تەندروستی
لە مانگی ئایارەوە یەکێتیی ئەوروپا 15.9 ملیار یۆرۆی کۆکردووەتەوە تاوەکو وەک هاریکاری دابینکردنی پشکنین، چارەسەر و ڤاکسین پێشکەشی وڵاتانی جیهان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 160 هەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ئارادان. لەو ژمارەیە 47 هەوڵیان گەیشتوونەتە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ و سێ هەوڵی ڤاکسینیش مۆڵەتی بەکارهێنانی سنوورداریان پێدراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی ئەیلوول کۆڕبەندی توێژینەوەی تەندروستیی نیشتمانیی لەلایەن ناوەندی (Research America)وە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی 10ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. د. ئەنتۆنی فاوچی، ڤایرۆسناس و بەڕێوەبەری پەیمانگەی نەخۆشییە گوازراوەکان گوتارێک لەژێر ناونیشانی "زانست لەبەرەی پێشەوە" پێشکەش دەکات.
قۆناخەکانی دروستکردنی ڤاکسین
بەشێوەیەکی گشتی ڤاکسین لە دەستپێکەوە تاوەکو کۆتایی 6 قۆناخ دەبڕێت، کە بریتین لەو قۆناخانەی خوارەوە:
قۆناخی پێش تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ: لەو قۆناخەدا ڤاکسینەکە لەسەر خانەکان تاقیدەکەنەوە و دواتر لە ئاژەڵی وەک مشک یان مەیموونی دەدەن، بۆ ئەوەی بزانن بەرگرییان بۆ دروستدەکات یاخود نا.
قۆناخی یەکەم: لەو قۆناخەدا ڤاکسینەکە بۆ یەکەمجار لەسەر ژمارەیەکی کەمی مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە. فۆکووسی سەرەکیی ئەم قۆناخە لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکەیە.
قۆناخی دووەم: بە درێژکراوەی قۆناخی یەکەم دادەنرێت، بەو جیاوازییەی کە تێیدا بەشداری بە سەتان خەڵکی سەر بە گرووپی تەمەنی جیاواز دەکرێت. لەو قۆناخەشدا هێشتا فۆکووس زیاتر لەسەر سەلامەتیی ڤاکسینەکە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەبێت.
قۆناخی سێیەم: لە قۆناخی سێیەمدا، ڤاکسینەکە لەسەر هەزاران کەس لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان تاقیدەکرێتەوە، بۆ ئەوەش هەوڵدەدرێت ئەو وڵاتانە وەربگیرێن، کە زۆرترین کەیسی کۆرۆنایان لێ تۆمار کراوە. فۆکووسی ئەو قۆناخە زیاتر لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ڤاکسینەکە بەرگری بۆ لەشی مرۆڤ دروستدەکات یان نا.
قۆناخی پەسندکردنی سنووردار: لە هەندێک وڵات پێش تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێیەم، مۆڵەتی بەکارهێنانی سنوورداری ڤاکسینەکە دەدرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو خەڵکەی زۆرترین مەترسیی تووشبوون بە پەتاکەیان لەسەرە.
قۆناخی پەسندکردنی ڤاکسین: لەو قۆناخەدا وڵاتان پاش بینینی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە، بڕیاردەدەن مۆڵەتی بەکارهێنان بە ڤاکسینەکە بدەن یان نا. زانایان و بەرهەمهێنەرانی ڤاکسینەکە دوای ئەو قۆناخەش هەر دەبێت چاودێریی چۆنێتیی کارکردنی ڤاکسینەکە لە لەشی بەکارهێنەراندا بکەن.
تاوەکو رۆژی 4ی ئەیلوول، زیاتر لە 91 هەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسین لە قۆناخی پێش تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ بوون.
هەڤپەینی رووداو لەگەڵ د. ئەدهەم رەشاد، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، کە باس لە چۆنێتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها دوایین هەوڵەکان لەبارەی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات.
ئاستی پێشکەوتنی هەوڵەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهان بەم جۆرەیە:
24 هەوڵ لە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکانن.
14 هەوڵ لە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەکانن.
9 هەوڵ لە قۆناخی سێیەمدان.
3 ڤاکسین لەلایەن وڵاتەکانیانەوە مۆڵەتی بەکارهێنانی سنوورداریان پێدراوە.
ڤاکسینەکانی قۆناخی سێیەم:
+ ئاسترازێنێکا و زانکۆی ئۆکسفۆرد.
+ گرووپی بایۆلۆژیی کانسینۆ و پەیمانگەی بایۆتەکنەلۆژیای پەکین.
+ پەیمانگەی توێژینەوەی گەمالیای رووسی.
+ سینۆڤاک
+ پەیمانگەی بەرهەمە بایۆلۆژییەکانی ووهان و سینۆفارم.
+ پەیمانگەی بەرهەمە بایۆلۆژییەکانی پەکین و سینۆفارم.
+ مۆدێرنا
+ فایزەر، بیۆنتێک و فۆسوون فارما .
ئەو ڤاکسینانەی مۆڵەتی بەکارهێنانی سنوورداریان پێدراوە:
ڤاکسینی کۆمپانیای کان سینۆ بایۆ: ئەم ڤاکسینە بە هاوکاری نێوان کۆمپانیای کانسینۆ بایۆی و ئەکادیمیای سەربازیی زانستە پزیشکییەکان دروستکراوە. سوپای چین لە رۆژی 25ی حوزەیران رایگەیاند ڤاکسینەکە بەرگرییەکی بەهێز بە لەشی مرۆڤ دەدات و مۆڵەتی بەکارهێنانی سنوورداری پێبەخشرا.
ڤاکسینی سپوتنیکی 5: ئەم ڤاکسینە لەلایەن پەیمانگەی گامالیای رووسی دۆزراوەتەوە و لە رۆژی 11ی ئابەوە بۆ بەکارهێنانی سنووردار پەسند کراوە.
ڤاکسینی سینۆڤاک: ئەم ڤاکسینە لەلایەن کۆمپانیای سینۆڤاکی چینی دۆزراوەتەوە. کۆمپانیاکە لە مانگی حوزەیران رایگەیاند ڤاکسینەکەیان لەسەر 734 کەس تاقیکردووەتەوە، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی دروستنەکردووە و بەرگریشی بە لەش داوە.
ڤاکسینێک بۆ زلهێزەکان:
کێشەی ڤاکسین لەگەڵ دۆزینەوەیدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دوای ئەوەش کێشەی دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دروستدەبێت. بەپێی راپرسییەکی ناوەندی ئیپسۆس 74%ی خەڵکی جیهان دەیانەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن، بەو پێیە زیاتر لە 5 ملیار و 300 ملیۆن ڤاکسینیان دەوێت. ئەمە لە لایەکەوە پێویستی بە میکانیزمێکی وردی دابەشکردنە و لە لایەکی دیکەشەوە وا دەخوازێت لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەنددا هاوئاهەنگییەک هەبێت بۆ دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی هەژار.
رێکخراوی تەندروستی جیهان بە هاوکاریی هاوپەیمانێتیی ڤاکسین (ناسراو بە گاڤی) و هاوپەیمانێتیی داهێنان لە خۆئامادەکردن بۆ پەتای جیهانی (CEPI) میکانیزمی (COVAX)یان داناوە، کە ئامانجێکی سەرەکیی لێی دابینکردنی دادپەروەرانەی ڤاکسینی کۆرۆنایە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان. ئەمریکا رایگەیاندووە لەو هەوڵەدا بەشدار نابێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهان رایگەیاندووە 172 وڵات گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن لە (COVAX)دا بەشدار بن، کە بەپێی بەڵێنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تاوەکو کۆتایی 2021 نزیکەی 2 ملیار ڤاکسین دەخاتەڕوو، کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ژمارەی دانیشتوویان بەسەر وڵاتاندا دابەشدەکرێت.
تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو 92 وڵات ئامادەییان دەربڕیبوو لەو هەوڵەدا بەشداربن، کە وڵاتانی تازەپێشکەوتوو بوون، وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیا و ژاپۆن بەڵێنی هاریکاریی دارایی ئەو هەوڵەیان داوە. یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی بەخشینی 476 ملیۆن دۆلاری بەو هەوڵە داوە و جەختیشی کردووەتەوە بەشێک لەو ڤاکسینەی کڕیویانە بە وڵاتانی هەژاری دەدەن، بەبێ ئەوەی دیاری بکەن چەند لە ڤاکسینەکە دەبەخشن و کەی دەیبەخشن.
لە مانگی ئایارەوە یەکێتیی ئەوروپا 15.9 ملیار یۆرۆی کۆکردووەتەوە تاوەکو وەک هاریکاری دابینکردنی پشکنین، چارەسەر و ڤاکسین پێشکەشی وڵاتانی جیهان بکرێت.
بەشێک لە کێشەکە بۆ سیاسەتی وڵاتە دەوڵەمەندەکان خۆیان دەگەڕێتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، ژاپۆن و بەریتانیا زیاتر لە 3.7 ملیار ڤاکسینیان بەشێوەی پێشوەخت کڕیوە، بەمشێوەیە:
-ئەمریکا: 1.6 ملیار ڤاکسین
-یەکێتیی ئەوروپا: 1.5 ملیار ڤاکسین
بەریتانیا: 380 ملیۆن ڤاکسین
ژاپۆن: 250 ملیۆن ڤاکسین
بەشی زۆری ئەو گرێبەستانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆدێرنا، زایفەر و ئاسترازێنێکا کراون.
چین هاوشێوەی ئەمریکا ئامادە نەبووە بچێتە ناو دەستپێشخەرییەکەی (COVAX)ەوە، لە کاتێکدا چوار هەوڵی ڤاکسینی ئەو وڵاتە لە قۆناخی کۆتایی تاقیکردنەوەکاندان.
هیندستان خاوەن گەورەترین پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ڤاکسینە لە جیهاندا. پەیمانگەی سێرومی هیندستان گرێبەستێکی لەگەڵ ئاسترازێنێکای بەریتانی-سوێدی کردووە، کە 1 ملیۆن دانە ڤاکسینی مۆڵەتداری کۆمپانیاکە بۆ وڵاتانی هەژار بەرهەم بهێنێت. بەڵام هیندستان خۆی 1.3 ملیار دانیشتووی هەیە و پەیمانگە هیندییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە تەنیا 50%ی بەرهەمەکەی هەناردەی دەرەوە دەکات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: جارێ ڤاکسین ئامادە نابێت
هەفتەی رابردوو ناوەندیی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریی نەخۆشی ئەمریکا بەرپرسانی تەندروستیی 50 ویلایەتی ئاگادار کردەوە لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ خۆیان بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر ستافی تەندروستی و ئەو گرووپانەدا ئامادە بکەن کە مەترسییان زیاتر لەسەرە. گومانەکان بۆ ئەوە دەچن حکومەتی ئەمریکا مەبەستی ڤاکسینەکانی فایزەر و مۆدێرنا بێت. فایزەر، کە لەگەڵ کۆمپانیای بیۆنتێکی ئەڵمانی کار لەسەر ڤاکسینێک دەکەن، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەر، ئەنجامی دواقۆناخی تاقیکردنەوەکان دەردەچن.
رێکخراوی تەندوستیی جیهانی هۆشداری داوە کە چاوەڕێ ناکات تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتووش ڤاکسینلێدانی بەرفراوان لەئاردا بێت، چونکە هیچکام لە ڤاکسینەکان کە لە قۆناخی پێشکەوتووی تاقیکردنەوەدان نەگەیشتوونەتە ئاستی 50%ی کاریگەری.
ئێستا 9 هەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسین لە قۆناخی سێیەمدان، کە دواقۆناخی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیە و تێیدا فۆکووس لەسەر کاریگەربوونی ڤاکسینەکەیە.
بۆچوونی جیهان بەرامبەر ڤاکسینی کۆرۆنا
بە گوێرەی راپرسییەکەی ناوەندی ئیسپۆس 74%ی دانیشتووانی جیهان دەیانەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن. لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زیاترین ئامادەییان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە هەیە، چین بە 97% لە پلەی یەکەم دێت. رووسیاش بە 54% لە پلەی کۆتایی دێت.
تەنیا 41%ی بەشدارانی راپرسییەکە پێیانوایە ڤاکسینەکە پێش کۆتایی 2020 بەردەست دەبێت، خەڵکی چین بە 87% گەشبینترین خەڵکی جیهانن بەوەی ڤاکسینەکەیان پێش کۆتایی ئەمساڵ دەستبکەوێت، لە کاتێکدا پۆڵەندییەکان بە 22% رەشبینترین خەڵکن.
ئەو 26%ەی کە نایانەوێت ڤاکسینەکە لە خۆیان بدەن، هۆکاری جیاوازیان باسکردووە:
56% نیگەرانی کاریگەرییە لاوەکییەکانن
29% پێیانوانییە کاریگەریی هەبێت
19% هەست ناکەن مەترسیی کۆرۆنایان لەسەر بێت
17% بە گشتی دژی ڤاکسینلێدانن
16% هۆکاری دیکەیان هەیە
3% کاتیان نییە ڤاکسین لە خۆیان بدەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ