئێستا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە. هاوکات داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتییان دەستبەجێ لەو ناوچەیە دووربکەونەوە.
ئەمەش بزانە
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026وە، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان بە 549 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری و زۆرینەیان بۆ سەر هەولێر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ