رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، رەزامەندن بە خۆبەخشیی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان و دەرمانسازی لە هەرێمی کوردستان. سەندیکای دەرمانسازانیش دەڵێ، دەبێت سێ ساڵ خۆبەخشی بکرێت، ئینجا پزیشکەکە مۆڵەتی کردنەوەی نۆرینگە یاخود دەرمانخانەی پێدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 د. ئەحمەد قادر پاڵانی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی تەواوی دەرچووانی پزیشکانی ددان و دەرمانسازییە، تاوەکو ئەزموونی کارەکەی خۆیان بکەن و بە شارەزایی و لێهاتوویی زیاترەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بچنە بازاڕی کار و ببنە خاوەن نۆرینگەی خۆیان.
د. ئەحمەد پاڵانی دەڵێت: دوای ئەو سێ ساڵ خۆبەخشییە، پزیشکانی ددان ئامادە دەبن کە لە خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا بخوێنن و تەنانەت دوای ماوەیەک لە خۆبەخشیش، بڕوانامەی کردنەوەی نۆرینگەشیان پێدەدرێت.
بەگوێرەی گشتاندنێک کە ژمارە (2271)ی لەسەرە و واژۆی د. مەعاف عەبدوڵڵا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی پێوەیە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و کۆیە) کراوە.
لە نووسراوەکدا هاتووە، لەبەر زۆریی پێویستیی دەرچووانی ئەو دوو کۆلێژە و بەمەبەستی زیاتر پەرەپێدان بە خوێندن و توانای کارکردنیان لە پسپۆڕییەکانی خۆیاندا، بڕیاردراوە بە دامەزراندنیان بە شێوەی "خۆبەخش".
سەندیکای دەرمانسازان چی دەڵێ؟
هەر ئەمڕۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە رووداوی گوت، ''بەهۆی ئەوەی دامەزراندن وەستاوە، وەزارەت خۆبەخشی وەکو قەرەبوویەک داناوە و ئەو بڕیارەش لەم ساڵەوە جێبەجێ دەکرێت کە دەرچووانی ساڵی رابردووش دەگرێتەوە''.
بەپێی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان، هەر دەرمانسازێک بیەوێت مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانە وەربگرێت، دەبێت سێ ساڵ لە کەرتی حکومی خۆبەخشی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ