رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار توێژەرانی ئەمریکی رایدەگەیێنن، راهێنانێکی سادە و هەرزانی مێشک، نەک دەرمانە گرانبەهاکان، دەتوانێت 25٪ مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان (دیمێنشیا) کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە ئەنجامەکانی رۆژی دووشەممە 09-02-2026 بڵاوکرایەوە، تاقیکردنەوەیەکی درێژخایەن لەسەر نزیکەی سێ هەزار کەس دەریخستووە کە جۆرێکی دیاریکراوی راهێنانی مێشک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاراستنی تواناکانی مرۆڤ هەیە.
مارلین ئەلبێرت، لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە رایگەیاند: "بۆ یەکەمجار، ئەمە توێژینەوەیەکی ئاستی ستانداردە کە بیرۆکەی ئەوەمان پێدەدات چی بکەین بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان."
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر یاری و ئەپڵیکەیشنی راهێنانی مێشک هەن کە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تێکچوونی توانای مێشک دەکەن، بەڵام تا ئێستا توێژینەوەی کوالێتی بەرز و درێژخایەن بۆ سەلماندنی کاراییان کەم بووە.
تیمی توێژەرانی ئەمریکی هۆشدارییان دا توێژینەوەکەیان کە تەنیا یەک جۆری دیاریکراوی راهێنانی وەک سوودبەخش دۆزیوەتەوە و، بەو مانایە نییە کە هەموو یارییەکانی راهێنانی مێشک کاریگەر بن.
تاقیکردنەوەکەی ئەوان کە ناوی (ACTIVE) بوو، لە کۆتایی نەوەدەکاندا دەستیپێکرد. دوو هەزار و 800 کەس کە تەمەنیان 65 ساڵ یان زیاتر بوو. بەشداربووان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکران. گرووپێکیان راهێنانی مێشکیان بۆ خێرابوون، یەکێکیان بۆ یادەوەری و ئەوەی دیکەش بۆ لۆژیک پێدەکرا.
ئەلبێرت گوتی، لە کاتی بەدواداچوونەکاندا دوای پێنج، دە و دواجاریش 20 ساڵ، راهێنانی "خێرایی" هەمیشە بە شێوەیەکی بەرچاو سوودبەخش بووە.
دوای دوو دەیە، تۆمارە تەندروستییەکان پیشانیاندا ئەو کەسانەی راهێنانی خێرایی و دانیشتنە بەهێزکەرەوەکانیان کردووە، مەترسی تووشبوونیان بە خەڵەفان 25٪ کەمی کردووە.
توێژەران تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێک بینییان دوو جۆرەکەی دیکەی راهێنان (یادەوەری و لۆژیک) هیچ جیاوازییەکی ئاماریی گرنگیان پیشاننەداوە.
راهێنانی خێرایی بریتییە لە کلیککردن لەسەر وێنەی ئۆتۆمبێل و هێماکانی هاتووچۆ کە لە شوێنە جیاوازەکانی شاشەی کۆمپیوتەرەکەدا دەردەکەون.
ئەی بۆچی راهێنانی خێرایی کاریگەرییەکی ئاوای هەبووە؟ ئەلبێرت دەڵێت توێژەران تەنیا دەتوانن مەزەندە بکەن.
ئەلبێرت گوتی: "ئێمە وا دادەنێین کە ئەم راهێنانە کار دەکاتە سەر پەیوەندییەکان لەناو مێشکدا." یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکان ئەوە بوو کە راهێنانەکە لەگەڵ تواناکانی کەسەکەدا دەگونجا، واتە بەپێی پێویست ئاسانتر یان قورستر دەبوو.
ئەلبێرت ئاماژەی بەوەش کرد، دۆزینەوەی میکانیزمی وردی ئەوەی بۆچی راهێنانی خێرایی سەرکەوتوو بووە، دەتوانێت یارمەتی توێژەران بدات لە داهاتوودا راهێنانی نوێتر و کاریگەرتر پەرەپێبدەن.
بەڵام ئەو جەختی کردەوە کە دۆزینەوەکە هەر ئێستا "گرنگییەکی لەڕادەبەدەری" هەیە و ئاماژەی بەوە کرد، کەمکردنەوەی خەڵەفان لەناو دانیشتووانی ئەمریکادا، دەتوانێت 100 ملیار دۆلار لە خەرجییەکانی چاودێری نەخۆش کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی خەڵەفان بوون و حەوتەم هۆکاری سەرەکی مردنە لە جیهاندا.
ئەرکی راهێنانی خێراییەکە ناوی "Double Decision"ـە و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی راهێنانی مێشک (BrainHQ)ـەوە بەردەستە.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستی (Alzheimer's and Dementia: Translational Research & Clinical Research) بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ