رووداو - تەندروستی
ئەنجوومەنی تەندروستیی هۆڵەندا دەریدەخات، ژیانکردن لە نزیک کێڵگەکانی بەخێوکردنی بزن، مەترسیدارە، چونکە دانیشتووانی ئەو ناوچانە تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان دەکات. داواش دەکرێت، رێکاری پێویست بگیرێتە بەر.
کارین سترۆنکس، سەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی هۆڵەندا دەڵێت: ''کێڵگەکانی بزن چەندین مادەی نەخۆشکەر دەردەدەنە بەرگەهەوا وەکو مشەخۆر، بەکتریا و ڤایرۆس کە هەموو ئەمانە بەیەکەوە وا لە مرۆڤ دەکەن نەخۆش بکەوێت یاخود ئەگەری نەخۆشکەوتنی زیاتر بێت''.
لە هۆڵەندا زیاتر لە 600 هەزار بزن بەخێودەکرێن. ئەنجوومەنەکەش دەڵێ، ئەوەی 500 مەتر نزیک بێت لە کێڵگەی بزنەوە، 73٪ ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردنی سییەکان زۆرە.
توێژەرانی ئەنجوومەکەنە 30 جۆری بەکتریایان دۆزیەوەتەوە، کە لە نموونەی پاشەڕۆی بزن و هەوای ناوچەکانی دەوروبەری کێڵگەکاندا هەبوون، ئەمانەش بوونەتە هۆی هەوکردنی تووندی سییەکان لە خاوەنکێڵگە و دانیشتووانی دەوروبەری کێڵگەکان.
جۆس تۆڵبووم، سەرپەرشتیاری کێڵگەیەکی بەخێوکردنی بزن دەڵێت: ''پێمان وایە دەتوانین ئەوە بە باشی چارەسەر بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی ئاژەڵداری دەکەن، ئەمەش بە دانانی مەرجەکانی رێکخستن لە شوێنی بەخێوکردنیان''.
ئەنجوومەنەکە بۆنی پیسی پاشەڕۆی بزنەکان بە سەرچاوەی نەخۆشی دادەنێت. وەزیری کشتوکاڵی وڵاتەکەش رەتیدەکاتەوە، رێوشوێنی تووند بۆ ئەو بابەتە بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ