رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 د. سازان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا ئامێرەکان پەکیان کەوتبوو و سەنتەرەکە وەستابوو، بەڵام ئێستا چاک کراونەتەوە و ئەگەری دووبارە لەکارکەوتنیان زۆرە.
بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە، د. سازان ئیبراهیم گوتی: "نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە تاوەکو داوا لە وەزارەتی تەندروستی بکەن چوار ئامێری نوێمان بۆ دابین بکەن، چونکە زۆر پێویستمان پێیانە''.
بەڵام د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، ''هیچ نووسراوێکمان نەکردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی، چونکە چاوەڕێی هاتنی ساڵی نوێین و لە 2026دا نووسراوەکە دەکەین بۆ کڕینی چوار ئامێری شووشتنی گورچیلە بۆ دەربەندیخان''.
رووداو لەسەر ئەم پرسە قسەی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی کردووە و گوتویەتی، ''با نووسراو بکەن، بۆیان جێبەجێ دەکەین''. (هیوا جەمال چۆنیەتیی بەدواداچوونەکە روون دەکاتەوە)؛
بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە بە تێکڕا حەوت بۆ هەشت نەخۆش شۆردنی گورچیلەیان لە سەنتەرەکە بۆ دەکرێت، هەرچەندە گرفتی ستاف و کارمەندیان نییە، بەڵام کێشەی کەمیی ئامێر و "ماندووبوونی ئامێرەکان"ـیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ