رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لە مەیدانی ئاژەڵان ئاژەڵ سەرببڕێت دادگایی دەکرێت، پزیشکێکی ڤێتێرنەریش رایدەگەیێنێت، سەربڕینی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵان سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2023 لەنێو ستۆدیۆکانی سلێمانی و لە بوولتەنی تەندروستیدا دکتۆر تاریق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری رایگەیاند، هەر گۆشتێک دێتە نێو کوشتارگەکانەوە پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیش پشکنینی بۆ دەکرێت تاوەکو بەتەواوی لە تەندروستی ئاژەڵەکە دڵنیاببینەوە.
د. تاریق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت: 70٪ـی ئەو نەخۆشییانەی مرۆڤ تووشی دەبێت لەڕێگەی ئاژەڵ و بەروبوومەکانیانەوەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە پێش بەرکەوتن لەگەڵیان یاخود خواردنی بەروبوومەکانیان، پشکنینیان بۆ بکرێت و دڵنیایی لە پاکوخاوێنی و تەندروستییان هەبێت.
ئەو پزیشکەی ڤێتێرنەری ئاماژە بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەکات و دەڵێت: ''کۆنتڕۆڵکردنی ئەو جۆرە نەخۆشییە لەنێو کوشتارگەکان ئاسانترە، چونکە دەکرێت مەیدانی ئاژەڵان ببێتەشوێنێک بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا''.
بەگوتەی د. تاریق، سەربڕینی ئاژەڵەکان لە مەیدانی ئاژەڵان لەڕوانگەی تەندروستییەوە کارێکی مەترسیدارە، چونکە دەشێت ئاژەڵەکە هەڵگری یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکان بێت و بەبێ پشکنین ببێتەهۆی نەخۆشکەوتن و تەنانەت گیانلەدەستدانی چەندان کەس.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ''هەر کەسێک لە مەیدانی ئاژەڵان، ئاژەڵ سەرببڕێت، سزادەدرێت و دەست بەسەر گۆشتی ئاژەڵەکەیدا دەگیرێت".
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر دەست بەسەر چوار جۆر ئاژەڵی سەربڕدراو و ئامادەکراو بۆ فرۆشتندا گیرا کە پێچەوانەی رێنماییەکانی تەندروستی سەربڕدرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ