رووداو - تەندروستی
کۆمەڵێک ژن و پیاو لە باخچەیەکی نیودەلهی هیندستان کۆبوونەتەوە و یۆگا دەکەن، بەڵام یۆگایەکی جیاواز کە یۆگای پێکەنینە.
یۆگای پێکەنین لە نەوەدەکانەوە لە هیندستان سەریهەڵداوە و بەشداربووان دەیانەوێ لەڕێگەی پێکەنینەوە جەستەیان تەندروستتر و دەروونییان ئاسوودەتر بێت.
سانتۆس ساهی، راهێنەری یۆگای پێکەنین دەڵێت: ''پێکەنین بەستنەوەیەکی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و رۆحی دەبەخشێت، گاڵتە و گەپ و نوکتە لەنێو یۆگاکە نییە؛ بەبێ هۆکار پێدەکەنین''.
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، لە رۆژێکدا 15 بۆ 20 خولەک پێکەنین یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازار، بەهێزکردنی بەرگریی جەستە، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، کەیفخۆشی، دووربوون لە جەڵتە و باشترکردنی یادگە.
د. مایکڵ میلەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵە لە ئەمریکا و دەڵێ، ''کارلێک لەنێوان پێکەنین و مادە کیمیاییەکانی مێشكدا هەیە کە لوولەکانی خوێن فراوان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردن، دابەزینی ئاستی کۆلیسترۆڵ و کەمکردنەوەی مەیینی خوێن''.
پێکەنین چارەسەری هیچ نەخۆشییەک ناکات، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان کەم دەکاتەوە و نیشانەکانیشیان لاواز دەکات. (کەواتە پێبکەنن).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ