پزیشکێکی دادوەری: ساڵانە زیاتر لە 700 پشکنینی پەردەی کچێنی دەکرێت

13-12-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن پەردەی کچێنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پزیشکێکی دادوەری ئاشکرای دەکات ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 پشکنینی پەردەی کچێنی دەکرێت، دەشڵێت هەموو پشکنینەکان پەیوەندی بە مەسەلەی "شەڕەف"ەوە نییە.
 
د.دیلمان ئازاد خۆشناو، پزیشکی پسپۆری دادوەری و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی بە (رووداو)ی راگەیاند: "هۆکارەکانی زۆریی پشکنینی پەردەی کچێنی لە هەرێمی کوردستان زۆرن، بەشێکیان بۆ هاوسەرگیری و پشکنینی پێشوەختە دەکەن، بەشێکی دیکەیان بەهۆی بەربوونەوەیان و بۆ دڵنیابوون لە نەدڕانی پەردەی کچێنی دەیکەن، هەندێکیش پرسی شەرەفە".
 
د.دیلمان ئازاد، شەوی شەممە میوانی بەرنامەی د. ئاراس بوو، نێوەڕۆکی بەرنامەکە تایبەت بوو بە پەردەی کچێنی. قسەکانی ئەو پزیشکە کاردانەوەی لێکەوتەوە د.نگین جەعفەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە دانیمارک لەسەر ئەو پرسە رەخنەی لە قسەکانی د. دیلمان  گرت و گوتی هەڵەی زۆر و شیکردنەوەی نادروستی دوور لەزانستی تازەی ئەم سەردەمە باسکراوە.
 
د. دیلمان ئازاد خۆشناو، لە وەڵامی ئەو پزیشکەدا گوتی: "بۆ بابەتی پەردەی کچێنی ئێمە پشت بە سەرچاوە رۆژهەڵاتییەکان دەبەستین بۆ دابەشکردن و پۆلێنکردنی پەردەی کچێنی کە لەلایەن پرفیسۆرەکان دانراون لەو بوارە، ئەمە لە وڵاتانی رۆژئاوا بایەخی نییە و گرنگی پێنادرێت و دابەشکردنی تەنیا بەپێی شێوە بۆ کردووە، هەروەها لە ولاتانی رۆژئاوا تەنیا پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسییە و وەک کوردستان نییە پشکنین بۆ زۆر حاڵەتی دیکەیە".
 
د.نگین بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێکخراوەکانی دیکەی یوئێن دەڵێت: "پشکنین بۆ  سەلماندنی بازنەی کچێنی و لیژنە گرتن دوورە لە ئیتیک/ واتە ئەخلاقی پزشکییەوە. پشکنین بۆ لەشی ترساو و لەرزۆکی کچێکی داماو، دەستدرێژییە".
 
د.دیلمان لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەمێکە لە هەموو شوێنێک باسی ئەو بابەتە دەکەیت. بەپێی یاسای عێراقی کە من لەو وڵاتە دەژیم نەک دانیمارک، ئەو بابەتە تایبەتە بە پسپۆری پزیشکی دادوەری و تەنیا پزیشکی پسپۆری دادوەری بۆی هەیە بڕیار بدات لەسەر ئەو کێشانە و بە لێژنە، هەروەکو چۆن جەنابت باس لە هەموو بابەتێکی سێکسی دەکەی و دەڵێی پسپۆرم، ئەگەر ئەم پشکنینە نەبێت زۆر کچ بە ناحەق دەکوژرێن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە