رێژەی تووشبوون بە شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 42% زیادیکردووە

08-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوایین ئەنجامی پشکنینەکانی تووشبوون بە شەکرە و بەرزە پەستانی خوێنی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاتر لە 10 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و بەرزە پەستانی خوێنن، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە 255 هەزاریان لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
دوای ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وەزارەتی تەندروستیی ئێران هەڵمەتێکی پشكنینی بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن لەو وڵاتە دەستپێکرد، پشكنین بۆ 37 ملیۆن و 266 هەزار هاووڵاتی کرا. وەزارەتی تەندروستی ئەنجامی پشکنینەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "حەوت ملیۆن و 500 هەزار کەس لەو ژمارە لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنن."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارە، زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی تەمەن سەروو 18 ساڵی ئێران، لە تووشبوونیان بە شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن بێئاگا بوون و رێکاری پێویستیان بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە، رەچاو نەکردووە.
 
بەپێی ئەو راگەیاندنە، پێش تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەراورد بە دوایین ئەنجامی پشکنینەکانی دوو ساڵ پێش ئێستا، 42% زیادیکردووە و ئەوەش وەکو مەترسییەک بۆ سەر کەرتی تەندروستیی ئێران ناو دەبات. پێشتر ناوەندی چاودێریی نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندبوو، ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو وڵاتە بە شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن گیان لەدەستدەدەن.
 
بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامی پشکنین بۆ چوار ملیۆن و 338 هەزار و 436 کەس، دەرکەوتووە 76 هەزار و 452 کەس گومانی قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 178 هەزار و 923 کەسیش قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنیان لێدەکرێت.
 
لە پارێزگای سنە 2762 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 7032 کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنن. لە پارێزگای لوڕستان 38967 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 81484 کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنن. لە پارێزگای ئیلام 4682 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 8020 کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنن. لە پارێزگای کرماشان 28041 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 54341 کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێنن و لە پارێزگای ورمێش 2000 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و 28046 کەسیش لە قۆناخی پێش تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەنتەرێکی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو

ئەنجوومەنی تالاسیمیای کوردستان: با سەنتەرەکانی تالاسیمیا بودجەی تایبەت بە خۆیان هەبێت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای کوردستان رایدەگەیێنێت، بارودۆخی تووشبووانی تالاسیمیا خراپە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانی تاقیگە و وەرگرتنی خوێنەوەیە، ئەنجوومەنەکەش پێشنیاز دەکات، سەنتەرەکانی تالاسیمیا بودجەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی کڕینی کەلوپەلەکانیان دوانەکەوێت.