مامۆستایەکی زانکۆ لە ئیتاڵیا: پێویستە کوردستان لە بواری ژیریی دەستکرد سوود لە ئیتاڵیا وەربگرێت

09-02-2025
شکار رێبوار
د. هەوراز ئەمین - هیوا جەمال.
د. هەوراز ئەمین - هیوا جەمال.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە هەولێر یەکەم وۆرکشۆپی نێودەوڵەتیی زانستی و کولتووریی هاوبەشی کوردستان - ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت. سەرپەرشتیاری وۆرکشۆپەکە دەڵێت: پێویستە زیاتر زانکۆکانی نێوان کورستان و ئیتاڵیا هاوبەشی دروستبکەن بەتایبەت لە بوارە زانستی و پزیشکییەکان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 9-2-2025 لە بەرنامەی ''رۆژی هیوا جەمال'' د. هەوراز ئەمین، کە پسپۆڕ و توێژەرێكی کوردی دانیشتووی ئیتاڵیایە دەڵێت، ئامانج لە رێكخستنی وۆرکشۆپەکە دروستکردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بواری زانستی و کولتووریی نێوان زانکۆکانی کوردستان و ئیتاڵیا کە خۆیان لە نزیکەوە لە کوردستان ئامادە دەبن و وۆرکشۆپەکە دەبێتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی کەسانی پسپۆڕ لەبواری ئەکادیمی و کولتووری.
 
د. هەوراز ئەمین دەڵێت: کوردستان پێویستە ئەزموونی زۆر لە ئیتاڵیا وەربگرێت لەبواری ژیریی دەستکرد لەنێو کەرتی تەندروستی و پزیشکی.
 
د. هەوراز باسی بردنی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان دەکات بۆ ئیتاڵیا و گوتی، ئێستا بەشێک لە خوێندکاران بۆ وانە کردەییەکانی بڕوانامەی دکتۆراکەیان سەردانی ئیتاڵیایان کردووە و بە تەواوەتی یارمەتییان دەدرێت لە پڕۆسەکە.
 
وۆرکشۆپی نێودەوڵەتیی زانستی و کولتووریی هاوبەشی کوردستان - ئیتاڵیا بە هاوئاهەنگی و ئامادەبوونی شەش زانکۆی ئیتاڵی، زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆی تیشكی نێودەوڵەتی و چەند زانکۆی دیکەی کوردستان بەڕێوەدەچێت. پرۆفیسۆر و زانایانی ئیتاڵی بانگهێشتی کوردستان کراون و ئامادەدەبن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە