رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لە 31 وڵات کراوە، لە تورکیا زۆرترین کەس دڵەڕاوکێیان هەیە و لە ژاپۆنیش کەمترین. 54٪ـی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە دەڵێن، جاری وا هەبووە بۆ دوو هەفتە تووشی دڵەڕاوکێ و خەمگینی بوون و چەندین جاریش بەهۆی هەمان کێشە، نەچوونەتە سەر کار.
رۆژی شەممە، 12-10-2024، کۆمپانیای ئیپسۆسی فەرەنسی تایبەت بە توێژینەوە، راپۆرتێکی تایبەت بە (تەندروستیی دەروونی) بڵاوکردەوە. کۆمپانیاکە لە 26ـی تەممووز تاوەکو 9ـی ئابی ئەم ساڵ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ 24 هەزار و 668 کەس لە 31 وڵاتی جیهان کردووە و پرسیاری لەبارەی تەندروستی و کێشە دەروونییەکان لێکردوون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 62٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە گوتوویانە، تەندروستیی دەروونی وەک کێشەیەکی تەندروستی لەپێش شێرپەنجە دێت؛ 38٪ گوتوویانە شێرپەنجە کێشەی سەرەکیی تەندرووستییە.
لە راپۆرتەکەدا 40٪ـی ئەو ژن و کچانەی لە نێوان 1990 تاوەکو 2000 لە دایکبوون (پێیان دەگوترێت جێن Z)، گوتوویانە، بەجۆرێک خەمۆکی کاری لێکردوون کە هەندێکجار دوو هەفتەی خایاندووە؛ 76٪ـی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە گوتوویانە، تەندروستیی دەروونی هێندەی تەندروستیی جەستەیی گرنگە؛ 60٪ـی ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە، گوتوویانە، هەموو رۆژێک بیر لە تەندروستیی دەروونییان دەکەنەوە.
ئیپسۆس ئاماژەی بەوەکردووە، 54٪ـی نەوەی جێن Z و 47٪ـی نەوەی میلێنیال (لەدایکبووانی 1980 تاوەکو 1990) رایانگەیاندووە، رۆژ هەبووە بەهۆی دڵەڕاوکێوە نەچوونەتە سەر کار و لە ماڵەوە ماونەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 41٪ـی خەڵکی ئەو 31 وڵاتە دەڵێن، لە وڵاتەکانیان تەندروستیی جەستەیی بە زۆر گرنتر لە تەندروستیی دەروونی دەبینرێت و گرنگی پێدەدرێت؛ 13٪ گوتوویانە تەندروستیی دەروونی بایەخی زیاتری پێدراوە؛ 31٪ـیش راایانگەیاندووە، سیستمی تەندروستیی وڵاتەکانیان گرنگیی یەکسان بە هەردوو تەندروستی دەدات.
لیستی 31 وڵاتەکە
ئەو وڵاتانی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە بریتیین لە ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەلجیکا، بەرازیل، کەنەدا، چیلی، کۆڵۆمبیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هەنگاریا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئایرلاند، ئیتاڵیا، ژاپۆن، مالیزیا، مەکسیک، هۆڵەندا، نیویزیلاند، پیرو، پۆڵەندا، سەنگاپوور، ئەفریقای باشوور، کۆریای باشوور، ئیسپانیا، سوێد، سویسرا، تایلاند، تورکیا و ئەمریکا.
بەگوێرەی راپرسییەکە، 76ـی بەشداربووانی تورکیا رایانگەیاندووە، بەجۆرێک هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن کە کاریگەریی خستووەتە سەر ژیانی رۆژانەیان. تورکیا لە ریزبەندی وڵاتەکاندا یەکەمە.
32٪ـی بەشداربووانی تورکیا پێیان وایە کێشە دەروونییەکان یەکێکن لە گەورەترین کێشە و قەیرانانەی رووبەڕووی وڵاتەکایان بووەتەوە.
35٪ـی بەشداربووان هەست دەکەن حکومەتی تورکیا زیاتر گرنگیی تەندروستیی جەستەیی دەدات، نەوەک تەندروستیی دەروونی؛ 30٪ـیشیان گوتوویانە بەهۆی دڵەڕاوکێوە چەندین جار نەیانتوانیوە بچنە سەر کارەکانیان؛ 37٪ـی بەشداربووەکانیش رایانگەیاندووە، جاری وا هەبووە بۆ ماوەی چەندین هەفتە هەموو رۆژێک هەستییان بە دڵەڕاوکێ، خەمگینی و بێهیوایی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ