پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن: لەنێوان دوو هەڵگری تالاسیمیا هاوسەرگیری نەکرێت

08-05-2024
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکار - د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی خوێن. وێنە: رووداو
دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکار - د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی خوێن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن رایدەگەیێنێت، لەمەودوا پێویستە پێشگیری لە تالاسیمیا بکرێت، نەک بایەخ بە چارەسەر بدرێت، هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت کە ''سەنتەرێکی چاندنی مۆخ لە شاری هەولێر بکرێتەوە''.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی ئایاری 2024 د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، ئەنجامنەدانی هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسی هەڵگری تالاسیمیا سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردنی نەخۆشییەکەیە.
 
د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لەبارەی ئەوانەی هەڵگری تالاسیمیان رایگەیاند، نەخۆشییەکەیان لێدەرناکەوێت و دەشتوانن خوێنیش ببەخشن، بەڵام نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ هەڵگرێکی دیکەی تالاسیمیا بکەن، تاوەکو پێشگیری لە وەچەیەکی تووشبووی تالاسیمیا بکرێت.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، ئێستا تووشبووانی تالاسیمیا دووچاری هەریەک لە کێشە 'ئابووری، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان' دەبنەوە، بەتایبەت کێشەی کەمیی دەرمانەکانیان و دەڵێت: ''کوالێتییان باش نییە''. 
 
لەسەر پرسیی کەمیی کوالێتیی دەرمانەکانی تووشبووان، ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ''لە رابردوودا دەرمانی سویسری بەکاردەهات و تووشبووان سوودیان لێوەردەگرت، بەڵام ئەم دەرمانەی ئێستا رێژەی ئاسن لە جەستەی تووشبووان کەم ناکاتەوە و تووشی کاریگەریی لاوەکییان دەکات''. 
 
د. محەممەد دەروێش باسی ئەوەش دەکات، چەند تووشبوویێکی تالاسیمیا بۆ چارەسەر، رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و چارەسەریان بۆ کراوە.
 
تەنانەت بە پێویستیشی دەزانێت کە سەنتەرێکی تایبەت بە چاندنی مۆخ لە شاری هەولێر بکرێتەوە.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە پێشنیازدەکات، بایەخی زیاتر بە پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە بدرێت بە هاوئاهەنگیکردن لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە نەخۆشییەکە، هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە  دادگەکان رێگریی تووند لە هاوسەرگیریی نێوان هەڵگرەکانی تالاسیمیا بکەن و مامۆستایانی ئایینیش لەڕێگەی میمبەرەکانیانەوە هۆشیاریی تەندروستی بڵاوبکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە