کارمەندانی تەندروستی لە بەریتانیا داوای بەرزکردنەوەی مووچەکانیان دەکەن

14-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 2800 کارمەندی تەندروستی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە رێپێوان داواکەیان دەگەیێننە حکومەتی وڵاتەکەیان کە زیادکردنی مووچەکانیانە. دروشمی رێپێوانەکەیان ئەوەیە کە دەڵێن، "کارمەندانی تەندروستی بپارێزن."
 
ئۆنای کەسەب، نوێنەری خۆپێشاندەران رایگەیاند، "ئەوان سەبارەت بە مووچە مان دەگرن، چونکە مووچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت؛ ئەوان ماندەگرن، چونکە کارمەندی پێویست لە نەخۆشخانەکاندا نییە؛ ئەوان مان دەگرن بۆ دادپەروەری."
 
لە رێپێوانەکەدا، پەرستاران، پزیشکان و سەرجەم کارمەندانی کەرتی تەندروستیی بەریتانیا بەشدار بوون.
 
کارمەندانی تەندروستی ساڵانە لە بەریتانیا بەگوێرەی پۆستەکانیان مووچەیان جیاوازە، بەڵام پزیشکێک ساڵانە لانیکەم 80 هەزار پاوەندی بەریتانی وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی 99 هەزار دۆلاری ئەمریکی و پزیشکان داوا دەکەن کە بەلایەنی کەمەوە حکومەت مووچەکانیان 6% زیاد بکات.
 
نوێنەری خۆپێشاندەران ئاماژە بەوە دەکات، "بەردەوام دەبین و درێژە بە مانگرتنەکە دەدەین. ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتە کە بڕیار لە داهاتوودا بدات؛ ئەوە پەیوەستە بە متمانەی حکومەتەوە و ئەرکی حکومەتە کە گفتوگۆی ئەو بابەتەمان لەگەڵدا بکات، ئەگەر حکومەت ئەوە نەکات ئەوا ئێمە درێژە بە مانگرتنەکە دەدەین تاوەکو دەیبەینەوە."
 
مانگرتنەکەی کارمەندانی تەندروستی لە بەریتانیا کاریگەریی لەسەر نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە هەبووە و کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنن، ئەگەر حکومەت بەدەم داواکارییەکانەوە نەیەت، ئەوا دووبارە لە 16 تاوەکو 22ی ئەیلوول، دەگەڕێنەوە سەر شەقام.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە