رووداو - تەندروستی
ئەمە ئەو کەشتییە بوو کە بووە چیرۆکی گیانلەدەستدان و نزیکەمەرگی دەیان کەس. کەشتیی گەشتیاریی (ئێم ڤی هۆندیوس) لە دوورگەی تێنێریفی ئەرجەنتین بە 149 گەشیاری 23 وڵات بەڕێکەوت، بەڵام نەگەیشتە شوێنی کۆتایی و بووە چیرۆکی گیانلەدەستدانی چەندین کەس بەهۆی ڤایرۆسێکی کوشندەوە.
هێواش هێواش خەڵکی تێدا دەمرد و نیشانەی نەخۆشییەکەشیان لەسەر دەردەکەوت. ڤایرۆسێکی کوشندەی بە ناوی هانتا تێدا بڵاو بووەوە و سێ کەسی کوشت، زیاتر لە 10 کەسیشی تووشکرد، ئێستاش نیشانە لە بەرکەوتوواندا دەرکەوتووە.
ئەم ڤایرۆسە لە پاشەڕۆی مشک و جرجدا دەگوازرێتەوە، رێژەی کوشندەیی زیاترە لە 40٪ و دەبێتە هۆی هەوکردنی تووندی سییەکان، خوێنبەربوون و سستبوونی گوچیلەکان.
لە نەخۆشخانەی سەربازیی گۆمێز ئولایە لە ئیسپانیا 14 کەشتیار تێیدا کەرەنتینکراوە. لە نەخۆشخانەی ئارۆ پارک لە ئینگلاند 21 گەشتیار تێیدا کەرەنتین کراون.
ئێستا فەرەنسییەک و دوو ئەمریکیی بەرکەوتوو؛ دەرکەوتووە کە ڤایرۆسی هانتایان هەیە و فەرەنسییەکە نیشانەی تووندی هەیە. ستیڤانی ریست، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا دەڵێت ''لە کۆی پێنج هاووڵاتیی فەرەنسی کە گەڕێندراونەتەوە، یەکێکیان لە کاتی گەشتەکەدا نیشانەکانی تێدا دەرکەوت. بەداخەوە، دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت و پشتڕاستمان کردووەتەوە کە ڤایرۆسی هانتای هەیە''.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەداتە خەڵک و دەڵێت: ''ئەمە کۆرۆنایەکی دیکە نییە، مەترسیشی کەمترە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات''.
لەم ساڵدا زیاتر لە پێنج جار نەخۆشیی ڤایرۆسی لەنێو کەشتیی گەشتیاریدا بڵاو بووەتەوە. هۆکارەکانیش تێکەڵاویی زۆری گەشتیاران و پیسیی شوێنی مانەوەیان بوون.
چۆن ڤایرۆسی هانتا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە میز، پیسایی و لیکی قرتێنەرەکان.
- تێکەڵاوبوونەوەی پاشماوەی قرتێنەرەکان بە خۆراک و ئاوی مرۆڤ.
- تێکەڵاوبوون و بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبووی ڤایرۆسەکە.
- دەستدان لەو شوێنەی پاشماوەی مشک و جرجی تێدایە و دواتریش دەستدان لە دەم و لووت.
نیشانەکانی ڤایرۆسی هانتا چین؟
لە سەرەتادا
- لەرز و تا
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان و بێهێزی
- پشتئێشە و ئازاری قاچەکان
- هێڵنجدان و رشانەوە
- ماندوویێتی
لە قۆناخی تووندی نەخۆشییەکە
- هەناسەتەنگی
- کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان
- دابەزینی پەستانی خوێن
- خێرالێدانی دڵ
- سستبوونی گورچیلەکان
- ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بە گیانلەدەستدان کۆتایی دێت
ئایا ڤایرۆسی هانتا چارەسەری هەیە؟
- تائێستا چارەسەری دیاریکراوی نییە.
- دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە بەکاردێت.
- نەخۆش دەخرێتە چاودێریی چڕ بۆ رزگارکردنی ژیانی.
بەم شێوەیە خۆت لە ڤایرۆسی هانتا بپارێزە
- پاککردنەوەی شوێنی مانەوە و شوێنی دروستکردنی خۆراک.
- دەستنەدان لەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- بەکارهێنانی گسکی کارەبایی بۆ پاککردنەوەی پێچ و کون و قوشبنەکان، بەڵام لەو کاتەدا دەمامک بەکاربێت.
- پاککەرەوەی کیمیایی گونجاو بەکاربێت بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر کە قرتێنەرەکان کەم دەکاتەوە و لەنێویان دەبات بەتایبەت لە ماڵ و شوێنی کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ