رووداو - تەندروستی
بەرپرسێکی تەندروستیی کەرکووک ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لەو پارێزگایە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو هەزار و 275 تووشبووی شێرپەنجە لە کەرکووک تۆمار کراون.
د. نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن لە کەرکووک لە هەڤپەیڤێنێکدا کە دکتۆر لونا خالید پێشکێشی کرد گوتی، جگە لە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار و 300 تووشبووی نەخۆشییەکانی خوێنیش لە کەرکووک تۆمار کراون.
ئەو ئەوەشی گوت کە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە کەرکووک زیاد بووە و پیسبوونی ژینگە لە کەرکووک زۆرە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
هەر بۆیە بە پێویستی زانی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت پابەندبن بە یاسا تەندروستییەکان و کارگەکانی نەوت لە کەرکووک قەرەبووی دانیشتووانی ناوچەکە بکەنەوە یاخود گوشار بخرێتە سەر کارگەکانی نەوت کە دەستیان هەبێت لە سەوزکردنی شار.
د. نیاز ئەحمەد دەڵێت: شێرپەنجەی سییەکان کوشندەترینە لەنێو تووشبووانی شێرپەنجە لە کەرکووک و داوا لە خانمانیش دەکەین، پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی تەندروستیی کەرکووک، خەڵک تا نەخۆش نەکەوێت، نایەتە نەخۆشخانە و پشکنین ناکات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان نەبووە لەسەر پرسی شێرپەنجە بەتایبەت لایەنی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی پارێزگاکە لە نەخۆشییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ