رووداو - تەندروستی
بەرپرسی بەشی کوتان لە هەولێر رایدەگەیێنێت، کوتان بە ڤاکسینە رۆتینییەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوون بە لێکەوتە مەترسییەکانی نەخۆشییەکان لەسەر منداڵ کەمببنەوە و لەکاتی تووشبوونیش نیشانەکان بە لاوازی بگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-3-2025 د. بێریوان ولیا، بەرپرسی بەشی کوتان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو هەزار و 570 ڤاکسینی MMR بۆ منداڵان بەکارهاتوون و ناوچەکانی سۆران، بارزان، خەبات و دەشتی هەولێریش دەگرێتەوە.
د. بێریوان ولیا دەڵێت: مانگانە لە بەغداوە ڤاکسین دابینناکرێت، بەڵکو بەپێی پێویستی بۆمان دەنێرن.
ئەگەر دایک و باوکێک ڤاکسینی سوورێژە بۆ منداڵەکەیان نەکەن، چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟
د. گەشبین کاوە لە وەڵامێکیدا بۆ رووداو گوتی، سوورێژە نەخۆشییەکی قورسە و نیشانەکان رەنگە 7 بۆ 10 رۆژ بخایەنێت و دەکرێت منداڵەکە تووشی هەوکردنی تووندی سییەکان، گوێ و پەردەی مێشک بن، هەر بۆیە رەنگە بەهۆیانەوە گیانلەدەستبدەن.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت، زیاتر لەنێو منداڵان بەربڵاوە و پێنج رۆژ بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و پێنج رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان دەشێت بگوازرێتەوە لەڕێگەی کۆکین، پژمین و بەرکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ